
[قاسم زەین/ ئەی ئێف پی/ گێتی ئیمیجز] هێڵی ئاسمانی عێراقی لەژێر ناوێکی نوێدا دەگەڕێتەوە.
خالید ئەلتائی لە بەغدا - 29/5/10
بۆ سایتی مهوتنی
پاش ئەو بڕیارەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچو بە هەڵوەشاندنەوەی هێڵی ئاسمانی عێراقی کە موڵکی حکومەتە، بڕیاری پاکتاوکردنی کەلوپەلەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی لە چوارشەممە (26 ئایار) ەوە دەکەوێتەگەڕ.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیاکەی دا پاش ئەوەی کوێت داوای یاسایی تۆمارکرد، کە داوای یەك ملیار دۆلار لە هێڵی ئاسمانی عێراقی دەکات وەك قەرەبو بۆ ئەو زیانانەی لە هێڵی ئاسمانی کوێتی کەوت لە کاتی داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە لە 1990 دا.
وەزیری گواستنەوە عامر عەبدولجەبار وتی "ئەم بڕیارە بۆ کۆتاییهێنانە بە کێشەکانی کەرتی فڕۆکەوانی عێراق کە بەهۆی داوا یاساییەکانی کوێتەوە تووشی بووە. ئەمەش وای لە عێراق کردبوو نەتوانێت فڕۆکەی نوێ بکڕێت و فڕۆکەکانیشی نەتوانن سوتەمەنی و خۆراك لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتیەکان وەربگرن، تەنانەت هەندێك لە گەشتەکانیش راگیرابوو."
عامر عەبدولجەبار وتیشی "بۆ خۆلادان لە ئاڵۆسکانی مەسەلەکە لەگەڵ کوێتدا، چارمان نەبوو جگە لەوەی ئیفلاسکردنی هێڵی ئاسمانی عێراقی رابگەیەنین و هێڵێکی ئاسمانی تر دابمەزرێنین."
بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی قەرەبوکردنەوەکە بە شێوەیەکی دۆستانە، عێراق زنجیرە گفتوگۆیەکی لەگەڵ کوێتدا سازکرد، بەڵام نەیتوانی بگاتە سازشێک.
هێڵی ئاسمانی عێراقی لە 1945 دامەزراوە و فڕۆکەی بەریتانی و روسی تێدا بەکارهێنراوە. پاش جەنگی کەنداوی 1991، گەشتە ئاسمانیەکانی راگیرا بە هۆی گەمارۆی نێودەوڵەتیەوە کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەپێنرابوو.
پاش 2003، کۆمپانیاکە بڕیاریدا گەشتە ئاسمانیە نێودەوڵەتیەکان دەستپێبکاتەوە. یەکەم گەشتی هێڵی ئاسمانی عێراق بۆ عەمانی پایتەختی ئوردن بوو و لە تشرینی یەکەمی 2004 دا ئەنجامدرا. پاشتریش گەشتەکانی بۆ تاران و قاهیرە و کوێت و بەیروت و دیمەشق و دوبەی و ئەستەنبوڵ دەستپێکردەوە.
لە هەوڵێکدا بۆ نوێکردنەوەی فڕۆکەکانی، هێڵی ئاسمانی عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای بۆینگدا ئیمزاکرد بۆ کڕینی 55 فڕۆکەی نوێ کە بەرەبەرە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتودا تەسلیمیدەکرێت.
چەند هەفتەیەك لەمەوبەر، هێڵی ئاسمانی عێراقی رایگەیاند کە دەستدەکاتەوە بە گەشتە ئاسمانیەکانی بۆ لەندەن پاش 20 ساڵ راوەستان. بەڵام لەگەڵ دابەزینی یەکەم گەشتی ئاسمانیدا، دەسەڵاتی دادوەری بەریتانی دەستیگرت بەسەر فڕۆکەکەدا لەسەر داوای یاسایی کوێت. پاشتر بڕیاری دەستبەسەرداگرتنەکە هەڵوەشێنرایەوە لەبەرئەوەی فڕۆکەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی سویدیەوە بەکرێدرابوو بە هێڵی ئاسمانی عێراق.
بە گوێرەی راوێژکاری یاسایی تاریق حەرب، بڕیاری پاکتاوکردن و هەڵوەشاندنەوەی هێڵی ئاسمانی عێراقی و پاشتریش فرۆشتنی "رێگە خۆشدەکات بۆ دروستبونی کۆمپانیایەکی نوێ لەژێر ناوێکی تردا، کە خاوەن پشکەکانی بریتی بن لە کەرتی گشتی و تایبەت و وەبەرهێنەرانی بیانی. بەم شێوەیە دۆسیەی قەرەبوکردنەوەکە دادەخرێت و [هێڵە ئاسمانیە نوێکە] لە لایەن هیچ قەوارەیەکەوە توشی حیجز یان دەستبەسەرداگرتن نابێت."
هەرچەندە بڕیاری پاکتاوکردنەکە سەرجەم یەکە ئیداریەکانی هێڵی ئاسمانی عێراق دەگرێتەوە، کۆمپانیاکە کارمەندەکانی ئێستای دەهێڵێتەوە.
یۆنادم کەنا، ئەندامی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و ئابوری لە پەرلەمانی عێراق، وتی "هێشتنەوەی کارمەندانی هێڵی ئاسمانی عێراقی هەنگاوێکی گرنگە. دەرکردنیان رێژەی بێکاری لە وڵاتدا زیاددەکات."
یونادم کەنا پشتگیری خۆی بۆ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێڵی ئاسمانی راگەیاند و جەختیکردەوە لەوەی "لە 2003 وە هێڵی ئاسمانی عێراق توشی زیانی گەورە بووە. بە گوێرەی یاسای کۆمپانیاکانی عێراق، هەر کۆمپانیایەك رێژەی زیانەکانی بگاتە 50%، ئەوا دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە و کەلوپەلەکانی پاکتاوبکرێت".
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران