
[سه‌باح عه‌رار/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] زانیاریی هاوڵاتیان و وریایی هێزه‌کانی ئاسایش بوونه مایه‌ی راگرتنی هێرشێکی مه‌ترسیدار له جه‌ژندا.
(10/8/29) -- محه‌مه‌د ئه‌لقه‌یسی له به‌غدا
بۆ سایتی مه‌وتنی
هێزه‌کانی ئاسایش له فه‌لوجه هه‌ینی (27 ئاب) هه‌شت گومانلێکراویان ده‌ستگیرکرد، که دوانیان به "سه‌رکرده‌ی سه‌ربازیی قاعیده له ئه‌نبار و یاریده‌ده‌ره‌که‌ی" ناوده‌برێن.
دوای چه‌ند کاژێرێک له ده‌ستگیرکردنیان، هێزه‌کانی عێراق کارگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئاماده‌کردنی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و پشتێنی مینڕێژکراو و ئامێری ته‌قه‌مه‌نیی ده‌ستکردیان دۆزییه‌وه.
سه‌رۆکی پۆلیسی ئه‌نبار لیوا به‌هاء ئه‌لکه‌رخی به مه‌وتنی راگه‌یاند که ده‌ستگیرکردنه‌کان له گوندی موختار له باکوری خۆرهه‌ڵاتی فه‌لوجه ئه‌نجام دران له ئۆپه‌راسیۆنێکی ئاسایش‌دا که تێیدا هێزه‌کانی یه‌که‌ی دژه-تیرۆر و که‌تیبه‌ی ناکاوی به‌شداربوون.
که‌رخی وتی "زانیاری ورد و هاوکاریی هاوڵاتیان پۆلیسان گه‌یانده حه‌شارگه‌ی سه‌رکرده سه‌ربازیه‌که‌ی قاعیده و یاریده‌ده‌ره‌که‌ی."
زیاتر له 40 ئه‌ندامی ئاسایش به پشتگیری هێزه‌کانی تایبه‌ت شاڵاویان برده سه‌ر گونده‌که، "له‌وێ سه‌رکرده سه‌ربازیه‌که و یاریده‌ده‌ره‌که‌ی سه‌رقاڵی مینڕێژکردنی ئۆتۆمبیلێکی خسوسی بوون بۆ ناردنی بۆ ناو خه‌ڵکی مه‌ده‌نی له جه‌ژندا."
هێزه‌کانی ئاسایشی عێراق هۆشداریان دا و داوایان له گومانلێکراوه‌کان کرد خۆیان بده‌ن به ده‌سته‌وه و به ده‌ستی به‌رز کراوه‌وه له خانوه‌که بێنه ده‌ره‌وه. به‌ڵام، ئه‌وان به‌رگرییان کرد و ده‌ستیان به ته‌قه‌کرد، هێزه‌کانی ئاسایش ناچاربوون لێیان بێنه ده‌ست و دوو گومانلێکراوه‌که‌یان ناچارکرد خۆیان بده‌ن به ده‌سته‌وه.
که‌رخی وتی "دوو تیرۆریسته‌که به‌رپرسیارن له ئه‌نجامدانی هێرشه خوێناویه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌نبار و شاره‌کانی ده‌وروبه‌ری."
رائید خه‌لیل ئه‌لعه‌لوانی له پۆلیسی ئه‌نبار به مه‌وتنی وت دانپیانانه به‌راییه‌کانی ده‌ستبه‌سه‌رکان بوونه مایه‌ی ده‌ستگیرکردنی شه‌ش گومانلێکراوی تر له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایشه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی کارگه‌یه‌ک که بۆ ئاماده‌کردن و عه‌مبارکردنی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی به‌کارده‌هێنرا.
کارگه‌که ده‌که‌وێته شوێنێکی دوور له ناوه‌ندی شاری فه‌لوجه. کارگه‌که له‌ده‌ره‌وه له‌سه‌ری نوسرا بوو که گه‌راجێکه بۆ چاکردنه‌وه‌ی ئامێری کشتوکاڵی.
عه‌لوانی وتی قه‌باره‌ی کارگه‌که به نیوه‌ی قه‌باره‌ی یاریگا‌یه‌کی تۆپی پێ مه‌زه‌نده ده‌کرێت و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو، پشتێنی مینڕێژکراو، موشه‌ک، که‌ره‌سته‌ی ته‌قه‌مه‌نی، و بۆمبی له‌زگه‌یی تێدا بوو.
عه‌لوانی هه‌روه‌ها وتی "کارگه‌که سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کییه بۆ دابینکردنی که‌ره‌سته بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی تیرۆریستان و دابینکردنی شانه‌کان به‌و شتانه‌ی پێویستییان پێیه‌تی بۆ درێژه‌ی ره‌وڕه‌وه‌ی مه‌رگ و وێرانکاری."
عه‌قید عه‌لی ئه‌لدولێمی له ژوری ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ئه‌نبار وتی که هێزه‌کانی ئاسایش بۆمبی ئۆتۆمبیله‌که‌یان پوچه‌ڵ کرده‌وه که گومانلێکراوه‌کان کاریان له‌سه‌ر ده‌کرد پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستگیربکرێن.
وتی "له چه‌ند رۆژی داهاتوودا دانپیانانی تیرۆریسته‌کان له‌سه‌ر که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌فزیۆن په‌خش ده‌کرێن. ئێستا ئه‌وانه له به‌ندینخانه‌ی ناوه‌ندیی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ده‌ستبه‌سه‌رکراون."
سه‌رۆکی پۆلیسی فه‌لوجه عه‌قید مه‌حمود ئه‌لعیساوی ستایشی هاوکاری هاوڵاتیانی کرد بۆ ئه‌نجامدانی کاره‌که، و وتی ئۆپه‌راسیۆنه‌که "گورزێکی توند بوو که له کاتێکی زۆر هه‌ستیاردا هات."
عه‌قید مه‌حمود وتی "کارمه‌ندی پۆلیس خۆشه‌ویستی و دڵسۆزیی خۆیان بۆ وڵات سه‌لماند و به‌بێ ترس شاڵاویان برده سه‌ر شوێنه‌که. هه‌ر یه‌کێکیان هه‌وڵی ده‌دا پێش هاوڕێکانی بکه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ره‌فی رزگارکردنی خه‌ڵکی پێببڕێت له شه‌ڕانگێزیی پیاوکوژ و تاوانباران."
قوسه‌ی ئه‌حمه‌د، 28 ساڵ، وتی "ئێمه زۆر خۆشحاڵ بووین که هه‌واڵه‌که‌مان بیست. هه‌موو عێراقییه‌ک پێویسته خۆشحاڵ بێت به‌م سه‌رکه‌وتنه چونکه ئه‌گه‌ر شه‌ڕانگێزی به‌رده‌وام بێت، ته‌نها یه‌ك شوێن ناگرێته‌وه -- هه‌موو عێراق ده‌گرێته‌وه."
باسیل رازق، 67 ساڵ، وتی "ئه‌و رۆژه هات که ده‌ستی هێزه‌کانی ئاسایش به‌زه‌برتره‌و ده‌گاته شوێنی دوورتر له ده‌ستی تیرۆریستان."
باسیل وتی "هه‌موو که‌سێک پێویسته ئه‌وه بزانێت که عێراق باشتر نابێت و چاک نابێته‌وه تا تیرۆریزمی لێبێت. بۆیه، پێویسته به توندی هاواری ره‌تکردنه‌وه به رویاندا بقیژێنین و به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌وان شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ بکه‌ین."
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران