
[سەفین حامد/ ئەی ئێف پی/ گێتی ئیمیجز] حسێن سەعید، سەرۆکی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق، یەكشەممە (25 تەموز) گفتوگۆی لەسەر دواخستنەکە کرد.
(10/8/1) -- لەیس خەتیب لە بەغدا
بۆ سایتی مهوتنی
یەکیتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق چاوەڕێی بڕیاری فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتیەکانی تۆپی پێیە (فیفا) سەبارەت بە دواکەوتنی ئەم دواییەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق.
فیفا هەڕەشەیکرد بەوەی سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت ئەگەر حکومەت بەردەوام بێت لەسەر دەستێوەردان لە کاروبارەکانی یەکێتی تۆپی پێ و دەستی هەبێت لە دواخستنی رۆژی هەڵبژاردندا.
کاربەدەستان پێشبینیدەکەن لە ماوەی هەفتەیەکدا وەڵامی ئەوە ببیستن ئاخۆ فیفا بە بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنەکە رازی دەبێت یان داوای ئەوە دەکات لیژنەیەکی کاتی دابمەزرێت و هەڵبژاردنەکە بەردەوام بێت.
تاریق ئەحمەد، سکرتێری یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق، وتی "ئێمە چاوەڕێی وەڵامی فیفا و بڕیارەکەین بۆئەوەی لە کارەکانماندا بەردەوام بین، یان ئەوەتا ماوەی کارپێکردنی یەکێتی ئێستای تۆپی پێی عێراق درێژبکەینەوە، یان لیژنەیەکی کاتی دابمەزرێنین بۆئەوەی کاروبارەکانی تۆپی پێ لە عێراقدا بەڕێوەبەرێت هەتا ئەو کاتەی هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت."
بڕیار وابوو رۆژی 25 تەموز هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، بەڵام پڕۆسەکە دواخرا هەتا کاتێکی تر.
ئەندامانی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق بەهیوان فیفا پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ ماوەی سێ مانگ دوابخات.
سەرچاوەی سەرەکی ناکۆکی لەوەدایە لە کوێ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت. فیفا پێشنیاری ئەوە دەکات هەڵبژاردنەکە لە هەولێر ئەنجامبدرێت، بەڵام لیژنەی نیشتیمانی ئۆڵمپی عێراقی و وەزارەتی وەرزش و لاوان و زۆربەی ئەندامانی یەکێتی سورن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەکە لە بەغدا ئەنجامبدرێت.
بەشداربوانی کۆبونەوەکەی 25 تەموز سەرۆکی لیژنەی نیشتیمانی ئۆڵمپی عێراق رەعد حەمودی، سەرۆکی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق حسێن سەعید و نوێنەری فیفای ئەردەن و نوێنەری ئیماراتی کۆنفیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا و سکرتێری گشتی لیژنەی ئۆڵمپی کوردستان و سکرتێری گشتی لیژنەی ئۆڵمپی کوردستان و ئەندامانی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراقی لەخۆگرتبو.
ئەندامی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێ محەمەد جەواد سائیغ وتی بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردن بە مەبەستی "پێدانی کاتی زیاتر بوو بە لایەنە ناکۆکەکانی تۆپی پێی عێراق، بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوسانی زیاتر بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ناو خۆیاندا. ئەم بڕیارە بۆ ئەوە بوو زامنی ئەوە بکات تۆپی پێی عێراق لە مەترسی سەپاندنی سزاکانی فیفا بەدوور دەبێت بە هۆی دەستێوەردانی حکومەتی عێراقەوە لە هەڵبژاردنەکەدا."
حەمەد عەبدولحەسەن، ئەندامی لیژنەی کارگێڕی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق، وتی دواخستنی هەڵبژاردن بۆ سێ مانگی تر "چارەسەرێکی نمونەییە".
حەمەد عەبدولحەسەن وتی "ئەم ماوەیە بەسە بۆئەوەی چارەسەری کێشەکانی هەڵبژاردنی تێدابکرێت و گرژی نێوان ئەندامانی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق و لیژنەی کارگێڕی تێدا چارەسەربکرێت."
هەروەها وتی کە هیوادارە دواخستنی هەڵبژاردنەکە یارمەتی کاربەدەستان بدات بگەنە سازشێک کە ببێتە چارەسەرێک کە هەمو لایەنەکان پێی رازی بن.
وتیشی "پاشتر دەتوانین هەڵبژاردن لە بەغدا لەگەڵ سەرجەم ئامادەبوواندا ئەنجامبدەین و لیژنەیەکی کارگێڕی نوێ دابمەزرێنین بۆئەوەی کارەکانی یەکێتی تۆپی پێ لە ماوەی چوار ساڵی داهاتودا بەڕێوەببات."
بڕیارە هەر چوارساڵ جارێك یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق هەڵبژاردن ئەنجام بدات، بەڵام خولی هەڵبژاردنی رابردو لە حوزەیرانی 2004 دا لە بەغدا ئەنجامدرا.
دوو ئەستێرەی وەرزشی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا – حسێن سەعید و فەلاح حەسەن – رکابەری دەکەن لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێ.
لەوانەی کاندیدن بۆ پۆستی جێگری سەرۆك ناجیح مەحمود (جێگری سەرۆکی ئێستا)، ئەحمەد رازی (کە سەرۆکی لیژنەی وەرزش و لاوان بوو لە پەرلەمانی پێشوی عێراق)، هەروەها حوسام ئەلموئمین (کاندیدی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق لە ئەنبار).
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران