
[ئەحمەد روبێعی/ ئەی ئێف پی/ گێتی ئیمیجز] هێزەکانی ئەمریکا مەشقدەکەن بە یەکە نوێکانی عێراق.
(10/8/31) -- سەیف ئەحمەد لە ئەنبار
بۆ سایتی مهوتنی
هەفتەی رابردو زیاد لە سەد ئەفسەری پۆلیسی پارێزگای ئەنبار خولێکی راهێنانی تایبەتیان تەواوکرد سەبارەت بە پوچەڵکردنەوەی ئوتومبێلی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی دەستکرد و بۆمبی لەزگەیی.
فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار رایگەیاند کە دەرچوانی نوێی خولەکە لە سەرجەم بنکەکانی پۆلیسی پارێزگاکەدا دادەمەزرێن.
لیوا بەهاء کەرخی، فەرماندەی پۆلیسی ئەنبار، وتی "ئەم بەشە نوێیە بەو مەبەستە کراوەتەوە کە هەمو بنکەیەکی پۆلیس لە پارێزگادا توانای ئەوەی هەبێت کە ئەو ئەرکانە ئەنجامبدات کە پێی دەسپێردرێت، لەوانە پوچەڵکردنەوەی ئوتومبێلی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی چێنراو و بەکارهێنانی ئامڕازی نوێ و رۆبۆت بۆ لابردنی مەوادی تەقەمەنی لە قەراغ شەقامەکان و ناو بیناکاندا."
ئەم خولە 45 رۆژییە مەشقی بە ئەفسەرانی پۆلیس کرد لەسەر چۆنیتی بەکارهێنانی ئامڕازە جیاوازەکانی دۆزینەوەی تەقەمەنی و چۆنێتی پوچەڵکردنەوە و هەڵگرتنەوە و لابردنی تەقەمەنیەکان. لیوا بەهاء وتیشی "خولی راهێنانی تریش بەڕێوەیە کە مەشق بە ژمارەی پێویست لە کارمەندانی پۆلیس دەکات، ئەوانەی ئەرك و بەرپرسیارێتی پاراستنی گیانی هاوڵاتیانیان لە پشتێنی بۆمبڕێژکراو و ئوتومبێلی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی چێنراو لە لایەن گروپە تیرۆرستەکانەوە لەسەرشانە."
بە گوێرەی لیوا بەهاء، فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار پێش ئەم دەستپێشخەریە تەنها یەکەیەکی پێکهاتو لە 19 ئەفسەری پۆلیسی هەبوو کە کاریان لەسەر پوچەڵکردنەوەی تەقەمەنی دەکرد.
هێزەکانی ئەمریکا مەشقیانکرد بە پۆلیس لەسەر پوچەڵکردنەوەی ئوتومبێلی بۆمبڕێژکراو و لەکارخستنی بۆمبی دەستکردی چێنراو لە ئەکادیمیای پۆلیسی رەمادی و بنکەی سەعد و بنکەی حەبانیە.
عەمید ناجی سالم بەجاری، بەڕێوەبەری یەکەی پوچەڵکردنەوەی تەقەمەنی لە ئەنبار، وتی "پشتگیری ئەمریکا بۆ هێزەکانی عێراق بەردەوامە و ئەمەش کارێکی گرنگە، لەوانەش مەشقپێکردنی هێزە عێراقیەکان لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ تەقەمەنیدا و لەکارخستنی ئوتومبێلی بۆمبڕێژکراو و پوچەڵکردنەوەی بۆمبی دەستکرد."
عەمید روکن فەیسەڵ دولێمی لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار بە مەوتنی وت کە دەزگاکانی ئاسایشی وڵات زۆر لە جاران کاریگەرترن.هەروەها وتی "رۆژانە هێزەکانی پۆلیسی ناوخۆ هەڵدەستن بە ئۆپەراسیۆنە ئەمنیە خۆپارێزیەکان و دەستکەوتی گرنگ بەدەستدەهێنن لە بەجێهێنانی کاری ئاسایشیاندا و راوەدونانی ئەو کەسانەی بە کوشتنی هاوڵاتیان تۆمەتبارن و پوچەڵکردنەوەی شانە تیرۆرستیەکانیان."
عەمید روکن فەیسەڵ وتی "دروستکردنی بەشێکی نوێ کە پسپۆڕە لە تەقەمەنی دا گورزێکی ترە لە تیرۆریزم و پلانەکانی بۆ کردنی هاوڵاتیانی بێتاوان بە ئامانجی ئەو بۆمبە دەستکرد و موشەك و ئوتومبێلە بۆمبڕێژکراوانەی کە لە ناوخۆدا دروستیدەکەن."
عەقید مەزهەر جوعانی لە ئەکادیمیای پۆلیسی ئەنبار بە مەوتنی وت کە هێزەکانی پۆلیسی پارێزگاکە چەندین ئامڕازی نوێیان خستۆتەکار لەوانە ئامێرەکانی تەشویش بۆ یارمەتیدانی بەشە تازە دروستبووەکان لە ئەنجامدانی کارەکانیاندا.
عەقید مەزهەر وتیشی "تەنانەت ئەو جلوبەرگ و ئامڕازانەش کە لە لایەن تیمەکانی پوچەڵکردنەوەی بۆمبی چێنراوی سەر بە یەکەکانی پۆلیسەوە بەکاردێت بە تەواوی جیاوازن لەوانەی هێزەکانی تری پۆلیس".
خولەکە وانەشی تێدابوو لەبارەی چۆنێتی چارەسەرکردنی ئەو بریندارییانەی کە بە هۆی تەقینەوەوە دروستبون و چۆن برینداران بە خێرایی بگەیەنرێنە نەخۆشخانە.
موقەدەم محەمەد جومەیلی لە پۆلیسی ئەنبار بە مەوتنی وت کە "دروستکردنی ئەم یەکەیە زۆرگرنگە. لەم رێیەوە تایبەتمەندان دەتوانن ژیانی هاوڵاتیان بپارێزن و بۆمبی دەستکرد و ئوتومبێلی بۆمبڕێژکراو بە خێرایی پوچەڵبکەنەوە."
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران