
[سەفین ئەحمەد/ ئەی ئێف پی/ گێتی ئیمیجز] جوتیارانی دیالە قەرز بەکاردێنن بۆ پەرەپێدانی ئاژەڵداری و باخەکان.
(10/9/3) -- ئەحمەد شاکیر لە دیالە
بۆ سایتی مهوتنی
فەرمانگەی کشتوکاڵی دیالە هەفتەی رابردو رایگەیاند کە لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردودا، زیاتر لە 50 ملیار دیناریان لە شێوەی قەرزی کشتوکاڵیدا بەخشیوە بە جوتیاران لە پارێزگاکەدا.
زیاتر لە 4,000 جوتیاریش لە سەرانسەری پارێزگادا سوویان لەم قەرزانە بینیوە.
مەجید خەلیل، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی لە دیالە، وتی کە فەرمانگەکەیان لە 2008 دا دەستیکرد بە پێدانی قەرزی کشتوکاڵی، کە سوودیان ناچێتەسەر، بە جوتیاران بۆ یارمەتیدانیان لە ئەنجامدانی پڕۆژەی کشتوکاڵی خۆیان.
مەجید خەلیل وتیشی "ئەو قەرزە داراییانەی دراون بە جوتیاران بەشێکە لەو دەستپێشخەریە کشتوکاڵیەی حکومەتی عێراق، بە مەبەستی پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا."
ئەو قەرزە کشتوکاڵیانە بەسەر چەندین بودجەدا دابەشکراون، هەرە گرنگترینیان پێدانی پارەیە بۆ ئاژەڵداری و ئامێرە کشتوکاڵیەکان و پڕۆژەکانی ئاودێری و چاندنی دارخورما.
مەجید خەلیل هەروەها وتی ئەو قەرزانە یارمەتیدەر بوون لە پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری لە پارێزگاکەدا بەوەی ژمارەیەك لە جوتیاران پڕۆژەی نوێیان ئەنجامداوە و پەرەیانداوە بە باخ و کێڵگەکانیان.
بەڵام توندنوتیژی و کەمئاوی لە ساڵانی رابردودا بوونەتە هۆی دابەزینی ئاستی کەرتی کشتوکاڵی و کەمبوونەوەی بەرهەم.
فورات محەمەد، جێگری پارێزگاری دیالە، وتی "واقیعی کشتوکاڵی لە سەرجەم ناوچەکانی پارێزگای دیالە لە رابردودا دواکەوتنێکی گەورەی بەخۆوە دیوە. ئەم دواکەوتنەش لە کەمی گرنگیدان بە جوتیاران و شکستهێنان لە دابینکردنی پێداویستیەکانیاندا خۆی دەبینێتەوە. هەمو ئەم فاکتەرانە کاریگەری نەرێنیان هەبووە لەسەر پەرەپێدانی ئەم کەرتە."
هەروەها وتی "لەبەرئەوە حکومەتی ناوخۆ لە دیالە هەردەم هەوڵیداوە و بەردەوامیشە لەسەر هەوڵدان بۆ هاندانی ئەم کەرتە چونکە کشتوکاڵ رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە ئابوری پارێزگاکەدا."
بە گوێرەی ئامارە حکومیەکان، پارێزگای دیالە رووبەرێکی فراوانی زەویە کشتوکاڵیەکانی لەخۆگرتووە و کە نزیکەی %70 دانیشتوانی دیالە کاری تێدادەکەن. باخەکانی دیالە بە هەنار و پرتەقاڵ و مزرەمەنی و خورما و ترێ و شوتی و هەنجیر و تەماتە و خەیار و جۆرەکانی تری بەروبومی سەوزە بەناوبانگن.
عەبدولوەدود عەبدولحەی، کە جوتیارێکی گوندی سادەیە، وتی کە ساڵ و نیوێك لەمەوبەر قەرزێکی وەرگرت بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی کێڵگەی پەلەوەرەکەی.
عەبدولوەدود وتیشی "ئەم قەرزانە زۆر گرنگن بۆ پەرەپێدانی واقیعی کشتوکاڵی لە پارێزگاکەدا، کە لە چەند ساڵی رابردودا دواکەوتنێکی زۆری بەخۆوە دیوە".
مەسعود شەمەری کە جوتیارێکی خەڵکی بەهرۆزە وتی وەرگرتنی قەرزی کشتوکاڵی "زۆر دواکەوت بەهۆی ئیجرائاتە ئیداری و یاساییە ئاڵۆزەکانەوە".
مەسعود داوایکرد لە فەرمانگەی کشتوکاڵی دیالە کە "واز لە رۆتین بێنن بۆئەوەی کاریگەریەکی ئەرێنی لەسەر ئەو پڕۆژانەی جوتیاران دروست ببێت کە وەبەرهێنانی تێدا ئەنجام دەدەن".
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران