
[دانیال بێرهولاک/گێتی ئیمیجز] سه‌رۆک وه‌زیران نوری مالیکی وتی هێزه‌کانی عێراق ئێستا "رۆڵێکی پێشه‌نگانه" ده‌گێڕن له پاراستنی ئاسایشی وڵات‌دا.
(10/9/3) -- محه‌مه‌د قه‌یسی له به‌غدا
بۆ سایتی مه‌وتنی
سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق نوری مالیکی سێشه‌ممه (31 ئاب) وتی هێزه‌کانی ئاسایشی عێراق ده‌توانن ئاسایشی عێراق بپارێزن "بە هۆی پیشەگەری و لێهاتویی و پابه‌ندییانەوە به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی وڵات و هاوڵاتیانەوە".
مالیکی وتارێکی ته‌له‌فزیۆنی دا له به‌غدا بە بۆنەی فەرمی کۆتاییهاتنی ئه‌رکی جه‌نگاوه‌ریی ولایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان له عێراق.
مالیکی وتی "له‌مڕۆ به دواوه، هێزه‌کان و ئاژانسه‌کانی ئاسایشمان رۆڵێكی پێشه‌نگانه ده‌گێڕن له چه‌سپاندنی ئاسایش و به‌رگریکردن له وڵات و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی روبه‌ڕوی ده‌بنه‌وه، ئنجا له سه‌رچاوه ناوخۆییه‌کانەوه بێت یان ده‌ره‌کیەکان."
مالیکی وتی عێراق و هێزه‌کانی ئاسایشی روبه‌ڕوی چه‌ندین ئاسته‌نگ بوونه‌ته‌وه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، به‌ڵام توانیویانه زاڵ‌بن به‌سەر زۆربه‌یاندا له سەر ئاستی سیاسی و ئاسایش و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی دا.
وتی "تیرۆریزم له لوتکه‌ی سه‌ره‌وه‌ی لیستی ئه‌م ئاسته‌نگانه‌دا بووه."
کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئەمریکا له عێراق به‌شێکه له رێکه‌وتننامه‌ی ئیمزاکراوی نێوان عێراق و ولایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان له 2008 دا.
ئێواره‌ی سێشه‌ممه سه‌رۆکی ولایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان باراک ئۆباما لە وتارێکدا لە کۆشکی سپیەوە کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکانی شەڕی راگەیاند.
ئۆباما وتی "خه‌ڵکی عێراق ئێستا بەرپرسیارێتی سەرەکی ئاسایشی وڵاتەکەیان لەئەستۆدایە". هه‌روها وتی هێزێکی سەربازی ئینتقالیی ئەمریکی له وڵاته‌که‌دا ده‌مێنێتەوە بۆ پێشکەشکردنی راوێژ و هاوکاریی بۆ هێزه‌کانی ئاسایشی عێراق.
ئۆباما وتی "ئه‌مه گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئاسایشی خۆیان بۆ دەستی عێراقییه‌کان تەواودەکات. سه‌ربازانی ئەمریکی هاوینی رابردو له شاره‌کانی عێراق کشانه‌وه و هێزه‌کانی عێراق رۆڵی سەرەکیان گرته‌ده‌ست به شاەزاییەکی به‌رچاو و به پابه‌ندێتییانه‌وه به‌رامبه‌ر به هاوڵاتییه‌کانیان. له‌کاتێکدا که عێراق هێشتا به ده‌ست هێرشی تیرۆریستییه‌وه ده‌ناڵێنێت، رووداوه‌کانی ئاسایش نزیکبوونه‌ته‌وه له که‌مترین ژماره‌یان له‌و کاته‌وه‌ی جه‌نگ ده‌ستیپێکردووه. هەروەها هێزه‌کانی عێراق شه‌ڕەکەیان بردۆتە گۆڕەپانی قاعیدەوە و زۆر لە سەرکردەکانیان لەناوبردون لە ئۆپەرسیۆنگەلێکدا کە عێراق خۆی پێشڕەوی کردوە."
مالیکی له وتاره‌که‌یدا داوای‌کرد له "هێز و حیزبه نیشتمانیە‌کان به‌رپرسیارێتی خۆیان بگرنە‌ستۆ له قۆناغی پاش کشانه‌وه‌دا بۆ یه‌کخستنی ریزه‌کانیان له شه‌ڕی کراوه‌ماندا دژی تیرۆریزم و بۆ ته‌واوکردنی بنیاتنانی دەزگاکانی ده‌وڵه‌ت و هێزه‌کانی ئاسایش."
هه‌روه‌ها وتی "سه‌رکه‌وتنمان له جه‌نگی دژی تیرۆریزمدا پشتده‌به‌ستێت به یه‌کێتی نیشتمانیمان و به‌و پشتگیرییه‌ی له هێزه‌کان و ئاژانسه‌کانی ئاسایشی ده‌که‌ین."
هه‌فته‌ی رابردو حکومه‌تی عێراق پۆلیس و هێزه‌کانی سوپای عێراقی خسته حاڵه‌تی ئه‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشییه‌وه بۆ به‌رگریکردن له دژی هه‌ر هێرش یان زه‌بروزه‌نگێکی گروپه تیرۆریستییه‌کان که ره‌نگه پلانیان دانابێت بۆ هه‌وڵدان بۆ تێکدانی ئاسایش.
عه‌لا تائی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له عێراق، وتی بڵاوبوونه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئاسایش و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگایی و راگه‌یاندنی حاڵه‌تی ئه‌وپه‌ڕی ئامادەباشی "تاکتیکێکه که خه‌ڵک زۆری لێ ده‌بینن له ماوه‌ی داهاتودا له‌گه‌ڵ درێژه‌دان به گرتنه ده‌ستی به‌رپرسیارێتیی زیاتری ئاسایش له لایه‌ن هێزه عێراقییه‌کانه‌وه."
وتی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌به‌رده‌ستی هێزه‌کانی ئاسایشی عێراقدان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن که قاعیده "به‌نیازه هێرش بکات به مه‌به‌ستی گه‌یاندنی په‌یامێک به‌و مانایه‌ی که هێشتا زیندوه له عێراق دا."
تائی وتی ئامانج له‌م رێوشوێنه نوێیانه‌ی ئاسایش بریتییه له "پیشاندانی راده‌ی توانای ده‌وڵه‌ت و هێزه‌کانی ئاسایش و به‌رزکردنه‌وه‌ی حاڵه‌تی ئاماده‌باشی بۆئه‌وه‌ی هیچ هەلێک نەهێڵرێتەوە بۆ گروپه تیرۆریسته‌کان بۆ ئەنجامدانی هێرش لە دوا ساتدا."
لیوا محه‌مه‌د عه‌سکه‌ری، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی له عێراق، وتی ئامانجه‌کانی پلانه‌کانی ئێستا بریتین له به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند ئامانجێک بۆ ئاسایشی گشتیی، وه‌ك دیسانه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ی ره‌وشی ئێستا و داڕشتنی پلانی درێژخایه‌ن و کورتخایه‌ن. وتیشی "هاوڵاتیان له بواری باشبونی ئاسایش له به‌غدا و له عێراق دا به گشتیی به چاوی خۆیان ئه‌مه ده‌بینن و هه‌ستی پێده‌که‌ن."
وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی به‌غدا لیوا قاسم عه‌تا وتی به‌رپرسانی ئاسایش جه‌ختیانکردەوە لە پێویستی تواناسازکردنی ئاژانسه‌کانی هه‌واڵگری و ئامادەکردنی هاوڵاتیان بۆ هاوکاریکردن له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نه ناوخۆیی و شاره‌وانییه‌کاندا "چونکه قۆناغی ئێستا و ئه‌وانه‌ی داهاتو گرنگن و نابێت هیچ شتێک فه‌رامۆش بکه‌ین یان هیچ که‌لێنێک بۆ دوژمن بهێڵینه‌وه."
له پارێزگای ئه‌نبار، که به یه‌كێک لەو پارێزگایانە دادەنرا کە ناسه‌قامگیرە له عێراق دا، جێگری پارێزگار حیکمه‌ت جاسم زیدان بڵاوبوونه‌وه‌ی هێزی زیاتری عێراقی بە "شتێکی گرنگ و سروشتی" وەسفکرد.
حیکمه‌ت جاسم وتی "هێزه‌کانی ئاسایشی عێراق ده‌ستیانگه‌یانده کولانه‌ی زه‌رده‌واڵه‌کان، یان راستتر، هه‌ڵیانکوتایه سه‌ر قه‌ڵاکانی تیرۆریزم. له ئه‌نجامدا، پەرشوبڵاوبونەوە و دابەشبون، هه‌وڵیان ده‌دا لێره و له‌وێ لە ئامانجەکان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی کۆششه‌کانی سوپای عێراق پوچەڵبکەنەوە."
وتی "بەڵام بێگومان تیرۆریسته‌کان شکستده‌هێنن."
عه‌قید عه‌لی شەمه‌ری له ژووری ئۆپه‌راسیۆنی دیاله وتی "به‌رزکردنه‌وه‌ی حاڵه‌تی ئاماده‌باشیی هێزه‌کانی ئاسایش هه‌روه‌ها بۆ رێگرتنە له هه‌ر خاوبوونه‌وه یان فه‌رامۆشکردنێک له لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایشه‌وه له شه‌ڕه‌که‌یاندا له دژی تیرۆر."
وتی "ئه‌مه هانده‌رێکی نوێیه بۆ هێزه‌کانی ئاسایش له‌م قۆناغه‌دا، که هیوادارین تێیدا کۆتایی زه‌بروزه‌نگ ببینین له عێراقدا."
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران