
[فه‌یسه‌ڵ دارم/ شورفە] پاسه‌وانی پێشوی ئوسامه بن لادن، ناسر ئه‌لبه‌حری (لای راست)، گفتوگۆ وه‌ك به‌دیلێك بۆ توندوتیژی دەبینێت.
چاوپێکه‌وتن له‌لایه‌ن فه‌یسه‌ل دارم له سه‌نعا ئه‌نجامدراوه - 30/4/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
ناسر ئه‌لبه‌حری چه‌ند ساڵێك پاسه‌وانی شه‌خسی بن لادن بووه و شانبه‌شانی ئەم سه‌رکرده‌یەی قاعیده له ئه‌فغانستان جه‌نگاوه و یارمه‌تیداوه له هێنانه ریز و راهێنانی گه‌نجان له سعودیه و یه‌مه‌نه‌وه.
پاش نا‌کۆکی له‌گه‌ڵ بن لادندا ساڵی 2000، ناسر قاعیده‌ی به‌جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه بۆ یه‌مه‌ن. له‌وێ بۆ ماوه‌ی 18 مانگ ده‌ستبه‌سه‌ر بوو پاشان وه‌ك جیهادیه‌کی بیرگۆڕاو ئازادکرا.
ناسر ئێستاش به‌دوای گه‌نجاندا ده‌گه‌ڕێت به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان بۆ مه‌به‌ستێکی جیاواز، ئه‌ویش ساردکردنه‌وه‌یانه له هه‌ڵبژاردنی رێبازی توندوتیژی.
له چاوپێکه‌تنه‌کانیدا له‌گه‌ڵ ده‌زگاکانی راگه‌یاندندا، ناسر داندەنێت به "جیاوازی ئایدیۆلۆژی له‌گه‌ڵ رۆژئاوادا" و له‌باره‌ی ئه‌و "ناعه‌داله‌تی" یه‌وه ده‌دوێت که ده‌رهه‌ق به موسڵمانان ئه‌نجامده‌درێت.بەڵام ئه‌و پیاوه‌ی له بۆسنه جیهادی ده‌ستپێکرد و بۆ ماوەیەکی کەم له سۆماڵ و تاجیکستان بوو پێش ئه‌وه‌ی بچێته لای بن لادن له ئه‌فغانستان، ده‌ڵێت گفتوگۆ نەک توندوتیژی وەڵامە.
فه‌یسه‌ڵ دارم، په‌یامنێری شورفە له سه‌نعا، دانیشتنێکی له‌گه‌ڵ ناسر ئه‌لبه‌حریدا سازکرد به مه‌به‌ستی پرسیارکردن ده‌رباره‌ی ئه‌و گۆڕانه‌ی به‌سه‌ریدا هاتوه، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به کتێبێك ده‌رباره‌ی بن لادن له لایه‌ن ئه‌و پیاوه‌ی که پێشتر به "ئه‌بو جه‌نده‌ل" ناسرابوو کە به هاوکاری نوسه‌رێکی فه‌ڕه‌نسی نوسراوه.
شورفە: ئەمڕۆ ناسر ئه‌لبه‌حری چ جۆره که‌سایه‌تیه‌که و چی جیایده‌کاته‌وه له‌و کوڕه گه‌نجه‌ی له‌ساڵی 1996 دا چوه پاڵ بن لادن؟
ئه‌لبه‌حری: جیاوازیه‌کی زۆر هه‌یه له نێوان ناسر ئه‌لبه‌حری ئه‌مڕۆ و ئه‌بو جه‌نده‌لی جیهادیدا. ئه‌و کاته من گه‌نجێکی پێنەگەشتو بووم و زانیاریه‌کانم ده‌رباره‌ی روداوه‌کانی ده‌وروبه‌رم هه‌ڵه بوو. به‌دوای هۆیه‌کدا ده‌گه‌ڕام خولیاکانمی پێ جێبەجێ بکەم، ئه‌ویش له چوونه پاڵ شێخ ئوسامه بن لادندا به‌رجه‌سته بوو.
ئیتر تێکه‌ڵ به کاری جیهادی بووم. پاشتریش به خواستی خۆم وازم له قاعیده هێنا. کە گه‌ڕامه‌وه [بۆ یه‌مه‌ن] بۆ ماوه‌ی ساڵ و نیوێك به‌ندکرام. ئێستا ده‌توانم روبه‌ڕوی کۆمه‌ڵگه ببمه‌وه و تێکەڵی کۆمەڵگا ببمەوە هه‌رچه‌نده هه‌موان ده‌زانن ناسر ئه‌لبه‌حری کێیه. ئێستا ژیانێکی ئاسایی به‌سه‌رده‌به‌م و سه‌رقاڵی راهێنان و په‌روه‌رده‌کردن و چاکسازی گه‌نجانم.
شورفه: بۆچی وازت له قاعیده هێنا؟
ناسر ئه‌لبه‌حری: بیرۆکه‌ی وازهێنان له قاعیدە له کاردانه‌وه‌ی روداوێکدا ها‌ته‌کایه‌وه که له نێوان من و شێخ ئوسامه‌دا رویدا، ئیتر ئه‌مه بوو به هۆیه‌ك بۆ بڕیاری وازهێنانم. لێتناشارمه‌وه که بڕیار و هه‌ڵوێسته‌کانمان له‌ناو قاعیدە‌دا سروشتێکی کاردانه‌وه‌ی هه‌بوو. وازمهێنا له‌به‌رئه‌وه‌ی چیتر سه‌بر و ته‌حه‌مولم نه‌ما. ئێستا ژیانم زۆر زیاتر له‌و کاتانه‌ی که ده‌جه‌نگام و له‌سه‌نگه‌ردا بووم به‌تامتر به‌سه‌رده‌به‌م. من له‌و باوه‌ڕه‌دام چه‌ندین شێوازی جیهاد و بانگخوازی خه‌ڵك بۆ ئیسلام هه‌ن، ئه‌نجامدانی گۆڕانکاری له کۆمه‌ڵگادا و یارمه‌تیدانی گه‌نجان بۆ په‌ره‌پێدان به تواناکانیان به باشترین شێوه‌ی جیهاد ده‌زانم.
شورفە: چۆن بیرۆکه‌ی نوسینی کتێبێك ده‌رباره‌ی بن لادن هات به‌خه‌یاڵتا؟
ناسر ئه‌لبه‌حری: رۆژنامه‌نوسێکی فەڕه‌نسی - که بەئەزمونە له بواری نوسینه‌وه‌ی یاداشتدا - پێشنیارەکەی کرد. کتێبێکیشی ده‌رباره‌ی سه‌دام حسێن بڵاوکردۆتەوە. له سه‌ره‌تادا به هۆی سه‌رقاڵیمه‌وه نه‌متوانی به‌ده‌م داواکه‌یه‌وه بچم. من خاوه‌ن خێزان و منداڵم و ده‌بێت بەخێویان بکەم. بیرۆکه‌ی نوسینی ئه‌م کتێبه سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هاته کایه‌وه و رێکه‌وتین له‌سه‌ر دانیشتن به‌یه‌که‌وه و به‌وردی کارکردن له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه بۆ ماوه‌ی 12 رۆژ و رۆژانه 6 کاتژمێر کارکردن.
شورفە: له‌کتێبه‌که‌تدا داوات له‌گه‌نجان کردووه دوای قاعیدە نه‌که‌ون. ئه‌و رێگایانە چین بۆ رازیکردنی گه‌نجان ده‌یانگریته‌به‌ر؟
ناسر ئه‌لبه‌حری: قاعیدە خۆی یه‌کێکه له دەرکەوتەکانی توندوتیژی، منیش له هه‌ندێك حاڵه‌تدا دژی به‌کارهێنانی توندوتیژیم و لە هەندێک حاڵەتی تردا لەگەڵیدام. هەر سەردەمێک و بارودۆخ و تایبەتمەندی خۆی هەیە. من له‌و باوه‌ڕه‌دام گفتوگۆ گرنگترین رێگایە بۆ رازیکردنێکی رۆشنبیرانه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که ده‌بێت ئه‌مڕۆ زه‌مینه‌یه‌کی له‌بار بۆ گه‌نجی موسڵمان بڕه‌خسێنین. له ئه‌زمونی خۆمەوه له‌گه‌ڵیاندا له ئه‌فغانستان، تێبینی ئه‌وه‌م کردبوو سه‌ختی بارودۆخی ژیان وای له‌و گه‌نجانه کردبوو جیهاد بکه‌ن به رێبازێك بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی هه‌ندێك له مافه‌کانیان.
شورفە: ئه‌ی چی ده‌ڵێیت به‌وانه‌ی که ئه‌مڕۆ پشتگیری قاعیدە ده‌که‌ن؟
ناسر ئه‌لبه‌حری: من ده‌ڵێم ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له یه‌مه‌ن روده‌دات - کە مەبەست لێی تێکدانی ره‌وشی ئاسایشی گشتیە وه‌ك به‌شێك له به‌رنامه‌ی کوشتنی خه‌ڵکانی بێ‌تاوان - قبوڵناکرێت.
کێشه‌ی قاعیدە له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌فغانستان ئه‌وه‌یه که ستراتیژێکی رونی نیه و به‌شێك نیه له سیستمێکی هه‌ره‌می سه‌رانسه‌ری و وه‌ك قه‌واره‌یه‌کی یاسایی و ئاینی شه‌رعیه‌تی نیه، بۆ نمونه کارکردن لەژێر سه‌رکردایه‌تی زانایانی ئاینی دا. راستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که ئه‌م رێکخراوانه دوو تا سێ خوێندکاری ئاینییان هه‌یه فه‌توایان بۆ ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه. له‌به‌رئه‌وه داوام له گه‌نجان ئه‌وه‌یه په‌له نه‌که‌ن له هه‌ڵگرتنی چه‌ك و ژیانیان بپارێزن له‌به‌رئه‌وه‌ی خوای گه‌وره کوشتنی حه‌رامکردوه مه‌گه‌ر به‌هانه‌ی گونجاوی له‌باری خۆی هه‌بێت. ئه‌و کوشتنانه‌ی به‌هۆی کاردانه‌وه‌ی سۆزداری یاخود توڕه‌بونه‌وه روده‌ده‌ن، جیهاد نیه.
شورفە: یه‌که‌م کار بۆ بن لادنت ئه‌نجامدا چی بوو؟
ناسر ئه‌لبه‌حری: کاری زۆرم ئه‌نجامداوه، شتێکی دیاریکراوم له‌بیرنیه. کارێکی تایبه‌ت هه‌بوو ئه‌ویش گفتوگۆ کردن بوو له‌گه‌ڵ گه‌نجان بۆ قه‌ناعه‌ت پێکردنیان به هاتن بۆ جیهاد، به‌تایبه‌تی ئه‌و گه‌نجانه‌ی له سعودیه و یه‌مه‌نه‌وه هاتبون. ئه‌رکی من له‌وه‌دا گفتوگۆی ئایدیۆلۆژی و قه‌ناعه‌تپێکردن بوو، به‌تایبه‌تی کاتێك جیاوازی بیروڕا له نێوان گروپه‌کانی سه‌ر به قاعیدە‌دا سه‌ریهه‌ڵده‌دا. ئه‌و کاته هه‌وڵی یه‌کخستنه‌وه‌ی ریزه‌کانم ده‌دا، سه‌ره‌ڕای پاسه‌وانێتی شه‌خسی بن لادن. له شەڕەکانیشدا به‌شداریمکردوه و چه‌ند جارێکیش برینداربووم.
شورفە: به گوێره‌ی ئه‌زمونی تۆ، سروشتی په‌یوه‌ندی نێوان سه‌رکردایه‌تی قاعیدە و رێکخراوه‌کانی تری وه‌ك قاعیدە له نیوه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بی، یان له عێراق یاخود له مه‌غریب و جیاوازی له نێوانیاندا چیه؟
ناسر ئه‌لبه‌حری: هه‌رگیز نه‌مانبیستوه له ئوسامه بن لادنه‌وه یان به‌یاننامه‌یه‌کمان لەوە پێنەگشتوە جه‌خت بکاته‌وه له‌سه‌ر هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له نێوان رێکخراوه‌کانی قاعیدە له ئه‌فغانستان له‌گه‌ڵ قاعیدە له دورگه‌ی عه‌ره‌بی. به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت ئه‌م رێکخراوانه خۆیان به قاعیدە‌ی دایکه‌وه ده‌لکێنن له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆدانه پاڵ لایه‌نێك هۆیه‌که بۆ مانه‌وه و قاعیدە‌ش یه‌کێکه له رێکخراوه هه‌ره به‌ناوبانگه‌کانی جیهانی ئیسلامی. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه هه‌مویان خۆیان به لایه‌نگری قاعیدە داده‌نێن هه‌رچه‌نده گروپی ئیسلامی جیاوازی تریش هه‌یه، له‌وانه جیهادی ئیسلامی میسری.
شورفە: ئایا له لایه‌ن هاوه‌ڵانی خۆته‌وه له یه‌مه‌ن هه‌ڕه‌شه‌ت لێکراوه؟
ناسر ئه‌لبه‌حری: زۆر جار به‌وه تۆمه‌تبارکراوم که سیخوڕی ده‌که‌م به‌سه‌ریانه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی مردنیشم لێکراوه. به ته‌له‌فۆنیش هه‌ڕه‌شه‌م لێکراوه. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌وانه به هه‌ڵگه‌ڕاوه له ئاین له قه‌ڵه‌میان داوم. وه‌ڵامی منیش بۆ ئه‌وان ئه‌وه بوو، ئه‌گه‌ر سیخوڕ بوومایه، ئه‌وا تێکه‌ڵاویم ده‌کردن و لێیان جیانه‌ده‌بومه‌وه. خۆم به‌دوور ده‌گرم له‌نوێژکردن له مزگه‌وته‌کانیان بۆئه‌وه‌ی به سیخوڕ ناوزه‌دم نه‌که‌ن.
شورفە: ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ بارودۆخێكت بۆ بڕه‌خسێت بن لادن ببینیت، چی پێ ده‌ڵێیت؟
ناسر ئه‌لبه‌حری: له‌راستیدا ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌له‌م بۆ بڕه‌خسایە، ئه‌وا سه‌ر و ناوچه‌وان و رومه‌ته‌کانیم ماچده‌کرد. داوای ئه‌وه‌شم لێده‌کرد دۆعای خێرم بۆ بکات له‌به‌رئه‌وه‌ی من جیهاد له جۆرێکی تر ئه‌نجامده‌ده‌م. من به شێوازی خۆم ده‌جه‌نگم له پێناوی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری گه‌نجان و بره‌ودان به تواناکانیان بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێکی ئاسایی به‌سه‌ربه‌رن.
له ئه‌زمونی پێکه‌وه ژیانمه‌وه له‌گه‌ڵ گه‌نجانی موجاهیدا، قه‌ناعه‌تی ته‌واوم له‌لا دروست بووه که چونه جیهاد هه‌وڵێکه بۆ راکردن له واقیعی ئه‌و ژیانه تاڵه‌ی تێیدا ده‌ژین. ئه‌وان له‌به‌ر نزمی ئاستی خوێنده‌واری و بێ‌کاری نه‌یانتوانیوه ژیانێکی ئاسایی به‌سه‌ربه‌رن.هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م مه‌به‌سته‌شه کاته‌کانی خۆم له پێناوی گه‌نجاندا له رێگه‌ی به‌رنامه‌کانی گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆییه‌وه به‌سه‌رده‌به‌م و تواناکانیان په‌ره‌پێده‌ده‌م بۆئه‌وه‌ی ئه‌وانیش له‌ژیانیان سودمه‌ند ببن.
دا بڵاوکراوه‌ته‌وه alshorfa.com ئه‌م بابه‌ته پێشتر له.
وێنه: [فه‌یسه‌ڵ دارم/ شورفە] پاسه‌وانی پێشوی ئوسامه بن لادن، ناسر ئه‌لبه‌حری (لای راست)، گفتوگۆ وه‌ك به‌دیلێك بۆ توندوتیژی دەبینێت.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران