print thisemail this
photo

[واسق خوزاعی/ گێتی ئیمیجز] ئامانجی دوو سەنتەرە نوێکە کەمکردنەوەی فشارە لەسەر ئەو سەنتەرانەی پشکنین کە ئێستا کاردەکەن لە بەغدادا.

دوو سەنتەری نوێی تاقیکردنەوەی پزیشکی دەکرێتەوە لە بەغدا

(10/8/20) -- خالید تائی لە بەغدا

بۆ سایتی مه‌وتنی

کاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستی هەفتەی رابردو رایانگەیاند کە حکومەتی عێراق دوو سەنتەری پزیشکی نوێ دەکاتەوە لە بەغدا بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی ئایدز و ئەو نەخۆشیانەی تر کە دەگوێزرێنەوە.

ئەم دوو سەنتەرە نوێیە لە ناوچەکانی شەعب و رەسافە دروستدەکرێن بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەركی سەر ئەو دەزگا پزیشکیانەی کە پشکنینی پزیشکی ئەنجامدەدەن بۆ ئەو کەسانەی کە دێنە ناو عێراقەوە یان لێیدردەچن و ئەو عێراقیانەش کە حکومەت داوای پشکنینیان لێدەکات پێش هاوسەرگیری.

وەزارەتی تەندروستی رێوشوێنی توند دەگرێتەبەر بە گوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان سەبارەت بە ئەنجامدانی پشکنین بۆ ئەوانەی سەفەردەکەن بۆ دەرەوەی وڵات یان دێنە ناو عێراقەوە.

کارمەندانی کۆمپانیا عەرەبی و بیانیەکان کە لە عێراق کاردەکەن و کارمەندانی باڵوێزخانەکان جگە لە دیبلۆماتەکان و پسپۆڕانی عەرەب و بیانیش کە بۆ حکومەتی عێراقی کاردەکەن پێویستە پشکنینیان بۆ ئەنجامبدرێت.

تیمە گەڕۆکەکانی پشکنین سەردانی مەیدانی ئەو شوێنانە دەکەن بۆ پشکنینی ئەو کەسانەی ناتوانن لە کاتی دەوامی ئاساییدا سەردانی سەنتەرەکان بکەن.

سەباح کەرکوکلی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە مەوتنی وت "پڕۆژەی دروستکردنی ئەم دوو سەنتەرە بۆ کەمکردنەوەی فشاری زۆری سەر ئەو سەنتەرانەیە کە ئێستا هەن، کە عادەتەن ناچارن مەوعیدی زۆر دوور بدەنە خەڵک، کە هەندێک جار دەگاتە چەند هەفتەیەک."

حەورا عەبدوڵا لە نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی وتی "ئامانجی ئەم رێوشوێنانە، کە غەرامەکردنی پێشێلکارانیش دەگرێتەوە، ئەوەیە کە ژینگەیەکی دروست لە عێراقدا دابمەزرێت دوور بێت لەو نەخۆشیانەی دەگوێزرێنەوە یان درمن."

کەرکوکلی وتیشی هێشتا وەزارەت گوژمەی گشتی پڕۆژەی دروستکردنی ئەم دوو سەنتەرەی نەخەمڵاندووە، بەڵام هەمو رەزامەندیە پێویستەکانی بنیاتنانی هەردوو سەنتەرەکەی وەرگرتووە، کە دابینکردنی پێداویستیەکانی تاقیگە و ئامێرەکانی پشکنین و سەرچاوەکانی هۆشیاری و خزمەتگوزاریەکانی خۆپارێزی لە ئایدز و نەخۆشیە درمەکان دەگرێتەوە.

ئەو عێراقیانەی لەم دواییەدا سەردانی سەنتەرەکانی پشکنینی پزیشکیان کردبوو، پێشوازیان کرد لە بیرۆکەی شوێنەکانی ئەم دوو سەنتەرە نوێیە.

شەیما نەوفەل، کە دانیشتوی گەڕەکی شەعبە، وتی دروستکردنی سەنتەرێکی نوێ لە گەڕەکەکەیان هەنگاوێکی ئەرێنیە.

شەیما وتیشی "ناوچەکەمان سەنتەری لەو جۆرەی تێدا نیە. دانیشتوان بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بەزۆری ناچارن بچن بۆ تاقیگەکانی ئەو ناوچانەی کە دوورن لە گەڕەکەکانیانەوە."

سالم حسێن کە لەم دواییەدا سەردانی سەنتەری پزیشکی زەویەی کردبوو وتی کە پێشبینیدەکات ئەنجامی پشکنینەکەی دوابکەوێت.

سالم وتیشی "پاش چاوەڕوانی لە ریزێکی دورودرێژدا، ئینجا توانیم پشکینەکەم تەواوبکەم کە وەک بەشێک لە ئیجرائاتی هاوسەرگیری داواکراوە. ئەوان پێیانوتم کە پاش هەفتەیەکی تر بێمەوە بۆ ئەنجامەکان، بەڵام من پێشبینیدەکەم کە ماوەیەکی درێژتر بخایەنێت بە هۆی ژمارەی زۆری سەردانکەرانەوە".

هەروەها وتی "کردنەوەی سەنتەر و تاقیگەی پزیشکی زیاتر دەتوانێت ئاسانکاری زیاتر بە سەردانکەران پێشکەش بکات، بە شێوەیەك کە ببێتە پڕۆسەیەکی ئاسانی ئەوتۆ کە کاتیكی زۆری نەوێت و باری سەرشانی سەردانکەرانیش سووك بکات".

جەبار حەمیدیش یەكێكی تر بوو لە سەردانکەرانی سەنتەری زەویە.

جەبار وتی "پێشوازیدەکەین لە بیرۆکەی فراوانکردنی سەنتەرەکانی پشکنین، کە هەر زوو نەخۆشیەکان دەستنیشاندەکەن و نەخۆشیەکان دەدۆزنەوە و رێگریدەکەن لە بڵاوبوونەوەیان. ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکیەکان کارێکی زۆر گرنگە بۆ پاراستنی عێراق وەك وڵاتێکی خاڵی لە ئایدز و نەخۆشیە مەترسیدارەکانی تر کە دەگوێزرێنەوە."

ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵسه‌نگێنه‌

ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵسه‌نگێنه‌  0/5 (0   ده‌نگه‌کان)

بیخه‌ لیستی خوازراوه‌کان
print thisemail this

سه‌رنجی خوێنه‌ران

عێراق ئه‌مڕۆ | زانیاری/پاداشت | گۆشه‌ی خێزان | وه‌رزش | هه‌مه‌ڕه‌نگ | ئه‌رشیف | ه‌رباره‌ی ئێمه‌ | ه‌یوه‌ندیمان پێوه ‌بکه‌ | خشته‌ی ماڵپه‌ر




verification image, type it in the box
ژماره‌کان داخڵ بکه‌

ليس بامكانك روية الارقام أعلاه؟

*بامكانك الأرسال بالبريد الالكتروني لخمسة أشخاص فقط في آن واحد