عێراق ئهمڕۆ
هێزەکانی عێراق بەندکراوە چاوبەستراوەکان ئامادەدەکەن بۆ گواستنەوە. [ئیبراهیم سوڵتان/رۆیتەرز](11/10/21) -- محەمەد قەیسی لە بەغدا
وەزارەتی ناوخۆی عێراق سێشەممە (18 تشرینی یەکەم) رایگەیاند کە هێزەکانی عێراق 27 کەسی بە گومانی ئەندامێتی قاعیدە دەستگیرکردوە لە ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێشخەریی ئاسایشدا لە بەغدا و موسڵ.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لیوا روکن عادل دەحام لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەگەرییدا وتی هێزەکانی ئاسایش لە نوسینگەی دژە تیرۆر و پۆلیسی ناوخۆ ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا بە پشتبەستن بە زانیاریی هاوڵاتیان لەبارەی بوونی گومانلێکراوەکانەوە لەو دوو شارە.
لە بەغدا، هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان لە دۆرە و غەزالیەو زەعفەرانیە ئەنجامدا کە تێیدا 22 گومانلێکراو بەندکران.
عادل دەحام وتی "ئەم گروپە پردی پەیوەندییە لە نێوان شانەکانی قاعیدەدا کە بە سەرتاسەری پارێزگاکەدا بڵاوبوونەتەوە. ئەنجامەکانی لێپێچینەوەکان ئاشکرادەکرێن پێش ئەوەی بدرێن بە دادەوریی عێراق."
هاوکات، هێزەکانی عێراق لە موسڵ پێنج گومانلێکراویان بەندکرد کە بە ئەندامی باڵای رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە دادەنرێن.
مقەدەم کامیل عەبد عەباس، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی نەینەوا، بە مەوتنی وت کە "یەکێک لە بەندکراوەکان پشتوێنێکی بۆمبڕێژکراوی لە خۆی بەستبوو کاتێک دەستگیرکرا."
کامیل عەبد عەباس وتی "بە قسەکردن لەگەڵیدا، بڕوای پێهێنرا دایبکەنێت و ئنجا لە لایەن تیمێکی تایبەتی عێراقییەوە دەستگیرکرا، ئەمەش بۆ خۆی دەسکەوتێکە."
"ئاستی بەرزی هاوکاری و بەکارهێنانی هۆ نوێکانی گەیاندن لە نێوان هێزەکانی ئاسایشدا لە سەرجەم پارێزگاکاندا وایکرد بە بەردەوامی لە بەردەستدا بین بۆ وەرگرتنی رێنمایی و فەرمانەکانی ترلە فەرماندەییەوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ."
عەبدولکەریم زەرب، سەرۆکی لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، وتی "ئەم شەڕەی دژی تیرۆر لە عێراق دا رەهەندێکی نوێی وەرگرتوە لە دوای ئەوەی تیرۆریستەکان دەستیانکردووە بە پەلاماردانی خەڵکی مەدەنی کە ئاسانترین ئامانجن پاش بێتوانایی تیرۆریستان لە پەلاماردانی بنکە و شوێنەکانی تردا."
بە مەوتنی وت "مەسەلە مەسەلەی مانەوەیە. پێویستە عێراقییەکان پەلەبکەن لە هاوکاریکردنیاندا لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشدا بۆئەوەی هاوڕێ و ئازیزانیان تیانەچن لە تەقینەوە تیرۆریستییەکاندا."
عەبدولکەریم زەرب وتی لیژنەی لێپێچینەوەی تایبەت لێپێچینەوە دەکات لەگەڵ بەندکراوەکاندا بۆ فێربوونی ئەوەی ئاخۆ بەشدارن لە تەقینەوەکانی بنکەکانی پۆلیس و بازاڕە میلیەکاندا لە پێنج مانگی رابردودا.
قوسەی سوهێل، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بە مەوتنی وت کە هێزەکانی ئاسایشی عێراق پێویستە گورزە دەستپێشخەرییەکانیان زیادبکەن بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریزم.
وتی "کاردانەوەی هێزەکانی عێراق لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا باش بووە لەبەر ئەنجامدانی شاڵاوی بەرفراواندا دژی تیرۆریستان و ئەو گومانلێکراوانەی لە گوندەکان و ناوچە دوورەکان و گەڕەکەکان خۆیان دەشارنەوە."
چەند هاوڵاتییەک وتیان خۆشحاڵن بە بەندکردنی گومانلێکراوەکان.
دانیشتوی بەغدا، حەسەن عەلی، 29 ساڵ، وتی "ئێمە ئێستا زۆر باشترین دوای ئەو دەستگیرکردنانە. گومانی تێدا نییە کە قاعیدە بنکەی جەماوەری نییە و عێراقییەکان یان جیهان پشتگیرییان ناکەن و بەم زووانە مەترسییەکەیان کۆتایی پێدێت."
کەریم سەعد، 28 ساڵ، کە لە بەغدا دەژی، وتی "ئەو تیرۆریستانە و هەر کەسێک کە لەگەڵیانە پێویستە بخرێتە زیندانەوە لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە."
وتی "ئێمە دەوڵەتێکی بەهێز و گەشاوە و و ئازادمان دەوێت و پێویستە هاوکاری هێزەکانی ئاسایش بکرێت بۆ بەدەستهێنانی ئەمە."
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه















