
]عەلى سەعدى/ ئەى ئێف پى/ گێتى ئیمجیز] فڕۆکەخانە نوێکە تایبەت دەبێت بە گەشتى ناوخۆیی.
17/7/2010 -- ئەحمەد شاکر لە بەغدا
بۆ سایتی مهوتنی
بەرپرسانى پارێزگا سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەگەرى بنیادنانى فڕۆکەخانەیەکی ترن لە بەغدا کە تایبەت دەبێت بە گەشتى ناوخۆیی بۆ کەمکردنەوەى قەرەباڵغى لەسەر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا.
ئەنجومەنى پارێزگاى بەغدا لیژنەیەکى نوێى پێکهێنا سێشەممە ( 13 تەموز) بۆ لێکۆڵینەوە لە شیانى ئەم پڕۆژەیە.
کامیل زەیدى، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى بەغدا، وتى ئەنجومەن تەرکیزدەکاتەسەر سەربازگەى رەشیدى کۆن بۆ بنیادنانى فڕۆکەخانە نوێکە چونکە فڕۆکەخانەیەکى سەربازى لێیە کە دەکرێت سوودى لێ ببینرێت.
ئەگەر ئەم پڕۆژەیە پەسەند بکرێت، ئەنجومەنى پارێزگا سەرپەرشتى جێبەجێکردنى دەکات.
زەیدى وتى "جێبەجێکردنى ئەم پڕۆژەیە پێویستى بە لێکۆڵینەوەیەکى قووڵ هەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانى تردا، وەکو ئەنجومەنى وەزیران و هەردوو وەزارەتى گواستنەوە و گەشتیارى و هەروەها وەزارەت و دەزگاکانى تری حکومەت. هەروەها گرنگیشە کە بەو یاسا و رێنماییانەدا بچینەوە کە دەسەڵات بە ئەنجومەن دەدەن ئەم فڕۆکەخانەیە بنیادبنێت."
فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا گەورەترین فڕۆکەخانەیە لە عێراقدا و دەکەوێتە 16 کیلۆمەتر لە رۆژئاواى پایتەختەوە. لە ساڵى 1979 دا لە لایەن کۆمپانیا فەڕەنسى و بەریتانیەکان بنیادنراوە و زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلارى تێچووە.
زەیدى وتیشى لەگەڵ زیادبوونى ژمارەى دانیشتوانى بەغدا -- کە ئێستا بە 7 میلۆن کەس دەخەمڵێنرێت -- چیتر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا بەشى گەشتیاران ناکات. ئەو وتى "لەبەر ئەوە پێویستیەکى هەنوکەییە کە فڕۆکەخانەى دووەم دروست بکرێت بۆ کەمکردنەوەى قەرەباڵغى و بارى سەر ئەم فڕۆکەخانەیە."
عەباس حەمدانى، ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى بەغدا، وتى زۆربەى وڵاتانى جیهان فڕۆکەخانەى لاوەکیان هەیە بۆ یارمەتیدانى فڕۆکە نێودەوڵەتیەکان لە گواستنەوەى ئەو گەشتیارانەى رێگەیان نزیکە."
ئەو وتیشى "لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگاى بەغدا هێشتا ئەم جۆرە فڕۆکەخانەیەى نیە، هەرچەندە دانیشتوانێکى زۆر و شوێنى پیرۆزى ئاینى هەیە کە ساڵانە ملیۆنەها گەشتیار سەردانیان دەکەن."
حەمدانى وتى "ئەنجومەن ئێستا زۆر بە جدى بیر لەوە دەکاتەوە لە رێگەى وەبەرهێنانەوە فڕۆکەخانەیەکى نوێ دروست بکات، کاتێک هەموو لایەنە تەکنیکیەکانى ئەم بابەتە یەکلاکرایەوە."
سەربازگەى رەشیدى پێشو دەکەوێتە رۆژهەڵاتى باشورى بەغداوە. لە ساڵانى 1950کاندا بۆ سوپاى عێراقى دروستکراوە و فڕۆکەخانەیەکى سەربازى تێدایە کە دەکەوێتە نزیک گەڕەکى زەعفەرانیە.
لەبەر نزیکى سەربازگەى رەشید لە ناوچەى نیشتەجێبوونەوە، بەرپرسان هاوڕا نین لەسەر بنیادنانى فڕۆکەخانە نوێکە لەم شوێنەدا.
کەریم دەرب، سەرۆکى لێژنەى ئاسایش، لە ئەنجومەنى پارێزگاى بەغدا وتى "لە رووى ئاسایشەوە پێشنیازى بنیادنانى فڕۆکەخانەیەکى مەدەنى لە شوێنى فڕکەخانەى سەربازى سەربازگەى رەشیدى پێشوو گونجاو نیە."
کەریم دەرب وتیشى "نزیکى شوێنەکە لە ناوچەکانى نیشتەجێبوونەوە لەوانەیە فڕۆکەخانەکە و خەڵکەکەش بخاتە مەترسیەوە لە ئەنجامى هەر کردەوەیەکى تیرۆریستى کە بکرێتە سەر فڕۆکەخانەکە. هەمو فڕۆکەخانەکانى وڵاتانى جیهان، بە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغداشەوە، دەکەونە دەرەوەى ناوەندى شارەکان."
کەریم دەرب داواى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى بەغدا کرد "بە دواى شوێنێکى تردا بگەڕێن بۆئەوەى ببێتە بەدیلی ئەم شوێنە کە دوور بێت لە ناوچەکانى نیشتەجێبوونەوە."
لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە هاوڵاتیان پێیانوایە شوێنى ئەم فڕۆکەخانە کۆنە بیرۆکەیەکى باشە.
خەلیل ریکابى، کە شوفێرێکى تەکسیە لە بەغدا، وتى بوونى فڕۆکەخانەیەک لەم ناوچەیەدا لە زۆر روەوە سوودى بۆ ئەم شارە دەبێت.
ریکابى وتیشى "بنیادنانى فڕۆکەخانەکە لە ناو ئەم سەربازگەیەدا چەندین هەلی کار لە ناوچەکەدا دەڕەخسێنێت و چەندین کارى نوێ دێنێتە ئاراوە. ئەمەش سوودى بۆ دانیشتوان دەبێت."
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران