
[که‌ریم حه‌سه‌ن] فه‌رشی هاورده‌ی ئامێردکرد له‌بازاڕه‌کانی به‌سره‌دا ره‌واجی هه‌یه.
که‌ریم حه‌سه‌ن له به‌سره - 14/3/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، بازاڕه‌کانی به‌سره به‌زۆری فه‌رشی به‌ده‌ستچنراویان تێدا ده‌فرۆشرا که له‌ناو عێراقدا دروستکرابون. به‌ڵام به‌هۆی ره‌وتی ئێستای ئابوریه‌وه، ژماره‌ی ئه‌و فه‌رشانه‌ی به ئامێرچنراون و له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه هێنراون له بازاڕکاندا زیادیکردوه.
ئه‌بو محه‌مه‌د،فه‌رشفرۆشێکه له به‌سره، و‌تی که بازرگانه‌کان له تورکیا و ئێران و سوریا و چینه‌وه زۆرێك له‌و فه‌رشانه هاورده‌ده‌که‌ن که به ئامێرچنراون و مه‌وادی ده‌ستکردی وه‌ك نایلۆن و خوریان تێدا به‌کارهاتوه.
ئه‌بو محه‌مه‌د و‌تی "فه‌رشه ئامێرکرده‌کان له بازاڕه‌کاندا زۆرن و به هه‌رزانی نرخیاندا ده‌ناسرێنه‌وه که له‌گه‌ڵ توانای دارایی ها‌وڵاتیاندا ده‌گونجێت."
بازرگانه‌کان ده‌ڵێن زیادبونی رێژه‌ی هاورده‌ی فه‌رشی ئامێردکرد له عێراقدا به‌هۆی که‌مبونه‌وه‌ی به‌رهه‌می خۆماڵیه‌وه‌یه پاش ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له کارگه‌کانی ناوخۆ به‌رهه‌میان وه‌ستاند و به‌مه‌ش نرخی فه‌رشی عێراقی به‌رز بووه‌وه.
پێشتر پیشه‌سازی فه‌رشی به‌ده‌ستچنراوی عێراقی، به‌تایبه‌تی له پارێزگاکانی باشور، بازاڕیکی باشی هه‌بو.
له به‌سره ژماره‌یه‌ك کارگه هه‌بوو به که‌ره‌سته‌ی ته‌قلیدی دار فه‌رشیان ده‌چنی. زۆرێك له خێزانه‌کانی به‌سره ده‌رامه‌تیان له‌سه‌ر فه‌رش چنین بوو و ماڵه‌کانیان کردبووه وه‌رشه و فه‌رشه‌کانیان به بازرگانه‌کان و ئه‌و گه‌شتیاره بیانیانه ده‌فرۆشته‌وه که سه‌ردانی به‌سره‌یان ده‌کرد.
ئه‌بو که‌ریم، که بازرگانێکی به‌ته‌مه‌نی شاره‌که‌یه، بیری رۆژانی زووی که‌وته‌وه که فه‌رشی به‌ده‌ستچنراوی تێدا زۆر بوو، و‌تی "چنینی ته‌نها فه‌رشێك مانگێکی ده‌خایاند. ئه‌ویش له‌به‌ر وردی ره‌نگه‌کان و گرنگیدانی به‌ڕه‌چنه‌کان به جۆری فه‌رشه‌کانیان".
بازرگانانی به‌سره فه‌رشی هه‌ندێك شاری تریشیان ده‌فرۆشت که له‌و پیشه‌سازیه‌دا به‌ناوبانگ بوون، به تایبه‌تی شاره‌کانی باکور وه‌ك ئامێدی و دهۆك و موسڵ، یاخود شاره‌کانی فوڕاتی ناوه‌ڕاست.
فه‌رشی به‌ده‌ستچنراو یه‌کێك بوو له پۆیلانه گرنگه‌کانی بوك که له‌لایه‌ن زاواوه وه‌ك دیاریه‌کی پێش گواستنه‌وه پێشکه‌شی ده‌کرد.
ئه‌بو که‌ریم و‌تی "فه‌رشی به‌ده‌ستچنراو گرانه، له‌وانه‌یه ئێستا نرخی فه‌رشێکی له‌و جۆره بگاته نزیکه‌ی 10 ملیۆن دینار، به‌راورد به 500,000 دینار بۆ فه‌رشێکی قه‌باره مامناوه‌ندی هاورده."
ئه‌بو که‌ریم وتیشی "ئه‌و فه‌رشه به‌ده‌ستچنراوانه‌ی ئێستا هه‌ن له خوریه‌کی خراپ دروست ده‌کرێن. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ره‌نگی ده‌ستکردی تێدا به‌کارده‌هێنرێت که له جۆرێتیه‌که‌ی داده‌به‌زێنێت. له رابردودا، فه‌رشی به‌ده‌ستچنراویان له باشترین جۆری خوری دروستده‌کرد و ره‌نگی روه‌کیان تێدا به‌کارده‌هێنا که بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر دوورودرێژ وه‌ک خۆی ده‌مایه‌وه".
ویسام عه‌لی، دانیشتویه‌کی به‌سره، له بازاڕدا به دوای فه‌رشێکی به‌ده‌ستچنراودا ده‌گه‌ڕا بۆ رازاندنه‌وه‌ی ژووری میوانه‌که‌ی له ماڵه‌که‌یدا. ویسام و‌تی ئه‌و فه‌رشی عێراقی لا په‌سه‌ندتره به‌ڵام "نرخی فه‌رشه هاورده‌کان بۆ زۆرینه‌ی هاوڵاتیان گونجاوه، هه‌رچه‌نده جۆرێتیه‌که‌یان باش نیه."
مسته‌فا حه‌مید، که خاوه‌نی دوکانێکی فه‌رش فرۆشتنه له به‌سره، و‌تی خواستێکی زۆر هه‌یه له‌سه‌ر راخه‌ری ناوماڵ به‌گشتی و فه‌رش به تایبه‌تی، که به بۆچونی ئه‌و په‌یوه‌ندی به‌زیادبونی موچه‌وه هه‌یه.
مسته‌فا و‌تی "له‌به‌رئه‌وه، بازرگانانی به‌سره مه‌به‌ستیانه هه‌موو جۆره جیاوازه‌کانی زه‌وقی خه‌ڵکی به‌سره تێربکه‌ن". هه‌روه‌ها و‌تی "ئه‌مه‌ش له‌رێی بینینی سه‌رجه‌م نمونه‌ی فه‌رشه‌کانی وڵاتانی به‌رهه‌مێنه‌وه ده‌سته‌به‌رده‌کرێت، ئیتر له‌رێی ئینته‌رنێته‌وه بێت یان له‌رێگه‌ی ناردنی که‌سێکی خاوه‌ن ئه‌زمونه‌وه بۆ کڕینی فه‌رشه‌کان."
هاوکات، زه‌هره حه‌مزه، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره، و‌تی که ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌یه‌وێت هانی پیشه‌سازیه خۆماڵیه‌کان بدات له‌وانه پیشه‌سازی فه‌رشی به‌ده‌ستچنراو، ئه‌ویش له رێی قه‌ده‌غه‌کردنی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی خوری و پێسته به‌شێوه‌یه‌کی قاچاخ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
زه‌هره و‌تی "ئێمه جه‌خت ده‌که‌ینه‌وه له‌سه‌ر پێویستیمان بۆ دروستکردنی وه‌رشه بۆ پیشه‌سازیه‌کانی فه‌رشی به‌ده‌ستچنراو، له‌وانه فه‌رشی به‌ده‌ستچنراو، ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی بێکاریدا". هه‌روه‌ها و‌تی "جێده‌ستی شاره‌که‌ش له‌م بواره‌دا دیارده‌بێت."
هاوکات، بازاڕی عێراقی به‌رده‌وامه له دابینکردنی فه‌رشی هاورده به نرخێکی گونجاو.
وێنه: [که‌ریم حه‌سه‌ن] فه‌رشی هاورده‌ی ئامێردکرد له‌بازاڕه‌کانی به‌سره‌دا ره‌واجی هه‌یه.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران