
[سەفین ئەحمەد/ ئەی ئێف پی/ گێتی ئیمیجز] راهێنەرێکی تۆپی پێی ئەڵمانی وڵفگانگ سیدکا تەوقەدەکات لەگەڵ حسێن سەعید، سەرۆکی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق، پاش ئیمزاکردنی گرێبەستەکەی.
(10/8/15) -- لەیس خەتیب لە بەغدا
بۆ سایتی مهوتنی
هەفتەی رابردو راهێنەری ئەڵمانی وڵفگانگ سیدکا گرێبەستێکی لەگەڵ یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق ئیمزاکرد بۆ راهێنانی هەڵبژاردەی نیشتیمانی بۆ یەك ساڵ.
بەپێی ئەم گرێبەستە، کە لە لایەن حسێن سەعیدی سەرۆکی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراقەوە ئیمزاکراوە، سیدکا 500,000 دۆلار وەردەگرێت بۆ هەمو ساڵەکە.
هادی جەواد، ئەندامی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق، وتی "یەکێتی ناوەندی گەیشتە رێکەوتنێك لەگەڵ سیدکای ئەڵمانیدا کە یەکەم جەلسەی راهێنانی هەڵبژاردەی عێراق لە 1 ئەیلول لە شاری سلێمانی ئەنجامبدرێت."
سیدکا لە عێراق دەمێنێتەوە بۆ بینینی یاریەکانی هەڵبژاردەی خولی نایاب و ناسینی یاریزانەکان. شەست یاریزانی تۆپی پێ لە تیپەکانی خولی نایاب و 16 یاریزانیش لە دەرەوەی وڵاتەوە هەڵبژێردراون و بە چەند قۆناغێك بانگدەکرێن بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکاندا.
راهێنەری ئەڵمانی سەرۆکایەتی هەڵبژاردەی نیشتیمانی عێراق دەکات بۆ یاریەکانی خۆرئاوای ئاسیا مانگی داهاتو لە ئەردەن و بیستەم پاڵەوانێتی کەنداوی عەرەبی لە یەمەن و جامی وڵاتانی ئاسیا سەرەتای ساڵی 2011 لە قەتەر.
هاندەری تۆپی پێ موئەیەد لەفتە وتی "هەڵبژاردەی نیشتیمانی لە رەوشێکی باشدایە. پلانێك هەیە کە پێشتر داڕێژراوە بۆ بەرنامەی تیپەکە کە کەمپی راهێنانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی و بەشداریکردن لە یارییەکانی خۆرئاوای ئاسیا لەخۆدەگرێت، کە ئەمەش یەکەم تاقیکردنەوەی راستەقینە دەبێت بۆ سیدکا."
بەرنامەکە کەمپێکی راهێنان لە سلێمانی و دوو یاری دۆستانە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتیمانی ئەردەن لەخۆدەگرێت کە 16 و 19 ئەیلول ئەنجامدەدرێن.
ساڵح رازی، کە ئەندامێکی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراقە، وتی "ئێمە کاردەکەین لەسەر یارمەتیدانی سیدکا لە بەدەستهێنانی ئامانجە هەرە گرنگەکە ئەویش دروستکردنی هەڵبژاردەیەکی عێراقی بەهێزە، بەتایبەتی کە ماوەی داهاتو پێویستی بە هەوڵێکی گەورە و گرنگە کە لە بەرژەوەندی تۆپی پێی عێراقدا دەبێت."
ئەو ستافە هونەریەی کە هاوکاری سیدکا دەکەن پێکهاتووە لە یاریدەدەری راهێنەر نازم شاکر و راهێنەری گۆڵچی عەبدولکەریم نەعیم و پسپۆڕی لیاقە سەردار عەبدولکەریم.
وڵفگانگ سیدکا لە 1954 دا لەدایكبووە و لە 1987 دا دەستیکردووە بە پیشەی راهێنان. ئیتر لەو کاتەوە وەك راهێنەر و یاریدەدەری راهێنەر لەگەڵ زۆر لە یانە ئەڵمانیەکاندا کاریکردووە، وەك یانەی پروسیا بەرلین و ئۆڵدنبێرگ و ئەرمینیا بیفیڵد و ئۆبێرنۆلاند و بەرلین. هەروەها کاریکردوە لەگەڵ یانەی تۆپی پێی ئینسبرۆك لە نەمسا و هەڵبژاردەی تۆپی پێی نیشتیمانی بەحرەین و یانەی عەرەبی و یانەی غەڕافە لە قەتەر.
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران