
[عەلی سەعدی/ ئەی ئێف پی/ گێتی ئیمیجز] پۆلیسی عێراق پاش هێرشەکە رێوشوێنی ئەمنی زیاتری گرتەبەر.
(10/8/7) -- محەمەد قەیسی لە بەغدا
بۆ سایتی مهوتنی
سەدان پرسەگێڕی عێراقی چوارشەممە (4 ئاب) بە وتنەوەی دروشمە توڕەکانیان ئیدانەی هێرشە تیرۆرستیەکەی ئەم دواییەیان کرد، کە بووە هۆی کوشتنی پێنج پۆلیسی عێراق لە گەڕەکی مەنسور لە بەغدا.
هێرشەکەی سێشەممە شەپۆلێکی توڕەیی و ئیدانەکردنی لێکەوتەوە لە عێراقدا. ئەم هێرشە پاش تێپەڕبوونی هەفتەیەك بەسەر ئەو هێرشە هاوشێوەیەدا هات کە بازگەیەکی سەربازی لە گەڕەکی ئەعزەمیە کرد بە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی سێ سەرباز، کە جەستەکانیان بە تەواوی سوتا.
رائید سەعد فازل لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا وتی کەسانێکی چەکدار کە لە ئوتومبێلی نوێدا بوون هێرشیانکردەسەر ئەو پێنج پۆلیسە، لە کاتێکدا کە ئەوان سەرقاڵی رێکخستنەوەی هاتوچۆ و هێورکردنەوەی رێبواران بوون، پاش ئەوەی سێ گولە هاوەن نرابوون بە ناوچەکەوە.
رائید سەعد وتیشی "تیرۆرستانی سەر بە قاعیدە پۆلیسەکانیان سەرقاڵکرد، پاشان هەستان بە کوشتنیان بە بەکارهێنانی چەکی کپکراو. پاش ئەمەش ئاڵای عێراقیان داگرت و ئاڵایەکیان لە جێگەی دانا کە دروشمی رێکخراوی قاعیدەیە."
نەقیب عەلی خوزەیر لە پۆلیسی کەرخ وتی ئەو پۆلیسانە "پاڵەوانئاسا لێیان هاتنەدەست و دووان لە تیرۆرستەکانیان کوشت پێش ئەوەی تیرۆرستان زەفەریان پێ ببەن و بیانکوژن. ئەو پۆلیسانە بە شێوەیەکی شەرەفمەندانە و بوێرانە شەهیدبوون."
مەدیحە عەباس کە ئەندامی ئەنجومەنی گەڕەکی مەنسورە، ئامادەی مەراسیمی بەخاكسپاردنی پۆلیسەکان بوو. ناوی هەمو پۆلیسەکان ئاشکرانەکران.
مەدیحە عەباس وتی "تیرۆرستان هەر وەك عادەتیانە زۆر بە خێرایی کاری ناپاک و تاوانی قێزەون ئەنجامدەدەن پاشان هەڵدێن. بەڵام ئەمە تا سەر نابێت، لەبەرئەوەی بە زووترین کات دەستگیردەکرێن و لە قەفەسی دادگادا دەبینرێنەوە."
هەروەها وتی کە خانەوادەی قوربانیەکان رێزیان لێدەنرێت "بە هۆی هەڵوێستی بوێرانەیان و قوربانیدانی رۆڵەکانیان لە جەنگان دژی تیرۆرستاندا."
مەدیحە وتیشی "هەتا پیاوانی پاڵەوانی لەو جۆرانە لە عێراقدا هەبن، ئەوا ترسمان لە عێراق نابێت بە دەستی ئەو تاقمە تیرۆرستەوە".
فوئاد خاڵسی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، کە ئامادەی مەراسیمی بەخاكسپاردنی عەریف حەیدەر شاهۆڵ بوو کە یەکێك بوو لە قوربانیەکان، وتی کە بۆ چەندین ساڵە ئەمە یەکەم جارێتی بگری.
خاڵسی وتیشی "خراپە تەنها کاتژمێرێك دەژی، بەڵام چاکە بۆ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە. ئێمە پرسە بۆ تەرمێکی ئاسایی ناگێڕین، بەڵکو بۆ پاڵەوانێكە کە فرمێسکی لە چاوی ملیۆنەها عێراقی هێنا، پاڵەوانێك کە رێزی سەرجەم هاوەڵە سەربازەکانی خۆی بەدەستهێنا."
هەروەها وتی خەفەتی ئەم تەنها بۆ لەدەستدانی پاڵەوانێك نیە، بەڵکو فرمێسکی شادیش دەڕژێت "لەبەرئەوەی ئەمە یەکگرتوویی عێراقیەکانی دەرخست لە ئیدانەکردنی ئەم تاوانەدا. یەکڕیزی عێراقیەکان دژ بە تیرۆریزم گەورەترین دەستکەوتە کە گەل لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا بەدەستیهێناوە."
لە کاتی مەراسیمی بەخاكسپاردنی یەکێك لە قوربانیەکاندا، عومەر جومەیلی 28 ساڵ لافیتەیەکی بچوکی کاغەزی بەدەستەوە بوو کە لەسەری نوسرابوو "بەسە خوێنڕشتن. ئایا خوا رێگەی پێداون ئەم کارە بکەن؟ یان بەدەم خواشەوە قسەهەڵدەبەستن؟"
جومەیلی وتی "بە راستی لە دەست خۆیان و کردەوە تیرۆرستیەکانیان وەڕس بووین. نازانم چیان لێمان دەوێت. ئەوان چێژوەردەگرن لە کوشتنی کەسانی بێتاوان. دەیانەوێت عێراق بکەن بە وێرانەخاك. بەڵام ئەمە ئەستەمە، لەبەرئەوەی ئێمە لەوان بەهێزترین. هەرگیز رێگەنادەین بە بەرزکردنەوەی هیچ کام لە ئاڵا و لافیتەکانیان."
شێخ ئەحمەد ئەبوریشە، سەرکردەی ئەنجومەنەکانی سەحوە، وتی ئەم هێرشە بە مانای هێرشکردنە بۆ سەر هەمو عێراق.
شێخ ئەحمەد بە مەوتنی وت "بازگەی ئاسایش وەك عێراقێکی بچوککراوە وایە کە سونە و شیعە و عەرەب و کوردی تێدایە. لەبەرئەوە تیرۆرستان هێرشیانکردۆتە سەر هەمو عێراق نەك بە تەنها بازگەیەکی ئەمنی بچوك."
هەروەها وتی "قاعیدە تەنها پەیامێکی هەیە دەیەوێت لەرێی ئەم هێرشانەوە بیگەیەنێت ئەویش ئەوەیە کە ئەوان هێشتا لەژیاندان. بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە قاعیدە لە پوکانەوەدایە. چەقاندنی ئاڵای قاعیدە تەنها دەبێتە مایەی زیادکردنی رق و کینەی عێراقیەکان بەرانبەریان. عێراقیەکان پابەندن بە تەنها ئاڵای یاسایی وڵاتەکەیانەوە، نەك بەو ئاڵایەی کە تاقمێك لە پیاوخراپان هەڵیانکردووە.".
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران