
[نائیل لوتفى] ماتەمگێڕان مونزر عەلى شیناوەى راهێنەرى تۆپى سەبەتەى کەرخیان لەیادە.
نائیل لوتفى لە بەغدا – 1/2/10
بۆ سایتی مهوتنی
لە پرسەیەکى خەمناکدا سێشەممە (26 کانونى دووەم)، ههوادارانى وەرزش ماڵئاواییان لە مونزرعەلى شیناوەى راهێنەرى تۆپی سەبەتەى کەرخ کرد، کە لە هێرشە تیرۆریستیەکهی دووشەممەى ( 25 کانونى دووەم) سهر ئوتێل بابلى بەغدادا کوژرا.
شیناوە بەڕێوەبەرى کارگێڕى ئوتێل بابل بوو و لە کاتى رودانى تەقینەوەکەدا لە نوسینگهکهی خۆیدا بوو. بە خهستی بریندار بوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەى ئیبن ئەلنەفیس، بەڵام چەند کاتژمێرێک دواتر مرد.
رێپێوانى ماتەمینیەکە، که بە ئامادەبونى بەرپرسان و جەماوەرێکى زۆر بهڕێوهچو، لە باڵەخانەى وەزارەتى وەرزش و لاوانەوە دەستیپێکرد و لە یانەى کەرخ کۆتاییهات.
هەوادارانى وەرزشى و بەرپرسان دڵتەنگى قوڵى خۆیان بەرامبەر مردنهکهی دەربڕى.
وەزیرى وەرزش و لاوان، جاسم محەمەد جەعفەر، لە کاتى سەرەخۆشى کردندا وتى" مردنى شیناوە بۆ ئێمە زۆر ناخۆش بوو و برینێکى قوڵى لە رۆحى هەموو عێراقیهکاندا بەجێهێشت کە ساڕێژبوونى ئەستەمە."
وتیشى" ئێمە حەزمان دەکرد لەگەڵ ئێمەبوایه تا پێکەوە بەردەوام بین لە بنیادنانى وەرزشى عێراقى، بەڵام قهدهر بەهێزتربوو و تیرۆریستانیش جیاوازى لە نێوان عێراقیهکاندا ناکەن."
جێگری وەزیرى وەرزش و لاوان، عیسام ئەلدیوان، وتى" لەدەستدانى برا و هاوکارمان شیناوە زیانێکی گەورەیە بۆ وەرزشى عێراقى بە گشتى و تۆپى سەبەتە بە تایبەتى."
دیوان وتیشى "من بۆ ماوەى دە ساڵ دەبێت خوالێخۆشبوو شیناوە دەناسم. بۆ ماوەى دوو ساڵ زیاتر ئەو بەڕێوەبەرى نوسینگهکهی من بوو لە وەزارەت؛ نمونەى دڵسۆزى بوو."
ئیدارەى یانەى کەرخ بڕیاریدا هۆڵى وەرزشى یانەکەیان به ناوی شیناوهوه ناوبنێن.
ساڵح حەمید، سکرتێرى دارایى یانەى کەرخ، وتى "بڕیارى ناونانى هۆڵە وەرزشیەکە بە ناوى مونزر عەلى شیناوەوه بۆ بەرزراگرتنى ئەو خزمەتە زۆرە بوو کە بەڕێزیان پێشکەشى یانەى سەبەتەى کەرخى کردبوو، هەروەها تا یادى ئەو بەنەمرى لە ناخماندا بمێنێتەوە."
یاریزانى یانەى سەبەتەى کەرخ، ئەحمەد جەبار، لە کاتێکدا کە فرمێسکەکانى دەسڕیەوە، وتى" ئێمە بەڵێنمان بە راهێنەر مونزر دابوو کە خولى نایابی ئەم وەرزە ببەینەوە. وێنە و وشەکانى ئێستاش لەبهر چاومدان."
ئەحمەد جەبار وتیشى " ههرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم کە باوک و مامۆستاى رۆحیم لەدەست بدەم. مردنى ئەو داخێکى لە دڵى هەموو ئێمەى یاریزانان بەجێهێشتوه و بۆشاییەکیشە کە هەرگیز پڕنابێتەوە."
رۆژنامەنوسى وەرزشى بهئهزمون، سەکبان ئەلروبەیعى، که باسى شیناوەى دەکرد دەگریا، وتى "ئەو دیاردەیەکى دهگمهن بوو لە تۆپى سەبەتەى عێراقدا. چاوەڕوانى داهاتویەکى گەشم لێدەکرد."
شیناوە لە ساڵى 1959 لە ناسریە لەدایکبوە. لە ناوەڕاستى ساڵانى 1970 دا لەگەڵ یانەى ناسریە دەستى بە کارى وەرزشى کردوە. لە سەرەتاى ساڵانى 1980 دا رێککهوتنی کارکردنی لەگەڵ یانەى جەیش ئیمزاکردوه، پاشان نوێنەرایەتى یانەى رەشیدى کردوە ( کە ئێستا پێیدهڵێن کەرخ). لە ساڵى 1992 وازیهێناوە و دەستیکردوە بە راهێنانى کەرخ.
کارکردنى وەکو راهێنەرى تیپی ههڵبژاردهکانی عێراق لە ساڵى 1978 وە لەگەڵ تیپەکانى خوار تهمهنی 20 ساڵهوه دەستىپێکردوە، که لە پاڵەوانێتی ئاسیا پلەى دووەمى بەدەست هێنا. پاشان لە ساڵى 2002 بوو بە یاریدەدەرى راهێنەرى تیپى ههڵبژاردهی نیشتمانى عێراقى، فیکرەت تۆما، کە لهو ساڵهدا عێراق لە پاڵەوانێتی عەرەبدا پلەى سێیەمى بهدەست هێنا. هەروەها سێ جار نازناوی سەبەتەى عێراقى لهگهڵ کەرخدا بردۆتهوه.
خالید نەجم، سکرتێرى یەکێتى تۆپى سەبەتەى ناوەندى عێراقى، وتى "شیناوە لە زۆر بۆنەى دەرەکیدا بە باشترین شێوە نوێنەرایەتى عێراقى کردوە، هەر لەبەر ئەمەشە بووە بە ئەستێرەیهکی درەوشاوەى تۆپی سەبەتەى عێراق."
وێنه:[نائیل لوتفى] ماتەمگێڕان مونزر عەلى شیناوەى راهێنەرى تۆپى سەبەتەى کەرخیان لەیادە.
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران