
[عەلی ئەلسەعدی/ئەی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەگەریدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا هەواڵی دەستگیرکردنی سەرکردەکانی ئەلقاعیدەی راگەیاند.
محەمەد ئەلقەیسی لە بەغدا - 1/6/10
بۆ سایتی مهوتنی
بەرپرسانی عێراقی دووشەممە (31 ئایار) رایانگەیاند کە هێزە تایبەتەکانی سوپای عێراقی دوو سەرکردەی باڵای گومانلێکراوی ئەلقاعیدەیان لەسەرەتای ئەم مانگەدا دەستگیرکرد، بەمەش ژمارەی ئەو سەرکردە تیرۆرستانەی ئەلقاعیدە کە لەماوەی سێ مانگی رابردوودا دەستگیرکراون یان کوژراون گەیشتە 40 کەس.
لیوا قاسم عەتا، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، وتی "یەکەم دەستگیرکراو وەك ئەمیری ئەلقاعیدە لە پارێزگای بەغدا ناسراوە. ئەم تیرۆرستە لەسەرەتای ئەم مانگەدا دەستگیرکرا".
قاسم عهتا گومانلێکراوی یەکەم کە ناوی عەباس نەجم محەمەد ئەلجەوریە، بەوە تۆمەتبارکرد کە سەرپەرشتی ئەو هێرشانەی دەکرد کە باڵوێزخانە و ئوتێلەکانی کردبوو بە ئامانج، ئەمە وهەندێك ئۆپەراسیۆنی تر لە پایتەخت.
گومانلێکراوی دووەم ناوی محەمەد نوری یاسین ئەلعەبادیە و بە ئەبو سەعد عەممار هەروەها بە ئەبو رەعد ناسراوە. ئەم گومانلێکراوە رۆژی 1 ئایار لەنزیك سینەمای ئەلبەیزا لە گەڕەکی بەغداد ئەلجەدیدە دەستگیرکرا.
بەگوێرەی قاسم، محەمەد نوری بەرپرسە لە کاری کوشتن و چاندنی بۆمب و دانانی بۆمبی لەزگە. ئەم گومانلێکراوە ئەرکەکانی ههواڵگری و سەرپەرشتی کردنی هێرشە خۆکوژیەکانی پێ سپێردراوە. دەستیشی هەبووە لە بڕینی دوکانەکانی بازاڕی زەڕەنگەرەکانی ئەلئیسکان ساڵی 2009.
محەمەد تۆمەتباریشە بە یارمەتیدانی تیرۆرست عەبدوڵا عەزام ئەلقەحتانی کە بە سینان ئەلسعودیش ناسراوە.
قاسم هەروەها وتی کە دان پێدانانەکانی هەردوو گومانلێکراو لە کاتێکی دواتردا پهخشدهکرێن.
لەکاتێکدا قاسم لیستێکی وێنەداری سەرکردەکانی ئەلقاعیدەی پیشان دەدا، ئەوەشی وت کە لەماوەی سێ مانگی رابردوودا، زیاتر لە 40 ئەندامی سەر بە ئەلقاعیدە یان کوژراون یاخود دەستگیرکراون.
ئەمانەش دووان لەو سەرکردە باڵاکانی پێشووشیان دەگرێتەوە؛ ئەبو عومەری ئەلبەغدادی و ئەبو ئەیوب ئەلمیسری.
شەش لەو سەرکردانەی ئەلقاعیدە کە بە پلەی دووەم دێن دەستگیرکران یان کوژران، لەوانە مەناف ئەلراوی (ناسرابوو بە والی بەغداد) محەمەد رەشید ئەلعیساوی، محەمەد تالب جاسم (بە ئەمیر ئەلکەرمە ناسرابوو)، عیماد حەسەن جاسم (بە ئەمیری ئەلمەدائی ناسرابوو)، هەروەها عەممار دەحام.
ئەم پرۆسەی دەستگیرکردنانە بەشێکن لە ئۆپەراسیۆنی "پەلاماری شێر" کە لەلایەن هێزی هاوبەشی سوپا و پۆلیسی فیدراڵەوە ئەنجامدرا.
محەمەد ئەلعەسکەری، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق، وتی ئەم پرۆسەی دەستگیرکردنانەی سەرکردەکانی ئەلقاعیدە بە خۆشی و شانازیەوە پێشوازی لێکرا.
محەمەد لەمبارەیەوە وتی "هێزەکانمان توانیان لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی ئەلقاعیدە دەستگیر بکەن، کە بە پلەکانی دووەم و سێهەم دێن لە سەرکردایەتیدا. ئەمانە دەیانویست بگەنە پلە باڵاکانی ئەو رێکخراوە تیرۆرستە". هەروەها وتی "ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان دژی ئەلقاعیدە هێشتا بەردەوامن بەمەبەستی رێگرتن لەهەموو هەلێك بۆ خۆرێکخستنەوەیان".
پەرلەمانتار سهفیە ئەلسوهەیل ئەلعوبەیدی وتی "تیرۆرستان دەیانەوێت هەلی سەرقاڵبوونی عێراق بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی نیشتیمانی بەهێز لەسەر بنەمای هەلبژاردنی ئەم دواییە، بقۆزنەوە. بەڵام ئەو کاردانەوە توندوتیژەی هێزەکانی عێراق توشی سەرسوڕمانی کردن".
سهفیە وتیشی "ئەو دۆڕانەی بەسەر گروپە تیرۆرستەکان و باندە پیاوکوژەکاندا هات لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، بەڵگەن لەسەر ئەوەی سوپای عێراق و پۆلیس و دەزگا هەواڵگریەکان توانای ئەوەیان هەیە دۆسیەی ئەمنی بە لێهاتوویی بگرنە دەست".
مەوتنی چاوی کەوت بە هاوڵاتیانی عێراقی کە خۆشحاڵییان دەردەبڕی بە بیستنی هەواڵی دەستگیرکردنەکان.
نادیە عەلی 21 ساڵ، کە خوێندکاری زانکۆی تەکنۆلۆژیە لە بەغدا، وتی "نازانم چۆن هەستم دەربڕم. بەراستی زۆر دڵخۆشم. هەواڵەکە لە رادیۆی ناوخۆی یانەکەوە پەخشکرا، هەر کە تەواو بوو، هەموو خوێندکاران یەکسەر دەستیان کرد بە چەپڵە رێزان و ئاهەنگ گێڕان".
مینا مورادی هاوەڵی نادیە، وتی "ئەمانە چەند مانگێکە بەرەو داڕمان دەچن. لەو باوەڕەدام هەموو هۆیەکانی مانەوەیان لەدەستداوە و کاتی تەواو بوونیان خەریکە بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو دێتە دی".
جاسم زەیدان 45 ساڵ، کە فەرمانبەرە لە بانکی ئەلڕەشید لە بەغدا، وتی ئەم دەستگیرکردنانە سەرکەوتنی هێزەکانی عێراق نیشاندهدات.
جاسم وتیشی "رۆژێك نیە سەرکردەیەکی تیرۆرست یان تاوانبارێك نەکەوێتە بن دەستی هێزەکانی عێراق، کە ئێستا وەك شانەی هەنگ بەدرێژایی کات لەکاردان".
جاسم وتیشی "بێگومان رەوشی ئەمنی ئارامتر دەبێت و ژیان شادتر و خۆشگوزەرانتر دەبێت. دەستگیرکردنی ئەم گروپانە رەوشێکی ئارامتر بەو شار و گوندانەش دەبەخشێت کە پێشتر تیرۆرستان لەهەوڵی داگیرکردنیاندا بوون".
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران