
[ناسر عه‌باسی/مه‌وتنی] مه‌رجه‌عیه‌ی ئاینی نه‌جه‌ف هیچ کاندید یان پارتێکی دیاریکراوی پەسەندنه‌کردووه، به‌ڵام هانی سیاسییه‌کان ده‌دات به‌پەلە بگەنە رێککه‌وتنێک.
(10/8/22) -- ناسر عه‌باسی له نه‌جه‌ف
بۆ سایتی مه‌وتنی
سه‌رچاوه‌کان له حه‌وزه‌ی ئاینی نه‌جه‌فه‌وه وتیان مه‌رجه‌عیه له نزیکه‌وه چاودێریی دانوسانه‌کانی پێکهێنانی حکومه‌ت ده‌کات و له کاتی خۆیدا به ئامۆژگاری و رێنمایی به‌شداریده‌کات ئه‌گه‌ر دانوسانه‌کان گەشتنە بنبەست.
شێخ عه‌لی نه‌جه‌فی، کوڕ و وته‌بێژی مه‌رجه‌ع شێخ به‌شیر نه‌جه‌فی، وتی "مه‌رجه‌عیه نایه‌وێت به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ ده‌ستبخاته پڕۆسه‌ی پێکهێنانی حکومه‌تی نوێ یان هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێوه."
وتی "بەڵام مه‌رجه‌عیه دووره‌په‌رێز نییه له‌و شتانه‌ی رووده‌ده‌ن و به‌رده‌وام داوا له قه‌واره سیاسییه‌کان ده‌کات په‌له‌بکه‌ن له پێکهێنانی حکومه‌ت و دانانی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاکان له‌سه‌رو به‌رژه‌وه‌ندیی که‌س و پارته‌کانه‌وه."
نه‌جه‌فی گوزارشتیکرد لە "مه‌رجه‌عیه زۆر پەستە له دواکه‌وتنی پێکهێنانی حکومه‌ت، سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕینی پێنج مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا."
وتی چه‌ندین پارت و هاوڵاتی عیراق داوایانکردووه له مه‌رجه‌عیه ده‌ستوەربداتە پڕۆسەکەوە و چاره‌سه‌ری قه‌یرانی ئێستای سیاسیی وڵات بکات، هه‌روه‌ها وتی "به‌ڵام ده‌ستێوه‌ردانی راستەوخۆی ئاشکرا پێویستی به کاتی زیاتره".
ئەو سیاسه‌تمه‌دار و سه‌رکرده‌ی پارتانەی عێراق کە کورسیان بردەوە لە په‌رله‌ماندا سەرقاڵی دانوسان بوون بۆ گه‌یشتنە رێککه‌وتن و پێکهێنانی حکومه‌تێکی هاوبه‌شی نیشتمانی له‌و کاته‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئازار راگه‌یاندرا. به‌ڵام گفتوگۆکان هیچ رێککه‌وتنێکی لێنەکەوتۆتەوە له‌سه‌ر پۆسته‌کانی سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆکی په‌رله‌مان.
شێخ فه‌رحان سه‌عدی، مامۆستا له حه‌وزه‌ی ئاینی نه‌جه‌ف، وتی مه‌رجه‌عیه له 2005 دا ئامۆژگاریی پێشکه‌شکرد کاتێك گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومه‌ت تەگەرەی تێکەوت. به‌ڵام له ئێستادا ئەگەری دەستێوەردانی مه‌رجه‌عیه کەمە.
شێخ فەرحان وتی "مه‌رجه‌عیه پێشتر له‌به‌رئه‌وه ده‌ستێوه‌ردانی کرد چونکه وڵات لاواز و ناسه‌قامگیر بوو. به‌شدارییه‌که‌ی له‌و کاته‌دا وه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و کۆمکاری عه‌ره‌ب بوو."
"ئێستا مه‌رجه‌عیه پشتگیری لیستێک، قه‌واره‌یه‌ک، یان که‌سێکی دیاریکراو ناکات له به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی تردا. پڕۆسه‌ی سیاسی و ده‌ستوری بە رادەیەک پێگەیشتوە کە دەتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت."
به قسەی شێخ سه‌عدی مه‌رجه‌عیه له ئێستادا بەهانەیەک نابینێت بۆ ده‌ستێوه‌ردان.
مه‌رجه‌عیه‌ی نه‌جه‌ف -- سه‌ید عه‌لی سیستانی و شێخ به‌شیر نه‌جه‌فی و سه‌ید محه‌مه‌د سه‌ید حه‌کیم و شێخ ئیسحاق فه‌یاز--فه‌توایان ده‌رنه‌کردووه بۆ رێنماییکردنی سه‌رکرده سیاسییه‌کان بۆ هه‌ڵبژاردنی حیزبێکی دیاریکراو یان لیستێکی دیاریکراو بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت.
به‌ڵام په‌یامێکی راسته‌وخۆیان نارد له رێی نوێژی هه‌ینیه‌وه که داوایان له سیاسییه‌کان کرد په‌له‌بکه‌ن له رێککه‌وتن له‌سه‌ر کاندیده‌کانی سێ پۆسته سیادیه‌که و له‌سه‌ر پێکهێنانی حکومه‌تێکی هاوبه‌شیی نیشتمانی.
شیکه‌ره‌وه‌ی سیاسی محه‌مه‌د عه‌نوز وتی رۆڵی مه‌رجه‌عیه له عێراقدا زۆر گرنگە.
وتی "مه‌رجه‌عیه رۆڵێکی ناوخۆیی گرنگ ده‌گێڕێت له دیاریکردنی ره‌وتی پڕۆسه‌ی سیاسی‌دا، به لای که‌مه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌واره سیاسیانه‌ی نزیکن لێیان. پێموایه مه‌رجه‌عیه راسته‌وخۆ هەڵدەستێت بە دەستێوەردان ئه‌گه‌ر سیاسیه‌کان نه‌توانن بگه‌نه چاره‌سه‌رێک بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت و ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێسته‌که بگاته خاڵێکی وه‌رچه‌رخانی ترسناک."
محەمەد عه‌نوز وتی "ئه‌و په‌یامانه‌ی له رێی نوێژی هه‌ینیه‌وه گه‌یه‌ندرایه سیاسیه‌کانی عێراق نیشانده‌ری پڕبایه‌خن. پێویستیشه سیاسییه‌کان به وریایی بیانخوێننه‌وه."
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران