
[مه‌روان ئیبراهیم/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] به‌رپرسان وتیان ده‌ستگیرکراوه‌کان به‌رپرسیارن له چه‌ند هێرشێکی تیرۆریستی له که‌رکوک.
(10/8/28) -- ئاوات عه‌لی له سلێمانی
بۆ سایتی مه‌وتنی
به‌رپرسانی ئاسایش وتیان پۆلیسی که‌رکوک ژماره‌یه‌ک گومان‌لێکراو و داواکراوی تیرۆریستیان ده‌ستگیرکرد له هه‌فته‌ی رابردوودا.
له هه‌ڵمه‌تێکی پێنج رۆژه‌دا که 23 ی ئاب کۆتایی هات، پۆلیسی که‌رکوک ئه‌ندامێکی شانه‌یه‌کی تیرۆریستیان کوشت و حه‌وتی تریان ده‌ستگیرکرد.
لیوا جه‌مال تاهیر فه‌رمانده‌ی پۆلیسی که‌رکوک وتی هێزه‌کانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ به هاوکاری له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان "توانیمان گروپێکی تیرۆریستی له شاری که‌رکوک ئاشکرا بکه‌ین و ده‌ستبگرین به‌سه‌ر چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی گرنگ و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیدا."
له یه‌که‌م رۆژی هه‌ڵمه‌ته‌که‌دا، پۆلیس دوو گومانلێکراوی ده‌ستگیرکرد، یه‌کێکیان دانپێدانانی کرد و زانیاری له‌سه‌ر ئه‌ندامانی تری تۆڕه‌که دا.
لیوا جه‌مال به مه‌وتنی وت: "له رێگه‌ی دانپیانانه‌کانی ئه‌و تیرۆریسته و ئه‌و زانیاریانه‌ی کۆمان کرده‌وه توانیمان ئه‌ندامانی تری ئه‌و گروپه بدۆزینه‌وه و شه‌ش که‌سیان ده‌ستگیربکه‌ین، یه‌کێکیشیان خۆی نه‌دا به ده‌سته‌وه و کوژرا."
لیوا جه‌مال وتی ده‌ستگیرکراوه‌کان دانیان ناوه به به‌شداریی له هێرشی تیرۆریستی و پلاندانان بۆ ئه‌نجامدانی کاری رفاندن و ته‌قینه‌وه.
وتی "به پێی دانپیانانه‌کانی ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه، ده‌ستیان هه‌بووه له ئه‌نجامدانی چه‌ندین کرده‌وه‌ی تیرۆریستی له شاری که‌رکوک و پێشتر بۆ گروپی تیرۆریستیی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراقی و رێکخراوی ئه‌نسارولسونه کاریان کردووه و چه‌ندین کرده‌وه‌ی تیرۆریستییان ئه‌نجامداوه."
هاوکات، سێشه‌ممه (24 ئاب) پۆلیسی ناحیه‌کانی که‌رکوک دوو گومانلێکراوی داواکراویان ده‌ستگیرکرد.
عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌کانی که‌رکوک وتی، "به هۆی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی له نێوان که‌رکوک و حه‌ویجه ئه‌نجامدرا توانیمان دوو تیرۆریست ده‌ستگیر بکه‌ین که له لایه‌ن یاساوه داواکراون به هۆی ئه‌وه‌ی تۆمه‌تبارن به ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌ی تیرۆریستی."
عه‌مید سه‌رحه‌د به مه‌وتنی وتی "ئه‌و دوو تیرۆریسته‌ی ده‌ستگیرکراون سه‌ر به گروپی تیرۆریستی سوپای موجاهیدینی عێراقن.'
وتیشی ره‌وشی ئاسایشی که‌رکوک به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو چاکتر بووه و هێرشه تیرۆریستیه‌کان کزبوون.
"توانای پۆلیسی که‌رکوک به‌ره‌وپێش چووه و له توانایاندا هه‌یه پارێزگاری له ماڵ و ژیانی هاوڵاتیانی شاری که‌رکوک بکه‌ن."
هاوڵاتیانی که‌رکوک چاکبوونی ره‌وشی ئاسایشیان گه‌ڕانده‌وه بۆ ئه‌دای پۆلیس و هێزه‌کانی ئاسایش.
سه‌ڵاحه‌دین سه‌عید هاوڵاتییه‌کی دانیشتووی که‌رکوک وتی "باری ئه‌منی شاری که‌رکوک زۆر به‌ره‌و باشتر رۆیشتووه به‌راورد به ساڵانی پێش‌و، ئه‌دای هێزه‌کانی ئاسایش و پۆلیس زۆر باشه له ئێستادا به تایبه‌تی پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌کانی که‌رکوک که هه‌فتانه ژماره‌یه‌کی زۆر تیرۆریست و داواکراوان ده‌ستگیرده‌که‌ن."
که‌ژاڵ غه‌ریب، هاوڵاتییه‌کی تری که‌رکوک، وتی هیواداره چاکبوونی ره‌وشی ئاسایش ببێته مایه‌ی چاکبوونی بواره‌کانی تری ژیان.
که‌ژاڵ غه‌ریب وتی "ساڵانی پێشوو هه‌موو رۆژێک گوێمان له ده‌نگی ته‌قینه‌وه و هه‌واڵی فڕاندن و تیرۆرکردن ده‌بوو له شاری که‌رکوک، به‌ڵام ئێستا باری ئه‌منی زۆر باش بووه و خه‌ڵک زیاتر هه‌ست به ئارامی ده‌که‌ن."
ئه‌گه‌رچی ره‌وشی ئاسایش باشتر بووه، که‌ژاڵ نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی له‌وه‌ی " خزمه‌تگوزاری و رێگاوبان و کاره‌با زۆر خراپ بووه و بگره ساڵانی تر باشتر بووه."
هه‌روه‌ها وتی "هیوادارم که له‌گه‌ڵ باشبوونی باری ئه‌منیدا خزمه‌تگوزارییش باش بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتوانی ئه‌م شاره تۆزێک بحه‌سێنه‌و‌ه."
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران