print thisemail this
photo

[ئەزهار شەلال/ئەی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] عێراقیەکان لەو زیانە دەڕوانن کە بەهۆی تەقینەوەی ئوتومبێلێکەوە کەوتەوە لە فەلوجە.

عێراقیەکان ئیدانەی هێرشە تیرۆرستیەکانی ئەنبار و بەسرە دەکەن

(10/8/10) -- محەمەد ئەلقەیسی لە بەسرە و عەلی ئەلجبوری لە ئەنبار

بۆ سایتی مه‌وتنی

سەدان عێراقی رۆژی دووشەممە (9 ئاب) رژانە سەر شەقامەکانی رومادی و بەسرە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە هێرشە تیرۆرستیەکانی رۆژانی شەممە و یەكشەممە (7 و 8 ئاب)، کە بوونە هۆی کوژران و بریندابوونی سەدان هاوڵاتی.

هاوڵاتیانی عێراقی به‌ دروشمان ئیدانەی قاعیدەیان کرد و بەڵێنیاندا وەڵامێکی جەماوەریان هەبێت بۆ قەلاچۆکردنی گروپە تیرۆرستیەکان لە عێراق.

کاربەدەستانی عێراق قاعیدەیان تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی هێرشەکان.

زنجیرە تەقینەوەیەکی رێکخراو لە بەسرە هاوڵاتیانی هەڵاتوو لە هێرشەکانی کرد بەئامانج

بەگوێرەی موقەدەم فەلاح ئەلبەسری لە پۆلیسی بەسرە، سەرلەئێوارەی رۆژی شەممە، سێ تەقینەوە ناوەڕاستی شاری بەسرەی هەژاند و بوونە مایەی کوژرانی بەلایەنی کەمەوە 43 هاوڵاتی و برینداربوونی 158 که‌سی تر.

هێرشی یەکەم بە بۆمبێکی چێنراو لە دەروازەی شەقامی عەبدوڵا بن عەلی ئەنجامدرا-- کە شەقامێکی گشتی قەرەباڵغە بە کڕیاران و نەخۆش و ژنانی دووگیان کە سەردانی نورینگه‌ پزیشکیەکان دەکەن.

فەلاح وتی "تەقینەوەی یەکەم بووه‌ هۆی سوتانی ژمارەیەکی زۆر فرۆشگا و ترس و دڵه‌راوکێیه‌کی زۆری لێکه‌وه‌ته‌وه‌ لەنێو هاوڵاتیاندا".

ئەو هاوڵاتیانەی لە هێرشی یەکەم رزگاریان بوو لەشوێنی تەقینەوەکە هەڵاتن، بەڵام رووبەرووی تەقینەوەی ئوتومبێلێكی تر بوونەوە کە لەو سەری شەقامەکە روویدا.

ئەوانەی لەم تەقینەوەیەش رزگار بوون لەرێگەیەکی لاوەکیەوە هەوڵی دەربازبوونیاندا، بەڵام لەسەر رێگەی هەڵاتنیان ئوتوبێلێکی تر تەقیەوە.

فەلاح وتیشی کە هەندێك لە بریندارەکان لە رەوشێکی دژواردا دەژین. ئەوانە بەزۆری ژن و منداڵ و بازرگانەکانن.

هەروەها وتی "پاش ئەوەی دیمەنی خوێن و وێرانیمان لەبازاڕەکەدا بینی، کە باشترین شوێن بوو لە رووی ئەمنی و جوانیەوە، دەتوانین بڵێین کە قاعیدە لێرەبوون".

فەوزی عەبدولئەمیر، 42 ساڵ، کە خاوەنی فرۆشگایەکی مۆبایلە لە عەشاری ناوەڕاستی بەسرە، وتی خەڵکی بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن دژی قاعیدە.

فەوزی وتی "ئێمە لەم هێرشە ژەهراویانەدا هاوڕێ و خۆشەویستانمان لەدەستدا. بەڵام ئەو خوازیاریەمان لەدەستنەداوە بۆ قەلاچۆکردنی تیرۆرستان ".

هەروەها وتی "عێراقیەکان بەهەموو چین و توێژەکانیانەوە دژی تیرۆریزمن. ئەمەش لەبەرئەوەیە کە شەقامی عێراقی پێکهاتووە لە سوننە و شیعە و مەسیحی و عەرەب و کورد و هەموومان لەدژی تیرۆریزم دەجەنگین".

نەقیب نیهاد فازل لە سوپای عێراقی لە بەسرە بەڵینیداوە هێرشبەران بگەیەنێت بە دادگا.

نیهاد وتی "زۆری پێناچێت هەتا دەستمان دەگات بەوانەی هەستاون بەم هێرشە. هەندێك زانیاری هەواڵگری گرنگ بەردەستن کە دەبنە مایەی دەستگیرکردنی تاوانباران پێش ئەوەی خوێنی قوربانیەکان بەسەر شۆستەکانەوە وشك ببێتەوە. ئەمە بەڵینێکە و بەم زووانە دێتەدی".

تەقینەوەی ئوتومبێلە بۆمبڕێژکراوەکان دەبێتە هۆی کوژرانی کڕیاران و منداڵان لە ئەنبار

پۆلیسی عێراقی لە پارێزگای ئەنبار رایگەیاند کە لەئەنجامی سێ تەقینەوەی ئوتومبێلدا یەكشەممە (8 ئاب)، کەبازاڕێکی میللی پڕ لەهاوڵاتی لەشاری فەلوجە کردبووه‌ ئامانج ،17 عێراقی کوژران و 64 ی تریش بریندار بوون.

موقەدەم باسل ئەلزەوبەعی لە یەکەی دژە تیرۆری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار، بە مەوتنی راگەیاند کە هێرشی یەکەم بەهۆی ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدرا کە تیرۆرستەکە بەجێی هێشتبوو، پاش ئەوەی هەستابوو بە دزینی بڕێکی زۆر خشڵ و دراو لە ماڵی یەکێك لە بازرگانەکانی فەلوجە.

تەقینەوەکە بووە مایەی کوژرانی سێ عێراقی و بریندار بوونی حەوت کەسی تر لەوانە پێنج منداڵ.

ئوتومبێلێکی تری بۆمبڕێژکراو کە تیرۆستێکی خۆکوژ لێی دەخوڕی، لەبازاڕێکی میللی فرۆشتنی پەلەوەر و ئاژەڵی ماڵی و سەوزەو میوەدا لە ناحیەی سەقلاویە لە باکوری فەلوجە تەقیەوە. تەقینەوەکە بووه‌ هۆی کوشتنی پاسەوانێکی ئەمنی و برینداربوونی حەوت کەسی تر، لەوانە سێ ژن و کچێکی تەمەن دووساڵ و دوو پاسەوانی ئەمنی.

باسل وتیشی ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراوی تر کە تیرۆرستێکی خۆکوژ لێی دەخوڕی، لەناوەڕاستی چواڕیانێکدا لە رەمادی لەنزیك بازاڕێکی میللی و سینەمایەك و بەنزینخانەیەك و باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی دەزگاکان تەقیەوە. هێرشەکە بووه‌ مایەی کوژرانی 13 کەس و بریندار بوونی 50 کەسی تر.

موهەننەد ئەلدولەیمی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئەنبار، وتی "هێرشەکەی ئەم دواییە شەش جەستەی سوتاوی منداڵانی بەجێهێشت، کەتازە لە کۆرسێکی هاوینەی فێربوونی کۆمپیوتەر و زمانی ئینگلیزی وەرگیرابوون. ئەمە جگە لە سێ ژن و ژمارەیەك لە هاوڵاتیان و پیاوانی سوپا".

لیوا بەهاء ئەلکەرخی، فەرماندەی پۆلیسی ئەنبار بەڵێنیدا کە "وەڵامێکی خێراو توندوتیژ"ی هەبێت بەرامبەر بەم هێرشانە.

که‌رخی وتی "ئەم هێرشە بێ هوودەیە تەنها یەك وەڵامی دەبێت: دەستگیرکردنی ئەنجامدەران و گەیاندنیان بە دادگا بەزووترین کات".

که‌رخی ئەلقاعیدە و پاشماوەی گروپە تیرۆرستەکانی تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی ئەم هێرشانە و وتی کە "لێکۆڵینەوە بەراییەکان یارمەتیدەرمان بوون لەدەستنیشانکردنی سێ کەسی گومانلێکراو بەوەی دەستیان هەبووبێت لەم هێرشانەدا. ئەمانە تەنها یەك کاتژمێر پاش ئەنجامدانی ئەو هێرشە تیرۆرستیانه‌ی ئەنباریان هەژاند دەستگیرکران".

فەریدە مەنسور 53 ساڵ، کە دانیشتووی فەلوجەیە، وتی "تیرۆرستان جاڕی جەنگێکی نوێ دەدەن لە دژی ژنان و منداڵان و خودی ژیان. ئەوان دەیانەوێت هەموو جۆرەکانی ژیان لە عێراقدا لەناوبەرن. لەبەرئەوە دەبێت عێراقیەکانیش جاڕی جەنگێکی جەماوەری بدەن لەدژی قاعیدە".

هەروەها وتی "ئێمە بەبەکارهێنانی هەموو ئامرازێکی بەردەست لەدژی تیرۆرستان دەجەنگین. ئەمە مەسەلەی مان و نه‌مانە".

ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵسه‌نگێنه‌

ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵسه‌نگێنه‌  3.0/5 (2   ده‌نگه‌کان)

بیخه‌ لیستی خوازراوه‌کان
print thisemail this

سه‌رنجی خوێنه‌ران

عێراق ئه‌مڕۆ | زانیاری/پاداشت | گۆشه‌ی خێزان | وه‌رزش | هه‌مه‌ڕه‌نگ | ئه‌رشیف | ه‌رباره‌ی ئێمه‌ | ه‌یوه‌ندیمان پێوه ‌بکه‌ | خشته‌ی ماڵپه‌ر




verification image, type it in the box
ژماره‌کان داخڵ بکه‌

ليس بامكانك روية الارقام أعلاه؟

*بامكانك الأرسال بالبريد الالكتروني لخمسة أشخاص فقط في آن واحد