
[ئه‌حمه‌د ئه‌لڕوبه‌یعی/ ئه‌ی ئێف پی/ گێتی ئیمیجز] عێراقیه‌کان له 11 ئازاردا له باره‌گای سه‌ره‌کی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان له به‌غدا سه‌رقاڵی ژماردنی ده‌نگه‌کانن.
محەمەد ئەلقەیسى له بەغدا 13/3/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارە عێراقیەکان هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەى یەکشەممە (7 ئازار) بە سەرکەوتو و سەرەتای دەستپێکردنى سه‌رده‌مێکی نوێ لە وڵات‌دا لەقەڵەم ده‌ده‌ن.
سەرۆک وەزیرانى عێراق نورى ئه‌لمالیکى لە وتەیەکیدا کە ئاراستەى خەڵکى عێراقى کرد وتى "رۆژى هەڵبژاردنەکان رۆژى شکستهێنانى تیرۆر و ئەو کەسانەیه کە دژی ئیراده‌ی گه‌لن و چاویان هه‌ڵنایه‌ت به بینینی دیموکراسی و ئازادی."
هەر لە درێژەى قسەکانیدا رایگەیاند کە هه‌ڵبژاردنه‌کان "شکستی پلان و ئاسته‌نگه‌کانی تیرۆریزمی" دوپاتکرده‌وه.
مالیکی، له میانه‌ی ئاهەنگێڕان بە بۆنەوى کۆتایهاتنى هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراقه‌وه، داواى لەو قەوارە سیاسیانه کرد کە کورسى بەدەست دەهێنن که به جدی کاربکه‌ن "بۆ هه‌قکردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شخوراوییه‌ی که گه‌لی عێراق توشی هات له‌سه‌ر ده‌ستی دیکتاتۆریه‌ت و چه‌ته تاوانکار و تیرۆریسته‌کان."
جەلال تاڵەبانى سەرەک کۆمارى عێراق لە به‌یاننامه‌یه‌کدا رایگەیاند کە هەڵبژاردن "رۆژێکى مێژویی بوو که گه‌لی عێراق لایه‌نه براوه‌که بوو، ئینجا کورد بێت یا عەرەب یان هەر کەمینه‌یه‌کی تر."
تاڵەبانى وتی که "سەرکەوتنى هەڵبژاردنەکان به‌ڵگه‌ی که‌وتنه‌وه سه‌رپێی عێراق و شکۆداریه‌که‌یه‌تی.هەروەها نیشانەى ئەوەشە کە عێراقیەکان دەتوانن ئەو ئاستەنگانە تێبپەڕێنن کە دێنە پێشیان لەوانەش تیرۆر و هێزە توندڕە و شه‌ڕانگێزه‌کان."
عادل عەبدولمەهدى جێگرى سەرۆک کۆمارى عێراق هەڵبژاردنەکانى بەوە وەسف کرد کە جەنگێکە دژ بە تیرۆر و کۆنەپەرستى.
لە وتەیەکدا عەبدولمەهدى رایگەیاند کە "ئەزمونى دیموکراتى لە عێراقدا لەگەڵ ئەنجامدانى هەر هەڵبژاردنێکدا زیاتر ده‌چه‌سپێت و قوڵده‌بێته‌وه. پارسەنگى هێز ئەمڕۆ لە عێراقدا لە دەست عێراقیەکاندایە کە به سوربونێکی زۆره‌وه بەرەو پێشەوە هەنگاودەنێن تا هێزه تیرۆریست و شەڕانگێزه‌کان ببه‌زێنن."
سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئەیاد ئەلسامەڕائى ستایشى ئه‌وه‌ی کرد که به ئازایه‌تی بێوێنه‌ی عێراقیه‌کان ناوی برد.
سامەڕائى لە وتەکەیدا وتى "هه‌ڕه‌شه‌ی پیاوکوژان و تیرۆریستان عێراقیەکان چاوترسێن ناکات. گه‌لێکه شایه‌نی رێز و ژیانێکی به‌ختیاره. ئێمە شانازى بە گەلى خۆمانەوە دەکەین که قسه‌ی خۆی کرد به بێ ترسان له هه‌ڕه‌شه‌وگوڕه‌شه. بۆیە شایەنى ئەوەن کە چاوەڕێى شتى باش بکەن لە داهاتویەکى نزیکدا."
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە عێراق دوشه‌ممه رایگەیاند کە رێژه‌ی به‌شداریکردن له هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەى عێراقدا لە هەموو ناوچەکانی سەرانسەرى عێراقدا 62.5% بوه . به‌رپرسانی عێراق وایان مه‌زه‌نه‌کرد کە 275,000 عێراقی لە دەرەوەى وڵات دەنگیانداوە لە 5-7 ئازاردا. بە گوێرەى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان، 11.7 ملیۆن هاوڵاتى عێراقى ده‌نگیانداوه.
هاوکات، لیوا ئایدن خالد سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى هەڵبژاردنەکان لە کۆنگره‌یەکى رۆژنامەوانیدا کە لە دواى هەڵبژاردنەکان ئەنجامدرا وتى ئه‌و پلانه ئه‌منیه‌ی له‌لایه‌ن عێراقیەکانەوە بەڕێوەچوو بۆ پاراستنى دەنگدەران و بنکەکانى دەنگدان سه‌رکوتو بووه و "ئەندامانى هەموو کەرت و پێکهاته‌کانی سەر بە ئاژانسەکانى ئاسایش سەلماندیان کە ئەوان پاڵەوانن و دەتوانن پارێزگارى لە وڵات بکەن."
حکومەتى عێراق فەرمانى بڵاکردنه‌وه‌ی نزیکەى یەک ملیۆن ئه‌ندامانی ئاسایشی دابوو لەسەرانسەرى عێراقدا بە مەبەستى رێگرتن لە هەر هێرشێکى تیرۆرستى بۆ سەر بنکەکانى دەنگدان و دەنگدەران.
لیوا خالید وتیشی "دیارە ئەرکى سەرشانى هێزەکانى ئاسایش هێشتا کۆتایى نه‌هاتوه، بەڵکو بەرداوام دەبێت تا دوا شانەى تیرۆرستى لە وڵات‌دا بنه‌بڕده‌که‌ن."
عەمید قاسم عەتا، وتەبێژى فه‌رمانده‌یی ئۆپەراسیۆنى بەغدا، وتى "هەوڵەکانى تیرۆرستان لە رۆژی دەنگداندا بێ هیوا و سەرنەکەوتوبوون. هاوڵاتیان بەردەوام بوون له‌سه‌رئه‌وه‌ی که بە لێشاو روبکەنە بنکەکانى دەنگدان."
عەمید عەتا وتیشی هێزە عێراقیەکان چوار هەوڵى تیرۆرستانیان بۆ هێرشکردنه سه‌ر بنکه‌کانی ده‌نگدان پۆچەڵکردەوە و پێنج گومانلێکراویان دەستگیرکرد کە سه‌رقاڵی دانانی پلانی په‌لاماردان بوون.
عەمید عەتا ئاماژەشى بەوەش کرد کە "ئەو هێرشانەى کە ئەنجامیش دران تەنها لە رێگەى بۆمبى دەنگیه‌وه بوون . هەوڵەکانیان سەرکەوتوونەبوون له ساردکردنه‌وه‌ی ئیراده‌ی ده‌نگده‌ره عێراقیه‌کان. ئەمەش وامان لێدەکات کە بڵێین هەڵبژاردنەکان سه‌رکه‌وتنێکی ته‌واوبون."
لیوا حەسەن کەریم، فه‌رمانده‌ی سوپاى عێراق لە باکور، وتى "پلانە ئەمنیەکه بەتەواوى پلانێکی عێراقی بوو. ئه‌مه یەکەم پلانى له‌و جۆره و به‌و قه‌باره‌یه‌یه کە لەلایەن هێزه عێراقیه‌کانه‌وه جێبه‌جێده‌کرێت."
لیوا حەسەن لە درێژەى قسەکانیدا وتى "هێزە عێراقىه‌کان تواناى خۆیان سەلماند بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ پلانی کتوپڕی و ئەرکى زەحمەتدا."
حکومەتى عێراقى رایگەیاند کە هێزەکانى ئاسایشى عێراق رێگەى هاتوچۆکردنى هاوڵاتیانى دا لە کاتى هەڵبژاردنەکاندا هەرچەندە کە لە پێشتردا فەرمانی قەدەغەکردنى هاتوچۆکردنى لە هەموو شارەکانى عێراقدا دەرکردبوو، که بڕیاربوو بەیانى دوشەممە کۆتایى پێ بێت کاتێ بارودۆخى ئاسایش باشتردەبێت.
لە لێدوانێکدا لەگەڵ مەوتنى، ئه‌ندام په‌رله‌مان سەفیە ئەلسوهەیل رایگەیاند "سوربونی عێراقیەکان له‌سه‌ر رۆیشتن بەرەو بنکەکانى دەنگدان سەرەڕاى ئەو هەموو ته‌قینه‌وانه‌ی که پایتەختى هه‌ژاند پەیامێکى گرنگى ئاراستەى تیرۆرستان کرد کە ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که گه‌لی عێراق سازش لەسەر مافە دیموکراتیەکانی ناکات لە سەختترین بارودۆخەکانیشدا."
وێنه: [ئه‌حمه‌د ئه‌لڕوبه‌یعی/ ئه‌ی ئێف پی/ گێتی ئیمیجز] عێراقیه‌کان له 11 ئازاردا له باره‌گای سه‌ره‌کی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان له به‌غدا سه‌رقاڵی ژماردنی ده‌نگه‌کانن.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران