فه‌رمانده‌یی پۆلیسی دیاله رایگه‌یاند که ئه‌ندامه‌کانی سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسه‌وانانی سنووری عێراق حه‌شارگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی چه‌کیان دۆزیوه‌ته‌وه له بیابانی خۆرهه‌ڵاتی پارێزگاکه‌دا. لیو‌ا عه‌بدولکه‌ریم قوڕه‌یشی فه‌رمانده‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای دیاله له وته‌یه‌کی تایبه‌تدا به مه‌وتنی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که مه‌فره‌زه‌یه‌کی سه‌ر به پاسه‌وانانی سنوور له کاتی گه‌ڕانیێکی ئاسایی خۆیاندا له ناوچه‌کانی سنوور له‌گه‌ڵ ئێران‌دا حه‌شارگه‌یه‌کیان دۆزیه‌وه له بیابانی خۆرهه‌ڵاتدا، حه‌شارگه‌که 100 مینی تاکه که‌سی و 50 مینی دژه تانك و ژماره‌یه‌ك موشه‌کی قه‌باره 155 ملیمی تێدا بووه.
به پێی قسه‌ی لیو‌ا عه‌بدولکه‌ریم قوڕه‌یشی، دۆزینه‌وه‌ی حه‌شارگه‌که له چوارچێوه‌ی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه به‌رده‌وامه‌دا دێت که پۆلیسی پارێزگاکه له گه‌ڕه‌ك و قه‌زاکانی سه‌ر به پارێزگاکه‌دا یاخود له سه‌ر سنووری ئێڕان ئه‌نجامی ده‌دات به‌مه‌به‌ستی ده‌ستگیرکردنی له یاسا ده‌رچوان. هه‌روه‌ها قوڕه‌یشی ستایشی ئه‌و رۆڵه گه‌وره‌ی کرد که به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسه‌وانانی سنوور ده‌یبینێت له پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی زۆر له کاره‌کانی ئاودیوکردنی چه‌ك و ده‌ستگیرکردنی کۆمه‌ڵه چه‌کداره‌کان که له سنووره‌وه دزه ده‌که‌ن.
شایه‌نی باسه که ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی پاسه‌وانانی سنوور له ناوچه‌کانی باکووری عێراقدا 8700 پۆلیسه که به‌سه‌ر نۆ خاڵی سنووریدا دابه‌شکراون و هه‌ڵده‌ستن به چاودێریکردنی ناوچه سنوورییه‌کان و ئه‌رکی تری په‌یوه‌ندیدار پێه‌وه.
له چوارچێوه‌یه‌کی په‌یوه‌ندیداردا پۆلیسی پارێزگای ئه‌نبار نۆ حه‌شارگه‌ی چه‌کیان له باکووری ده‌ریاچه‌ی حه‌بانییه دۆزیه‌وه و به گوته‌ی به‌ڕێو‌ه‌به‌ری پۆلیسی ئه‌نبار لیو‌ا محه‌مه‌د عه‌بد حه‌شارگه‌کان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سوپای عێراقی پێشوو که تیایاندا زیاتر له 29000 فیشه‌کی چه‌کی سوك و 170 گوله هاوه‌ن و ته‌قێنه‌ره‌وه‌ی جۆراوجۆر و گوله تۆپی قه‌باره 104 ملم و 47 نارنجۆك و 86 ئاڕ پی جی و 15 مینی تاکه که‌سی و دژه تانك و دوو موشه‌کی زه‌مین ئاسمانی له جۆری 7 –SA، هه‌ر له هه‌مان پێگه‌دا ده‌ستیگرا به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك له بوتڵی غازی په‌ستێنراو و 10 پاوه‌ن له ته‌قه‌مه‌نی به‌هێز و ته‌لی ته‌قینه‌وه‌ی جۆراوجۆر و ئامێری ته‌قینه‌وه و سه‌ری ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌لیکترۆنی و ته‌قێنه‌ره‌وه و ژماره‌یه‌ك له ته‌له‌فۆنی مۆبایلدا.
هه‌روه‌ها فه‌رمانده‌ی پۆلیسی ئه‌نبار ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا که له نێۆ پێگه‌که‌دا 35 موشه‌ك و هاوێژه‌ری موشه‌ك و ئامێری ته‌قینه‌وه و به‌شێك له باروتی ته‌قینه‌وه‌ی تێدا بووه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ره‌شاشێکی قه‌باره 50 ملم و ژماره‌یه‌كی زۆر له مه‌خزه‌نی کڵاشینکۆف.
له قه‌زای حه‌ویجه‌ی سه‌ر به پارێزگای که‌رکوك، پۆلیسی پارێزگا ده‌ستیگرت به‌سه‌ر حه‌شارگه‌یه‌کی چه‌کدا، ئه‌مه‌ش له چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌تی راماڵینه به‌رده‌وامه‌ی که هێزه عێراقییه‌کان پێی هه‌ڵده‌ستن، به‌قسه‌ی عه‌مید تۆرهان حه‌سه‌ن، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی که‌رکوك، له ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا ئه‌مه سێیه‌م حه‌شارگه‌یه که هێزه عێراقییه‌کان له ناوچه‌که‌دا ده‌ستیبه‌سه‌ردا ده‌گرن، هه‌روه‌ها وتی "حه‌شارگه‌که گوله هاوه‌نی چینی قه‌باره 60 ملم و 82 ملم و ژماره‌یه‌ك له گوله تۆپی به‌هێزی ته‌قینه‌وه‌ی قه‌باره 120 ملمی چینی و گوله هاوه‌نی عێراقی 60 ملم و زیاتر له 50 گوله هاوه‌نی 85 ملم عێراقی و گوله تۆپی قه‌باره 105 ملم و ته‌قێنه‌ره‌وه‌ی گوله‌ی جۆری 40 ملمی تێدا بوو، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای گوله تۆپی قه‌باره 130 ملم و ته‌قێنه‌ره‌وه و گوله تۆپی قه‌باره 85 ملم به بڕی جیاواز که هه‌موویان ڕوسی بوون".
پۆلیسی پارێزگاکه هه‌ستا به ته‌قاندنه‌وه‌ی حه‌شارگه‌که بۆ له‌ناوبردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌کان به‌مه‌به‌ستی بڕینی یارمه‌تی سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵه چه‌کداره‌کان.
له که‌رتی ره‌شیدی باشووری به‌غداشدا، مه‌فره‌زه‌یه‌کی سه‌ر به سوپای عێراق و له کاتی کر‌ده‌یه‌کی پشکنینی ئاسایی هێزه‌کانی ناوچه‌که‌دا، ده‌ستیگرت به‌سه‌ر حه‌شارگه‌یه‌کی چه‌کدا. به پێی به‌یاننامه‌یه‌کی وه‌زاره‌تی به‌رگری کرده‌که له ناوچه‌ی شاره‌وانی حه‌زری سه‌ر به که‌رتی ره‌شیددا ئه‌نجامدرا و حه‌شارگه‌که ژماره‌یه‌ك له گوله هاوه‌ن و مادده‌ی باکارهێنراو له بۆمبی چێندراو و هه‌زاران فیشه‌كی قه‌باره 7.62 ملم و 20 گوله‌ی ئاڕ پی جی و قه‌ناسه‌یه‌ك و سه‌ری ته‌قینه‌وه و ته‌لی ته‌قینه‌وه‌ی تێدا بوو.
ئه‌م چالاکییه فراوانانه‌ی هێزه عێراقییه‌کان تواناکانی سوپا و پۆلیسی عێراق پیشان ده‌دات بۆ به‌ڕێوه‌بردنی فایلی ئاسایش و سه‌رکه‌وتنێکی ئاشکرا له ڕاونانی بانده چه‌کداره‌کان و کۆمه‌ڵه له یاسا ده‌رچوه‌کان.
سه‌رنجی خوێنه‌ران
-
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه





سوپای عێراقی پێشوو به داخه‌وه هیچ جۆره مۆبایلێکی نه‌بوو. له‌گه‌ڵ سوپاسم.