
[عەلی ئەلسەعدی/ئەی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] پاش سەقامگیربوونی رەوشی ئەمنی، ئارایشتگاکان و کلینیکەکانی جوانکاری پێستی ژنان جارێکی تر دەکرێنەوە.
(10/8/10) – محەمەد ئەلقەیسی لە بەغدا
بۆ سایتی مهوتنی
لەگەڵ باشبوونی رەوشی ئەمنیدا، یانە وەرزشیەکان و ئارایشتگاکان و رێکخراوەکانی ژنان بۆ جارێکی تر لەسەرانسەری بەغدا دەکرێنەوە.
بەیارق کە رێکخراوێکی ناحکومی عێراقیە و هەوڵەکانی لەپێناوی مافەکانی ژناندا چڕدەکاتەوە، رۆژی چوارشەممە (4 ئاب) وتی کە 23 یانەی وەرزشی ژنان و هۆڵەکانی کات بەسەربردن لەماوەی ئەمساڵدا لە بەغدا کراونەتەوە.
پێشتر هێرشە تیرۆرستیەکان ئارایشتگاکان و سەنتەرەکانی جوانی پێستی ناچار کردبوو دابخرێن، بەڵام ئەمساڵ 79 ئارایشتگا و 35 سەنتەری جوانکاری پێست جارێکی تر کرانەوە.
سوهاد ئەلقەیسی، سەرۆکی رێکخراوی بەیارق، وتی "ئەو کۆنترۆڵەی هێزە ئەمنیەکان هەیانە بەسەر وردەکاریەکانی ژیاندا لە عێراق، یاریدەدەرێکی بەرچاو بووە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم هۆڵ و یانە و سەنتەرانەی ژنان و کردنەوەیان لەماوەی ئەمساڵدا".
بەبۆنەی کردنەوەی ئەم سەنتەر و یانانەی ژنانەوە، رێکخراوی بەیارق رۆژی چوارشەممە ئاهەنگێکی سازکرد لەیانەی ئەلسەید لە بەغدا .
سوهاد لەمبارەیەوە وتی، "ئەو دەستکەوتانەی بەدەست هاتوون دەتوانرێت بەمێژویی وەسف بکرێن، لەبەرئەوەی ژنانی عێراق لەماوەی ئەمساڵدا توانیان بەشێکی گەورە لەمافەکانیان بەدەست بهێننەوە".
لە ساڵانی رابردوودا، تیرۆرستان هێرشیان کردە سەر سەنتەرەکانی ژنان و یانەکان و ئارایشتگاکان لە گەڕەکەکانی مەنسور، بەیاع، دۆرە، کەڕادە و شەقامی فەلەستین لە بەغدا، و ژمارەیەکی زۆریان تەقاندەوە و کرێکارانی ژنانیان کوشت.
ئەم هێرشانە زۆرێك لەخاوەنەکانیانی ترساند و ناچاری کردن بە داخستنی ئەم سەنتەرانە و دەزگاکانی کات بەسەربردنی تری وەك هۆڵەکانی جیمناستیک، سکواش، بۆڵینگ، رەشاقە، لەشجوانی و مەلەکردن، لهگهڵ قاوەخانەکانی ئینتەرنێت.
بەڵام هێزە ئەمنیەکان کۆنترۆڵی وڵاتیان گرتهدهست و سەنتەر و بزنسەکانی ژنان جارێکی تر کرانەوە.
سافانا ئەلمولا، 31 ساڵ، کە خاوەنی ئارایشتگایە لە گەڕەکی مەنسور لە بەغدا، وتی کە ناچار بوو ئارایشتگاکەی دابخات پاش ئەوەی لەلایەن تیرۆرستانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکرا.
"بەڵام واجارێکی تر ئارایشتگاکەم بەخۆشحاڵیەکی زۆری کڕیارەکانمەوە کردەوە".
سافانا وتیشی کە ژنانی عێراق ژیانی ئاساییان دەستپێدەکەنەوە.
هەروەها وتی "رەوشی ئەمنی یارمەتیدەرمانە کە ئوتومبێلی خۆمان لێبخوڕین و بچین بۆ بازاڕ و هەر جلوبەرگێکیش لەگەڵ داب و نەریتی کۆمەڵگای عێراقیماندا بگونجێت لەبەری بکەین. ئەمە سەرەڕای ئەنجامدانی خولیاکانمان بەشێوەیەکی ئازادانە".
چەند هەفتەیەك لەمەوبەر سەنتەرێکی ژنان بۆ راهێنان لەسەر هونەرەکانی بەرگری لەخۆکردن جارێکی تر کرایەوە. پاش ئەوەی چەند ساڵێك لەمەوبەر لەئەنجامی هێرشیکەوە داخرا کە بووە هۆی کوژرانی چوار ژن.
ئەم سەنتەرە خولەکانی راهێنان لەسەر هونەرە جۆراوجۆرەکانی بەرگری لەخۆکردن و کۆرسەکانی زمانی ئینگلیزی و وەرگێڕان پێشکەش دەکات.
بەگوێرەی راپۆرتەکانی هێزە ئەمنیەکان، ژمارەی ژنانی عێراقی کە دەستیان کردۆتەوە بە لێخوڕینی ئوتومبێل لەماوەی ئەمساڵدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لەماوەی ساڵانی رابردوودا، هەڕەشەی تیرۆرستان رێگر بوو لە زۆرێك لە ژنان کە ئوتومبێل لێبخوڕن.
موقەدەم نەبیل جاسم لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هاتوچۆ، وتی "ئێستا زیاتر لە 10,000 ژن و کچ هەن کە لە شەقامەکانی پایتەختدا بەئازادیەکی تەواوەوە و دوور لە هەراسانکردنی گروپە چەککدارەکان، هەروەك جاران لەئارادا بوو، ئوتومبێل لێدەخوڕن".
شەیما موتعب 22 ساڵ کە خوێندکاری زانکۆیە، وتی "لەماوەی ساڵانی رابردوودا، بەهۆی ئایدیۆلۆژی گروپە توندڕەوەکان و چەکدارەکانەوە کە هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکردین، تووشی کێشەیەکی زۆر هاتین". هەروەها وتی "ئەوان تەنانەت زۆریان لێدەکردین جۆرە پۆشاکێکی دیاریکراو لەبەربکەین و رێگریان دەکردین لەچوون بۆ زانکۆ و قاوەخانەکانی ئینتەرنێت".
شەیما وتیشی "بەڵام ئەمساڵ لەسایەی بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنیەکان و چەسپاندنی یاسادا، ئەوەی لە رابردوودا لێمان زەوتکرابوو بەدەستمان هێنایەوە. ئێستا ئەوەی دەمانەوێت لەبەری دەکەین و بۆ هەر شوێنێك بمانەوێت دەچین، بێئەوەی ترسمان هەبێت لەگەڕانەوەی ئەو دەموچاوه رەشانەی کە سەرەڕێیان لێدەگرتین و هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکردین".
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران