
[عەلی ئەلسەعدی/ئەی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] سەربازە عێراقیەکان پاش هێرشەکە پاسەوانی دەرەوەی سەنتەری وەرگرتنی سەربازی دەکەن.
(10/8/18) -- محەمەد ئەلقەیسی لە بەغدا
بۆ سایتی مهوتنی
رۆژی سێ شەممە (17 ئاب) لە نزیك سەنتەرێکی وەرگرتنی سەربازان لە ناوچەی باب ئەلموعەزەم لەناوەڕاستی بەغدا، هێرشبەرێکی خۆکوژ بووە هۆی کوشتنی 61 کهس و بریندار بوونی 133 عێراقی تر.
کاربەدەستانی ئاسایشی عێراق قاعیدەیان تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی ئەم هێرشە.
موقەدەم خالید ئەلعەزاوی لە فیرقەی یانزەی سوپای عێراق بە مەوتنی وت کە زۆربەی قوربانیەکان تەمەنیان لەنێوان 18 و 30 ساڵدایە و ژیانی زۆربەی بریندارەکانیش لەمەترسیدایە.
موقهدهم خالید وتیشی هێرشبەرێکی خۆکوژ کە پشتێنێکی بۆمبڕێژکراوی پۆشیبوو، خۆیکرد بە ئاپۆرەی ئەو گەنجانەدا کە سەرقاڵی پڕکردنەوەی فۆرمەکانی هاتنە ناوریزی سوپای عێراق بوون. هێرشبەرەکە توانی بگاتە ریزی پێشەوەی بەردەم سەنتەری وەرگرتنەکە و خۆی بتهقێنێتهوه.
هەروەها وتی "لێکۆڵینەوە بەراییەکان کە لەلایەن سوپای عێراقەوە ئەنجامدراون دوپاتی دهکهنهوه کە رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە دەستی هەبووە لەو هێرشەدا. ئێمە هەندێك گومانمان لا دروستبووە لەو بارەیەوە و ئێستا لەپرۆسەی ساغکردنەوەیداین تا ئەو رادەیەی بۆمان دەرکەوتووە کە هێرشبەرە خۆکوژەکە عێراقی نەبووە، بەڵکو هەڵگری رەگەزنامەیەکی بیانی بووە".
رائید عەبد توعمە جاسم، کە کاربەدەستێکی ئەمنیە لە باب ئەلموعەزەم، وتی ژمارەیەك سەربازی عێراقی لەناو کوژراوەکاندا بوون کە سەرقاڵی رێکخستنی ریزەکانی داواکاران بوون بۆ ئەوەی بۆ چاوپێکەوتن ئامادەیان بکەن.
عەبد وتی "ئێمە بەڵێن بە گەلی عێراق دەدەین کە بەزووترین کات کۆتایی بە ژیانی پیاوکوژانی تاوانبار بهێنین".
رۆژی سێ شەممە دوایین وادە بوو بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ هاتنە ناو ریزەکانی سوپای عێراقەوە. رۆژی 9 ئاب، وەزارەتی بەرگری عێراقی داوای کرد لەو گەنجانەی کە خوازیارن بێنە ناو ریزەکانی سوپاوە، لەسەنتەرەکانی وەرگرتنی سەربازان لە شارەکانی بەغدا، حەبانیە، ناسریە، کەرکوك، بابل، هەولێر، و بەسرە، داواکاریەکانیان پێشکەش بکەن.
لەرۆژی بڵاوکردنەوەی ئاگاداریەکەوە، بەهەزاران گەنج داواکاریان پێشکەشکردووە بۆ هاتنە ناو ریزە جیاوازەکانی سوپاوە.
لیوا قاسم عەتا، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، وتی "ژمارەی داواکاران سێ هێندەی ئەو ژمارەیە بوو کە پێشبینیمان دەکرد". هەروەها وتی " ئەم ژمارەیە لە زیادبوونیشدایە. زۆرێك لە گەنجانی عێراقی خوازیارن بێنە ناو ریزەکانی سوپای عێراقەوە".
هەواڵەکانی تەقینەوەکە و ئەو ژمارە زۆرەی قوربانیان شەپۆلێکی توڕەیی بەرفراوانی لە بەغدا دروستکرد.
حەسەن ئەلعەتابی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی و بەرگری لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، وتی "قاعیدە دەیەوێت رێگری بکات لە هاتنە ناوەوەی گەنجانی خوێن گەرم بۆ ناو ریزەکانی سوپای عێراقی. بەڵام ئەوان نازانن کە خوێنی قوربانیەکان دەبێت بە سوتەمەنی شۆڕشی گەنجان لە دژی قاعیدە و دواکەتوویی و رووە تاوانبارە قێزەونەکەی".
حەسەن داوای لە حکومەتی عێراق و وەزارەتی بەرگری کرد کە قوربانیەکان بە شەهید تۆماربکات و قەرەبووی کەسوکاریان بکاتەوە. هەروەها وتیشی کە دەبێت بریندارەکان لەسەر ئەرکی حکومەت چارەسەریان بۆبکرێت.
عەبدولهادی ئەلوەتار 40 ساڵ، کە دانیشتووی بەغدایە، وتی "نەفرەتی خوا لە تیرۆرستان و تیرۆریزم. ئەوانە زۆر بە خوێن ساردیەوە لەمانگی رۆژوودا، کە پێویستە روبکەینە خوا تا تۆبەمان لێوەربگرێت، هاتن بەدەیان لەرۆڵەکانمانیان کوشت".
تەقینەوەکە بووه مایەی زیان گەیاندن بە ژمارەیەکی زۆری دوکانەکانی نزیك دیمەنی روداوەکە و شکاندنی شوشەی باڵەخانەکانی دەوروبەر.
حەیدەر عەباس، کە خاوەنی چێشتخانەیەکە لە شوێنی روداوەکە، وتی "ئێمە تەسلیم نابین بە قاعیدە و گروپە تاوانبارەکان". هەروەها وتی "بەردەوامیش دەبین لەکردنەوەی دوکانەکانمان و شتنی شۆستەی شەقامەکانمان. سبەینێ گەنجان سەرلەنوێ دەگەڕێنەوە بۆ وەرگیران لەریزی سوپادا، لەبەرئەوەی عێراق هەرگیز وازناهێنێت لەجەنگان دژی تیرۆریزم".
خزر ئەلموسەوی، خاوەنی فرۆشگای "شربت الحاج زبالة" بەڵینیدا هەرگیز مل نەدا بۆ تیرۆرستان.
خزر وتی "قاعیدە دەیەوێت منداڵەکانمان بکوژێت و پاشەڕۆژمان لەناوبەرێت. دەیانەوێت ئێمە تەسلیم بەوان بین و سەرمان شۆڕبکەین و عێراقیان تەسلیم بکەین بۆ ئەوەی بیکەن بە وڵاتێکی تاریکی و خراپەکاری. بەڵام ئەمە ئەستەمە".
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران