
[سەفین حامد/ئەی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] کاربەدەستانی وەرزشی ستایشی ئەدای باشی تیپەکانی هەڵبژاردەی نیشتیمانییان کرد.
(10/8/11) -- لەیس ئەلکاتب لە بەغدا
بۆ سایتی مهوتنی
پاش ئەوەی 18 مەدالیای بردەوە، هەڵبژاردەی نیشتیمانی عێراقی خوێندنگاکان گەڕایەوە بۆ وڵات، پاش ئەوەی بەشداری کرد لەیاریەکانی پاڵەوانێتی عەرەبی بۆ خوێندنگاکان کە رۆژانی 25 تەموز تا 6 ئاب لە بەیروت ئەنجامدرا.
هەڵبژاردەکە کەلەسەر ئاستی گشتی بەپلەی حەوتەم هات، پێنج مەدالیای ئاڵتون و سیانی زیو، لهگهڵ دە مەدالیای برۆنزیشی بردەوە. تەمەنی یاریزانانی بەشداربوو لە پاڵەوانێتیەکەدا لەنێوان 12 تا 17 ساڵدا بوو.
عەبدولواحید گێتان، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی وەرزشی لە وەزارەتی پەروەردە، وتی "گرنگیەکی زۆر درا بە وەرزشی خوێندنگاکان لەبەرئەوەی بناغەی وەرزشەکانە و سەرچاوەیەکیشە بۆ بەخشینی یاریزانی لێهاتوو بە تیپە نیشتیمانیەکان، ئەو یاریزانانەی کە لەداهاتوودا دەبنە باشترین نوێنەری عێراق لە روداوە وەرزشیە عەرەبی و جیهانیەکاندا".
عێراق بە نۆ وەرزش بەشداری لە پاڵەوانێتیەکەدا کرد کە بریتی بوو لە تۆپی پێ، باسکە، تۆپی پێی یاریگای بچوک، تۆپی دەست، بالە، تێنسی سەرمێز، ساحە ومەیدان، شەترەنج، لهگهڵ یاری ریشە.
تیپی تۆپی پێ مەدالیایەکی ئاڵتونی مسۆگهرکرد پاش ئەوەی لە میسری بردەوە بە 2-1. تیپی بالەش مەدالیایەکی ئاڵتونی بردەوە پاش ئەوەی لە سوریای بردەوە بە 3-2 .
مەدالیای ئالتونی سێهەم لەلایەن تیپی ریشەوە برایەوە پاش ئەوەی بەئەنجامی 2-0 خاڵ سوریایان بەزاند. یاریزانی راکردن حەسەن عەلی لە پێشبڕکێی 200 مەتریدا، مەدالیایەکی ئاڵتونی بردەوە هەروەها عودەی موشتاقی هاوەڵیشی لە پێشبڕکێی 100 مەتریدا مەدالیایەکی ئالتونی تری بردەوە.
یاریزانانی کچی عێراقی کارین جەلال لە پێشبڕکێی 400 مەتریدا مەدالیایەکی زیوی بردەوە.
راهێنەری تۆپی پێ عادل نیعمە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەبردنەوەی مەدالیایەکی زێڕ لەلایەن تیپەکەیەوە "سەرەڕای سەختی ئەو یاریانەی تیپەکە بهشداری تیایاندا کرد لە چوارچێوەی پاڵەوانێتی عەرەبی بۆ یاریەکانی خوێندنگاکان".
عادل وتی "هەڵبژاردەی عێراق وەك پێویست خۆی بۆ یاریەکانی پاڵەوانێتی عەرەبی ئامادە نەکردبوو. بەڵام لەکاتی یاریەکاندا وردە وردە ئەدایان باشتر دەبوو و توانیمان لەیاری نیمچە فناڵدا بەرامبەر سعودیە هەروەها لە فیناڵدا بەرامبەر بە میسر باشترین ئەدا بەرجەستە بکەین".
یەکێتی ناوەندی بالەی عێراقی وتی بردنەوەی مەدالیای ئاڵتون بۆ جارێکی تر هەنگاوێکی ئەرێنیە و ئەوە دوپات دەکاتەوە کە خەریکە ئەم یاریە لە عێراقدا بگاتەوە ئاستی جارانی.
فازل حسێن حەجارە، سکرتێری یەکێتی ناوەندی بالەی عێراقی سەرکەوتنی عێراقی بە "دەستکەوتێکی باش و هەنگاوی یەکەم بەرەو گەڕانەوەی یاری بالەی عێراقی بۆ دۆخی جارانی" وەسفکرد.
فازل وتیشی "بردنەوەی ئاڵتون، کە لەلایەن تیپی هەڵبژاردەی بالەی خوێندنگاکانی عێراق لە پاڵەوانێتی عەرەبیدا بەدەستهات، دەستکەوتێکی مەزنە بۆ ئەو کوڕە گەنجانەی کە ماندوو بوون و لێهاتووییان نواند، و بەم جۆرە سهلماندیان که شایانی مەدالیای ئاڵتونن".
هەروەها وتی "پاراستنی وەرزشی خوێندنگاکان پێویستی بە هاوکاری بەرهەمهێنەرانەی بەردەوامی نێوان یەکێتی ناوەندی و سەرجەم دەزگاکانی ترە، ئەویش لەرێی دابینکردنی سەنتەرەکانی راهێنان بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانێتیەکان و ناردنی راهێنەرانی تیپە نیشتیمانیەکان بۆ بەشداریکردن لە خولەکانی راهێنانی جیهانی، هەروەها ئەنجامدانی پاڵەوانێتیەکان بەشێوەیەکی چڕو بەردەوام".
فازل سەرنجی ئەوەیدا کە زۆرێك لە یاریزانانی وەرزشەکانی خوێندنگاکان هەلی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت کە لەپاڵەوانێتیەکانی ئاسیادا کە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو لە تایلاند ئەنجام دەدرێت، نوێنەرایەتی عێراق بکەن.
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران