
[ئەحمەد ئەلروبێعی/ئەی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] لەکاتێکدا دوکەڵ لەو لۆریە بەرزدەبێتەوە کە لەهێرشەکەدا بەکارهێنراوە، پۆلیس لەشوێنی روداوەکە لێکۆڵینەوە ئەنجامدەدات.
(7/6/10) -- محەمەد ئەلقەیسی لە بەغدا
بۆ سایتی مهوتنی
هێرشێکی خۆکوژی کە بنکەیەکی پۆلیسی گەڕەکی عامل لە رۆژئاوای بەغدا کردبووه ئامانج، بەلایەنی کەمەوە شەش کوژراوی لێکهوتهوه، لەوانە پۆلیسێك کە بەنیاز بوو پێنجشهمهی داهاتوو هاوسەرگیری بکات.
هەواڵی هێرشەکە شەپۆلێك توڕەیی لەناو هاوڵاتیان و خانەوادەی پۆلیسەکەدا دروستکرد، کەهاتبوونە بەردەم بنکەی پۆلیس بۆ زانینی هەواڵی خۆشەویستان و ئیدانەکردنی هێرشەکە.
عودەی کامل کە ئەفسەری پۆلیسە، وتی "زۆر بە ناڕەحەتی دەتوانین هاوڵاتیانی توڕە هێوربکەینەوە، کە پڕ بە گەروویان لەدژی قاعیدە هاوار دەکەن و دروشمەکانی مردنیان بۆ دەڵێنەوە".
عودەی وتیشی "سێ ژن تەنها چەند خولەكێك دواتر گەیشتنە شوێنی روداوەکەو هاوسەرەکانی خۆیان لەناو قوربانیەکاندا بینیەوە. بەڕاستی مایهی سهرسامییهکی گەورە بوو بۆیان و هەرچی لەو ناوەدا بوو بەزەیی پێیاندا دەهاتەوە".
پۆلیسی عێراق وتی کە هێرشبەرە خۆکوژەکە کاژێر 8 سەرلەبەیانی، ئوتومبێلەکەی هاویشته ناو کۆمەڵێك پۆلیس کە سەرقاڵی گۆڕینی شەفتی دەوام بوون.
نەقیب وەلید عەلی لەیەکەی پۆلیسی فریاکەوتن، وتی "پۆلیسەکان توانیان تەقە لە هێرشبەرە خۆکوژەکە بکەن و نەهێڵن بەربەستی ئەمنی یەکەم ببەزێنێت، بەڵام ئوتومبێلەکە هێندە بەخێرایی هات بۆ ناو کۆمەڵە پۆلیسەکە، بووە مایەی روودانی تەقینەوەیەکی گەورە".
وەلید وتی شەش پۆلیس کوژران و پانزەی تریش بریندار بوون، لەوانە ئهو خهڵکهی بەوێدا تێدەپەڕین.
حسێن خەیری کەبڕیار وابوو رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو هاوسەرگیری بکات، یەکێك بوو لە کوژراوەکان.
غانم عەبد 32 ساڵ، کە پۆلیسە وتی "ئەوان هەموو شتێك دەکوژن تەنانەت خۆشی دڵەکانیشمان. حسێنی هاوەڵم خۆی بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری ئامادە دەکرد لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، بەڵام لە هێرشەکەی ئەمڕۆدا کوژرا و بوکەکەی لە خەم و ئازاردا بەجێهێشت".
غانم وتیشی کە باشترین دیاری بۆ "زاوای شەهید و بوکە سهرسامهکهی دەستگیرکردنی پیاوکوژان و دادگایی کردنیانە".
عەلی خەمیس کە هاوەڵی حسێن بوو، وتی "ئێمە لەسەر دژایەتی کردنیان بەردەوام دەبین. ئەمە جەنگێکی چارەنوسسازە. هەرگیز رێگەیان نادەین دەست بەسەر عێراقدا بگرن و خەندەی سەرلێوی منداڵانمان بدزن. پیاوکوژان و کارە قێزەونەکانیان لێرە جێگەیان نابێتەوە".
هێزە عێراقیەکان ئابڵۆقەی شوێنی روداوەکەیاندا و دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد.
عودەی کە سەرقاڵی هێورکردنەوەی خزم و کەسە توڕەکان بوو، بە خانەوادەی قوربانیەکانی وت کە ئەوان "بەم زوانە تیرۆرستان لەژێر دەستی پۆلیسدا دەبیننەوە". هەروەها سوێندیشی خوارد "بەزەیی نەیەتەوە بەهیچ کەسێکدا کە خوێنی کەسانی بێتاوان دەڕێژیت".
عودەی وتی دەشێت ئەم بنکەی پۆلیسە بەهۆی سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی هێزە ئەمنیەکانەوە لە گەڕەکەکاندا و دەستگیرکردنی ژمارەیەك لە سەرانی بەناوبانگی قاعیدەوە، کرابێت بەئامانج.
عودەی ئەوەشی وت کە "ئەم هێرشە بەشێکن لەو زنجیرە تاوانانەی کە قاعیدە دژ بە عێراقیەکان ئەنجامی دەدهن. هەرچۆنێك بێت رەوشەکەی ئەمرۆ جیاوازە. ئەوان لەرابردوودا تاوانەکانیان ئەنجام دەدا بێ ئەوەی دوچاری سزایەکی گەورە ببنەوە. بەڵام ئەمڕۆ، هەمووان هاوڕان لەسەر زەرورەتی دەستگیرکردنی تاوانباران و تەسلیم کردنیان بە دادگا لە زووترین کاتی گونجاودا".
رائید جەواد ئەلمەکسوسی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا قاعیدەی تاوانبارکرد بەوەی کە لەپشت ئەم هێرشەوەیە.
جەواد وتی "عێراقیەکان جگە لە قاعیدە، هیچ دوژمنێکیان نیە کە بیەوێت بیان کوژێت و زیانیان پێبگەیەنێت. هەر ئەوانن ئەو هەلانە دەقۆزنەوە. لەبەرئەوە قاعیدە لەپشت ئەم هێرشەوەیە و ئەم روداوەش بێ سزادان بەسەریاندا تێناپەڕێت".
جەواد وتیشی کە لێکۆڵینەوەکان پەنجە بۆ تێوەگلانی ژمارەیەك لە تیرۆرستان رادهکێشن کە لەناوچەکانی باشوری پایتەختدا نیشتەجێن. هەروەها وتی "ئێمە دەستگیریان دەکەین و لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕیان لەگەڵدا ئەنجام دەدەین".
کاریگەری تەقینەوەکە زیانی بە باڵەخانە نیشتەنیەکانی دەوروبەریشی گەیاندبوو و پەڕینی پارچە شوشە ژمارەیەك برینداری لێکەوتەوە.
مەیسەم حەسەن 29 ساڵ، وتی "ئێمە لەماڵەوە بووین کاتێك هێرشەکە وویدا. هیچمان نەبینی لە پارچە شوشە زیاتر کە لەهەموو لایەکەوە بەسەرماندا دهباری. ئەوان پەیامێکمان ئاراستە دەکەن پڕێتی لە ژەهر و وێرانکاری و پێمان دەڵێن 'تەنانەت ئەگەر لەنێو ماڵەکانی خۆشتاندا بن و هەست بە پارێزراوی بکەن، ئێمە هەر دەتانگەینێ'".
مەیسەم وتیشی "بەڵام ئەمانە بەم کارانەیان بەدەستی خۆیان و بەشێوازێکی خێراتر گۆڕی خۆیان هەڵدەکەنن. هۆی ئەمەش لەوەدایە کاتێك لەهەوڵی ئەوەدان دەستیان بە ئێمە و منداڵەکانمان بگات، ئێمە نهفهسمان درێژتر دەبێت سور بوونمان لەسەر دەست خستنە ناو دەستی هێزەکانی عێراق زیاتر دەکات، هەتا لەکۆڵمان ببنەوە".
لەهەواڵیکی تری ئەمنیدا، سوپای عێراق توانی ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراو پوچەڵبکاتەوە کە لەپارکێکی سەرشەقامێکی قەرەباڵغ لە گەڕەکی ئەلسەدری باشوری بەغداد وهستابوو.
لیوا قاسم عەتا، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا وتی "هێزە عێراقیەکان توانیان ئوتومبێلەکە دیاری بکەن، پاشان یەکەی ئەندازیاری بانگ بکەن کە تایبەتمەندن لەبواری پوچەڵکردنەوەی هێرشە تیرۆرستیەکاندا. ئەوان سەرکەوتوو بوون لە چۆڵکردنی ناوچەکە و پوچەڵکردنەوەی بۆمبەکەدا کە زیاتر لە 10 کیلۆگرام تەقەمەنی لێبەسترابوو. ئەم کارەش بێ رودانی هیچ زیانێکی گیانی و مادی ئەنجامدرا".
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران