
[ ئەحمەد روبەیعى/ ئەى ئێف پى/ گێتى ئیمجیز] سەدان هەزار گەشتیار بەشداریانکرد لە رێوڕەسمى سەردانى مەزارى ئیمام قاسم دا.
9/7/2010 - - محەمەد قەیسى لە بەغدا و عەلى جبورى لە ئەنبار
بۆ سایتی مهوتنی
بەرپرسانى ئاسایش وتیان چوار هاوڵاتى عێراقى کوژران و 20 تریش برینداربوون لە دوو هێرشى جیاوازدا کە کرانە سەر کاروانى گەشتیاران لە رێگەیاندا بۆ سەردانى مەزارى ئیمام قاسم لە پێنجشەممە (8ى تەمموز) دا.
موقەدەم موشتاق تاڵیب لە پۆلیسى بەغدا وتى بۆمبێکی چێنراوى قەراغ جادە لە گەڕەکى مەشتەلى ناوەڕاستى بەغدا تەقیەوە و بوو بەهۆى کوشتنى سێ کەس و برینداربوونى 13ى تر. موشتاق تاڵیب وتى بۆمبێکى تریش لە شەقامێکى بەیاع لە باشورى بەغدا تەقیەوە و بوو بەهۆى کوشتنى هاوڵاتیەک و برینداربوونى 7 ى تر.
ئەو وتیشى "هەمو قوربانیەکان ژن و منداڵ و پیر بوون و خەریکى پشوودان بوون لەبەرئەوەى لە رێگادا ماندوببوون."
دوایین هێرشەکانیش پاش کەمتر لە 24 کاتژمێر لە کوژران و برینداربوونى دەیان هاوڵاتى هاتن لە چەند هێرشێکى تیرۆریستیدا لە چەند شارێکدا.
کوشندەترین هێرشیش لە شارۆچکەى ئەعزەمیە بوو، کە خۆکوژێک کە هێلەکیکی بەمینچێنراوى بەستبوو و لە ئێوارەى چوارشەممە (7 تەمموز) لە نزیک پردى ئیمامەکان خۆى لە ناو حەشامەتێکى خەڵکدا تەقاندەوە کە بە پێ بەرەو مەزارى ئیمام کازم دەڕۆشتن. تەقینەوەکە 35 کەسى کوشت، کە 19 یان ژن و منداڵ بوون، هەروەها 97 کەسیشى بریندارکرد.
جاسم عوبەیدى، جێگرى بەڕێوەبەرى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەرتى باشورى بەغدا، وتى "خۆکوژەکە سوودى لە گردبوونەوەى سەدان هاوڵاتى وەرگرت کە لە سەر پردى ئیمامەکان کۆببونەوە و بێ بەزەییانە خۆى گەیاندبووە نێویان و لە نێو ئەم مەدەنیانەدا خۆى تەقاندبوەوە. هێرشەکە جێپەنجەى قاعیدەى پێوە دیارە، کە هەلى گردبوونەوەى هاوڵاتیانى قۆستۆتەوە بۆ بەدیهێنانى ئارەزوە خوێناویە تیرۆریستیەکانى."
عوبەیدى وتیشى "لە نێو قوربانیەکاندا سوننە عێراقیەکانیشى تێدابوو کە لەگەڵ گەشتیارە شیعەکاندا بەشداریان لەم رێوڕەسمەدا دەکرد و خواردن و خواردنەوەیان بۆ دەستەبەردەکردن."
ئەم هێرشە یەکێک بوو لەو زنجیرە هێرشەی کە چوارشەممە ئەنجامدران.
تەقینەوەیەکى تر لە نزیک پێشانگاى نێودەوڵەتى بەغدا لە حارسیە شەش هاوڵاتى کوشت و 55 ى تریشى بریندارکرد.
تەقینەوەى چەند بۆمبێک لە شەقامى حەیفا بوون بەهۆى کوشتنى شەش کەس، لە نێوانیاندا دوو پۆلیس، هەروەها برینداربوونى 30 هاوڵاتى تر کە بەرەو کازمیە دەڕۆیشتن.
چوار کەس کوژران و 38 ى دیش برینداربوون لە تەقینەوەی موشەکێکدا کە گردبوونەوى کۆمەڵێک خەڵکی لە ناوچەى یەرموکی لە ناوەڕاستى بەغدا کردبوە ئامانج.
تەقینەوەى سێ بۆمبى تر لە ناوچە جیاجیاکانى بەغدا بوون بە هۆى کوشتنى حەوت کەس و برینداربوونى 12 ى تر.
قسەکەرى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا لیوا قاسم عەتا وتى ئەو هێرشە تیرۆریستیانەى لە چوارشەممە و پێنجشەممەدا روویاندا " بەشێکن لە پیلانێکى گەورەى قاعیدە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو عێراقیانەى یادى بۆنەیەکى ئاینیان دەکردەوە."
لیوا قاسم عەتا وتیشى "ئەم ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستیانە ناکرێت بە هیچ شێوەیەک بە فاکتەرێک یان ئاماژەیەکى بەهێزبوونى گروپە تیرۆریستیەکان دابنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، گەیشتنى سەدان هەزار خەڵک بە پێ بۆ پایتەخت وایکرد بۆ تیرۆریستان ئاسانتربێت کە بێن و بچن و تەقەمەنیەکانیان ببەنە ناوچەی نزیک لەیەک."
لیوا قاسم عەتا وتیشى هێزەکانى ئاسایشى عێراق لە چەند رۆژى رابردودا زیاتر لە 30 بۆمبیان پوچەڵکردۆتەوە و پێنج کەسیشیان دەستگیرکردوە کە گومانى ئەوەیان لێدەکرێت خەریکی نەخشەداڕشتن بوبێتن بۆ ئەنجامدانی کردەوەى خۆکوژی.
کامیل زەیدى، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى بەغدا، وتى هێرشەکانى تیرۆریستان "تەنها هەوڵى دۆڕاو مایەپوچانەن بۆ نانەوەى فیتنە لە نێو عێراقیەکاندا."
زەیدى وتیشى "پاش ئەم هێرشانە عێراقیەکان زیاتر یەکگرتوون. لە کاتى هێرشەکانیشدا هەڵمەتى جەماوەرى لە لایەن سوننە عێراقیەکانەوە دەستیپێکرد بۆ رزگارکردنى برینداران، ئەمەش گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەى ئەوانیش تیرۆریزم رەتدەکەنەوە و عێراقیەکانیش یەکگرتوون."
موهەنەد عیساوى کە دانیشتوى بەغدایە دوپاتیکردەوە هاوڵاتیان رێگە بەوە نادەن تیرۆریستان دووبەرەکی بنێنەوە.
ئەو وتیشى "ئەو بەرازانەى خۆیان دەتەقێننەوە و ئەو سەگە بەرەڵایانەى بۆمب دەچێنن ناتوانن رێگە لە عاشقانى ئازادى بگرن لەوەى لە سەر شەقامى یەکێتى بڕۆن. رۆژێک دادێت کە رۆژ لەسەر هەمو شارەکانى عێراق هەڵبێت و تیرۆریستانیش بخرێنە ناو زبڵدانى مێژوو و پشت تەلى بەندیخانەکانەوە."
هاوکات پێنجشەممە لە رۆژئاواى رومادى لە ئەنبار تیرۆریستان هێرشیان کردە سەر سێ ماڵى کارمەندانى ئاسایش.
بەڕێوەبەرى پۆلیسى ئەنبار لیوا بەهاء کەرخى وتى چوار هاوڵاتى کوژران، لە نێوانیاندا ژنێک و منداڵێک، هەروەها هەشت کەسى تریش برینداربوون.
ئەو وتیشى لە هێرشەکاندا تیرۆریستان تەقەمەنیان لە چواردەورى ماڵى ئەفسەرانى پۆلیس چاندبو لە تەئمیم و لە دوورەوە بە کۆنترۆڵ تەقاندنیانەوە.
لیوا کەرخى وتى "تەنها چوار کاتژمێر دواتر و لە کاتێکى دیاریکراودا، پاش زنجیرەیەک پشکنین و بەسەردادان لە ناوچەکەدا، پۆلیس توانى ئەو باندە دەستگیربکات کە ئەم تاوانەیان ئەنجام دا."
بە گوێرەى قسەکانى لیوا کەرخى باندەکە لە شەش کەس پێکهاتبوو و دانیان بەوەدا نا کە پەیوەندیان بە قاعیدەوە هەیە.
ئەو وتیشى "هەروەها ئەم دەستگیرکراوانە زانیارى زۆر باشیان بە هێزەکانى ئاسایش داوە کە یارمەتى پۆلیس دەدات ئەندامەکانى ترى قاعیدە بگرن کە پەیوەندیان بە هەمان شانەوە هەیە."
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران