
[لەیس ئەلخەتیب/ مەوتنی] تیپی هەڵبژاردەی نیشتیمانی باسکەی عێراق لە دهۆک راهێنان دەکەن تا دەسپێکردنی خولەکە لە 9 حوزەیران.
لەیس ئەلخەتیب لە بەغدا - 6/6/10
بۆ سایتی مهوتنی
هەڵبژاردەی نیشتیمانی باسکەی عێراقی خۆی ئامادەدەکات بۆ بەشداریکردن لە یاریەکانی رۆژئاوای ئاسیا کە 9 حوزەیران لە دهۆك دەستپێدەکات. تیپەکانی باسکە لە وڵاتانی لوبنان و سوریا و ئەردەن و ئێران و فەلەستین و یەمەن بەشداری لەم روداوە وەرزشیەدا دەکەن.
حسێن ئەلعەمیدی، سەرۆکی یەکێتی یاری باسکەی عێراقی، وتی "هەڵبژاردەی نیشتیمانی یاری باسکە لە یەکی حوزەیراندا دەستیکرد بە دوا کەمپی راهێنان لە دهۆك - هەرێمی کوردستان و راهێنانەکە هەتا دەستپێکردنی خولەکە بەردەوام دەبێت."
هەروەها وتی "ئامانج لەم راهێنانە ئامادەکردنی یاریزانەکانە بۆ ئەم روداوە وەرزشیە، کە بۆ یەکەم جارە لە عێراقدا ئەنجامبدرێت".
عەمیدی وتیشی "یەکێتی باسکەی عێراقی لە ماوەی چەند رۆژی داهاتودا لە شاری دهۆك یەك، دوو یاری دۆستانە بۆ هەڵبژاردەی عێراقی لەگەڵ تیپەکانی تورکیا و سوریا یان هەر کام لە وڵاتانی تری دراوسێ رێکدەخات."
خالد نەجم، سکرتێری یەکێتی باسکەی عێراقی، وتی کە ستافی تەکنیکی هەڵبژاردەکە، کە لە لایەن فیکرەت تۆماوە سەرپەرشتیدەکرێت، 16 یاریزانی بۆ ئەم کەمپی راهێنانە هەڵبژارد.
یاریزانانی هەڵبژاردەکە بریتین لە قوتەیبە عەبدوڵا و عەلی عەبدوڵا و عومەر عامر و محەمەد زیا و حیکمەت عابد و رەحمان ئەحمەد لە یانەی دهۆك؛ مالیك فالح و ئەحمەد عوبێد مونشەد و سەجاد حسێن و محەمەد سەڵاح لە یانەی کارەبا؛ حەسەن هادی و عەلاء سەلیم لە یانەی شورتە؛ عەلی عامر تاڵیب و عەلی حاتەم لە یانەی کەرخ، مستەفا جاسم لە یانەی حلە؛ هەروەها حسێن حەسەن لە یانەی جەیش.
خالد نەجم وتیشی "راهێنەر نەبیل محەمەد عەبدوڵاش هاتە ریزی ستافی تەکنیکی هەڵبژاردەی نیشتیمانی باسکەوە بۆ کارکردن لەگەڵ فیکرەت تۆما. ئەمەش پاش ئەوەی راهێنەران حەمزە عوبێد کە سەرپەرشتی یانەی دهۆك و سامر مستەفا کە سەرپەرشتی یانەی کارەبا دەکات پۆزشیان هێنایەوە بۆ یەکێتی باسکەی عێراقی لەوەی ناتوانن لەگەڵ ستافی تەکنیکی هەڵبژاردەی نیشتیمانی باسکەی عێراقیدا کاربکەن لەبەر چەند هۆیەك کە بە 'تایبەت' وەسفیانکرد."
فیکرەت تۆما وتی هەشت یاریزان دەستیانکردوە بە راهێنان و هیوادارن باقی ئەندامانی هەڵبژاردەکە، کە هەندێکیان لە پێشبڕکێکانی ترەوە دەگەڕێنەوە، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتودا بچنە کەمپی راهێنانەکەوە.
فیکرەت تۆما وتی "بەشداربونی یاریزانانی یانەی دهۆك لە کۆتاییەکانی خولی ئاسیادا و چوونی یانەی کارەبا بۆ کامپی راهێنان لە لوبنان وایلێکردن هەلی بەشداربون لە سەرەتای ئەم کەمپی راهێنانەدا لەدەستبدەن."
هەروەها وتی کە تیپەکە رۆژانە لە دوو خولی راهێناندا بەشداریدەکات "بە هیوای ئەوەی حەقی کاتە لەدەستچوەکانمان بکەینەوە".
فیکرەت تۆما وتی کە داوایکردوە لە یەکێتی باسکەی عێراق دوو یاری لەگەڵ تیپی تورکیا و تیپێکی عەرەبی دراوسێدا رێكبخات. یەکێتی باسکەی عێراقی بەڵینیداوە داواکاریەکەیان لە زووترین کاتدا جێبەجێبکات.
ئەگەر نەتوانرا ئەو دوو یاریە رێكبخرێت، ئەوا فیکرەت تۆما پلانی خولی راهێنانی چڕتری بۆ هەڵبژاردەکە داڕشتوە.
فیکرەت تۆما هەروەها وتی ئەو ئەرکەی لەبەردەم هەڵبژاردەی نیشتیمانی باسکەی عێراقدایە "هەرگیز ئاسان نیە، بە تایبەتی کە ئێمە یاری لەگەڵ ئەو تیپانەدا دەکەین لە ئاستی ئاسیادا بەهێزترینن، بۆ نمونە ئێران و ئەردەن و لوبنان، کە سەرکەوتون بۆ خولی جامی جیهانی کە مانگی داهاتو لە تورکیا ئەنجامدەدرێت."
وتیشی "ئێمە لە پێناوی ئامادەبونێکی شەرەفمەندانەی باسکەی عێراقیدا کارێکی ئەستەم ئەنجامدەدەین و هەوڵدەدەین ببینە یەکێك لەو چوار براوەیەی سەردەکەوێت بۆ کۆتاییەکانی ئاسیا کە لە مانگی ئابدا لە بەیروت ئەنجامدەدرێت."
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران