
[پاتریک باز/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] گه‌ڕه‌که‌کانی یه‌رموک و زه‌یونه له به‌غدا یه‌که‌م گه‌ڕه‌ک ده‌بن پڕۆژه نوێکە تاقیبکه‌نه‌وه.
(10/9/3) -- ئه‌حمه‌د شاکر له به‌غدا
بۆ سایتی مه‌وتنی
وه‌زاره‌تی کاره‌بای عێراق پڕۆژه‌یه‌کی نوێی کاره‌بای راگه‌یاند که کارەبابڕان کەمدەکاتەوە بۆ تەنها چوار کاتژمێر له رۆژێکدا. لە بەرامبەریشدا عێراقییه‌کان بە شێوەیەکی جیاواز لە جاران پارەی کارەبا دەدەن.
به وته‌ی وته‌بێژی وه‌زاره‌ت موسعه‌ب موده‌ریس، پڕۆژه‌که هه‌فته‌ی داهاتو له دوو گه‌ڕه‌کی به‌غدا ده‌ستپێدەکات: یه‌رموک و زه‌یونه له ره‌سافه.
نرخی نوێی مانگانه به گوێره‌ی کیلۆوات بۆ هه‌ر کاتژمێرێک بۆ یه‌که‌که ده‌ژمێردرێت. هاوڵاتیان 20 دینار بۆ هه‌ر یه‌که‌یه‌ک ده‌ده‌ن له 1 تا 1,000 یه‌که‌ی کاره‌با، 50 دیناریش بۆ 1,001 تا 2,000 یه‌که، 80 دینار بۆ 2,001 تا 3,000 یه‌که، و 100 دیناریش بۆ 3,001 تا 4,000 یه‌که و 135 دینار بۆ 4,001 یه‌که و زیاتر.
موسعه‌ب مودەریس وتی "پڕۆژه‌که به‌رفراوان ده‌کرێت و گه‌ڕه‌که‌کانی تری به‌غدا و پاشان هه‌مو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە ئه‌گه‌ر ئه‌زمونه‌که له یه‌رموک و زه‌یونه سەرکەوتو بوو و هاوڵاتیان پابه‌ندبن به که‌مکردنه‌وه‌ی بەکارهێنانی کاره‌باوه."
به گوێره‌ی خەمڵاندنەکانی وه‌زاره‌ت هه‌ر ماڵێكی ئاسایی له یه‌رموک و زه‌یونه 55,000 دینار ده‌دات له یه‌ک مانگدا ئەگەر 10 گڵۆپ و ته‌له‌فزیۆنێک و سه‌ته‌لایتێک و چوار پانکه و سێ فێنککه‌ره‌وه و به‌فرگرێک و ساردکه‌ره‌وه‌یه‌کی ئاو و په‌مپێکی ئاو و جلشۆرێک و گسکێکی کاره‌بایی و قژ وشککه‌ره‌وه‌یه‌ک و فڕنێکی کاره‌بایی بەکاربهێنێت.
موسعه‌ب مودەریس وتی "پابه‌ندێتی هاوڵاتیانی ئه‌م دوو گه‌ڕەکه، به به‌کارنه‌هێنانی ئامێری تری کاره‌بایی زیاتر له‌وه‌ی مه‌زه‌نده کراوه له لایه‌ن وه‌زاره‌تی کاره‌باوه، ده‌بێته هۆی که‌مکردنه‌وه‌ی بەکارهێنانی کاره‌با به رێژه‌ی 50% و ئەوەش مسۆگەردەکات کە پڕۆژەکە پاشماوەی وڵات دەگرێتەوە."
له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردودا، وه‌زاره‌تی کاره‌با هه‌ڵمه‌تێکی وشیارکردنەوەی ده‌ستپێکرد له دوو گه‌ڕه‌که‌که‌دا و باسی پڕۆژه نوێکەی بۆ هاوڵاتیان کرد. هه‌ڵمه‌ته‌که دابه‌شکردنی بڵاڤۆکی لەخۆگرت کە ئامۆژگاریی هاوڵاتیانی دەکرد له بارەی بایه‌خی ده‌ستگرتن به کاره‌باوه.
چه‌ند ساڵێکه عێراقییه‌کان پشتیان به موه‌لیده‌ی کاره‌بای بچوک به‌ستوه یان ئیشتراکیان کردوە له موه‌لیده‌ی گەورەی ئه‌هلی گه‌ڕه‌کەکانیاندا بۆ دابینکردنی کاره‌با بۆ ماڵه‌کانیان. کرێی ئه‌م موه‌لیدانه نزیکه‌ی 50,000 تا 200,000 ە به گوێره‌ی به‌کارهێنانیان.
عه‌بدولجه‌لیل ئه‌لراوی،دانیشتویه‌کی به‌غدا، وتی "55,000 دینار بڕێکی که‌مه له به‌رامبه‌ر 20 کاتژمێر کاره‌با له رۆژێکدا، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێستا هاوڵاتیان ده‌یده‌ن به خاوه‌ن موه‌لیده‌کان و بۆ کڕینی به‌نزین بۆ موه‌لیده‌ی ماڵه‌کانیان."
وتی "ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان پابه‌ند بن به پڕۆژه‌که‌وه، چاره‌سه‌رێکی نمونه‌یی و خێرا ده‌بێت بۆ قه‌یرانی کاره‌با که هاوڵاتیانی عێراق به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنن. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه، ده‌بێته مایه‌ی سوککردنی بارێکی گران لە سه‌رشانی وه‌زاره‌تی کاره‌با."
په‌رله‌مانتاری عێراق عه‌بدولره‌حمان مه‌حمود وتی پڕۆژه‌که "هه‌نگاوێکی نوێ بوو که ده‌بێته مایه‌ی سوککردنی باری سه‌رشانی ئه‌و هاوڵاتییه عێراقییانه‌ی کاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلییان راکێشاوه و کاره‌بای پێویستیان پێنادات."
وتی "وه‌زاره‌تی کاره‌با ئەوپەڕی هه‌وڵی خۆی ده‌دات بۆ دابینکردنی کاره‌با بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیان. بۆیه پیویسته هاوڵاتیان هه‌وڵ بۆ سه‌رکه‌وتنی ئه‌و پڕۆژه و پلانانه بده‌ن که خزمه‌تیان ده‌کات."
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران