ته‌نوری قوڕ یه‌کێکه له ناسنامه‌کانی گوند و لادێی عێراق، که هه‌تا ئێستا یه‌کێکه له که‌ره‌سته هه‌ره پێویسته‌کان بۆ خێزانه گوندنشینه‌کان چونکه به درێژایی سه‌رده‌مێکی زۆره که ئافره‌تان ڕاهاتوون له‌سه‌ر به‌کارهێنانی بۆ نان دروستکردن و، سه‌رباری پێشکه‌وتنی ژیان و گۆڕانکاریی له گونده‌کاندا به‌ڵام ئه‌م ته‌نورانه هێشتا له‌ناونه‌چوون چونکه بۆن و به‌رامه‌ی گونده‌کانن و تام و چێژی نمه‌کی عێراقیین و، له ڕاستیدا له ئه‌م چه‌ند ساڵانه‌ی دواییدا ئه‌م ته‌نورانه بوونه‌ته دیارده‌ی ناو شاره‌کانیش چونکه به هۆی که‌می و قه‌یرانی غاز و نه‌وته‌وه ئافره‌تانی شارنشین ناتوانن ته‌نوری ئاسنین که پێیان ده‌گووترێت 'ته‌نوری ستیل' یان 'ته‌نوری غاز'، به‌کاربهێنن.
ئوم وه‌لید که ئافره‌تێکه له بواری دروستکردنی ته‌نوری قوڕدا کار ده‌کات و بۆ بژێوویی خێزانه‌کی ده‌یانفرۆشیت، گوتی "به شێوه‌یه‌کی ئاسایی ته‌نوری قوڕ له قوڕه سووره‌ی خاوێن دروست ده‌کرێت که بۆ پته‌وکردنی له‌گه‌ڵ کا یان هه‌ندێك جار له‌گه‌ڵ مووی ئاژه‌ڵ تێکه‌ڵ ده‌کریت" و، ئاماژه‌ی به‌وه کرد که "سه‌ره‌تا بناغه‌که‌ی له‌سه‌ر زه‌وییه‌کی ته‌خت و خاوێن ڕاده‌خرێت و به‌رزایی بناغه‌که‌ی نزیکه‌ی یه‌ك بست ده‌بێت، که ده‌کاته نزیکه‌ی 20 سانتیمه‌تر و، ئه‌مجا هه‌تا ڕۆژی داهاتوو وازی لێده‌هێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی وشك ببێته‌وه و خۆی بگرێت. دواتر ته‌نوره‌که له شێوه‌ی لووله‌دا دروست ده‌کرێت که بنه‌که‌ی فراوان و ورده ورده هه‌تا بۆ سه‌ره‌وه دێت ته‌سك ده‌بێته‌وه و له بنه‌که‌یدا کونێکی بچووك ده‌کرێت که پێی ده‌گووترێت 'خه‌نازه' و بۆ داگیرسانی ته‌نوره‌که به‌کارده‌هێنرێت و هه‌روه‌ها وه‌کو هه‌واکێشێك ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وا بگاته ئاگره‌که و خۆشی بکات".
ئوم وه‌لید هه‌روه‌ها گوتی "پاش ئه‌وه‌ی ته‌نوره‌که ته‌واو ده‌بێت، له شوێنێکی گونجاو‌دا ده‌به‌سترێت، که زۆربه‌ی کات دوور له ماڵه‌که ده‌بێت یان له شوێنێکی لاچه‌پدا ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی دوکه‌ڵی ته‌نوره‌که بۆ خێزانه‌که زیانمه‌ند نه‌بێت" و، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه کرد که "ته‌نوری قوڕ هێشتا یه‌کێکه له ئه‌و پێداویستییانه‌ی که خه‌ڵکانی گوندنشین ناتوانن بێ ئه‌وه هه‌ڵبکه‌ن و وازی لێبهێنن، چونکه یه‌کێك له تایبه‌تمه‌ندییه باشه‌کانی ئه‌وه‌یه که ده‌توانرێت چیلکه و دار یان لق و گه‌ڵای دارخورما یان هه‌ر جۆره دار و ته‌خته‌یه‌کی تر وه‌کو سووته‌مه‌نی ته‌نوره‌که به‌کاربهێنرێت". ئه‌ڵبه‌ته ته‌نوره‌که چه‌ند شتومه‌کێکی تری پێویستی تری هه‌یه، له‌وانه 'سیخ' که پارچه ئاسنێکی باریکه بۆ هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی پشکۆکان و 'مه‌قاش' که ئه‌ویش پارچه ئاسنێکی باریکتره بۆ ده‌رهێنانی نانه‌که له ته‌نوره‌که به‌کارده‌هێنرێت و 'واشه' که پارچه په‌ڕۆیه‌کی ته‌ڕه بۆ سڕین و پاککردنه‌وه‌ی ڕووکار‌ی ناو ته‌نوره‌که چونکه جاروبار پارچه نانی سووتاو به دیواری ناو ته‌نوره‌که‌وه ده‌چه‌سپێت و ده‌بێت خاوێن بکرێته‌وه. هه‌روه‌ها نانکه‌ره‌که ده‌بێت قاپێکی گه‌وره یان پڵاوپاڵێوێك له ته‌نیشت خۆیه‌وه دابنێت بۆ ئه‌وه‌ی نانه برژاوه‌کانی له‌سه‌ر دابنێت و که‌ڵه‌که بکات و، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی که پێی ده‌گووترێت 'سه‌رین' که گونکه‌که‌ی له‌سه‌ر پان ده‌کرێته‌وه و ڕاده‌خرێت و به هۆیه‌وه نانه‌که به ته‌نوره‌که‌وه ده‌درێت".
له لایه‌کی تره‌وه جه‌میله هادی به‌لعوت گوتی "زۆربه‌ی ئافره‌تان به چاوێکی ڕێز و پیرۆز و پڕ به‌ره‌که‌ته‌وه ده‌ڕواننه ته‌نوری ناو ماڵه‌کانیان و به ته‌نوری 'زه‌هرا' ناوی ده‌به‌ن چونکه وای داده‌نێن که هه‌میشه پاك و بێگه‌رد و به به‌ره‌که‌ته و، وه‌کو دابونه‌ریتێك ژنان ده‌ترسن که ته‌نوری کۆن بڕوخێنن یان کاتێك که له ماڵه‌که ده‌گوێزنه‌وه تێکیبده‌ن چونکه ده‌یانه‌وێت وه‌کو ئاسه‌وارگایه‌ك پاش خۆیان له ماڵه‌که‌دا به‌جێیبهێڵن".
جه‌میله ڕوونی کرده‌وه و گوتی که له ئه‌م دواییانه‌دا پیشه‌ی دروستکردنی ته‌نور په‌ره‌ی سه‌ندووه و بوژاوه‌ته‌وه و زۆر له خێزانه بێده‌رامه‌ته‌کان وه‌کو سه‌رچاوه‌یه‌کی بژێویی ژیانی سوودی لێوه‌رده‌گرن و ده‌یکه‌ن، چونکه ئه‌وان ته‌نور دروست ده‌که‌ن و به نرخی گونجای نێوان 15 هه‌تا 25 هه‌زار دینار ده‌یفرۆشن، که بێگومان ئه‌وه بڕه پاره‌یه‌کی باشه بۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی که بێکارن و هیچ داهاتێکی تری بژێویان نیه.
جه‌میله هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه کرد که ئه‌م جۆره ته‌نورانه تایبه‌تمه‌ندییه‌کی باشی تریان هه‌یه که ئه‌وه‌ش بریتیه له‌وه‌ی سه‌لامه‌تن و وه‌کو ته‌نوری غاز مه‌ترسییان نیه که له‌وانه‌یه به هۆی دزه‌کردنی غاز و غازلێچوونه‌وه ببنه هۆی ڕووداو و کاره‌سات.
به‌ڵام حاجیژن وه‌رده غه‌شیم شه‌کبان گوتی جۆرێکی گه‌وره‌تری ته‌نور هه‌یه که نانه‌واخانه‌کانی ناو شاره‌کان به‌کاریده‌هێنن و، له ئه‌م چه‌ند ساڵانه‌ی دواییدا به‌کارهێنانیان زۆر په‌ره‌ی سه‌ندووه چونکه زۆربه‌ی خێزانه‌کان نان له ئه‌و نانه‌واخانانه ده‌کڕن. یه‌کێك له خاسیه‌ته تایبه‌تییه‌کانی ئه‌م جۆره ته‌نورانه ئه‌وه‌یه که به پێچه‌وانه‌ی ته‌نوری قوڕی ئاسایی له جیاتی دار و ته‌خته، بۆ داگیرساندنیان نه‌وت به‌کارده‌هێنن. هه‌روه‌ها جیاوازییه‌کی تری ئه‌وه‌یه که نانکه‌ره‌که‌ی که ئه‌م جۆره ته‌نوره که به ته‌نوری 'نانه‌واخانه' ناسراوه به‌کارده‌هێنێت پیاوه نه‌ك ئافره‌ت و، ده‌بێت بۆ به‌کارهێنان و کردنه‌وه‌ی نانه‌واخانه‌که مۆڵه‌تنامه له وه‌زاره‌تی بازرگانیی و فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌کانی تر وه‌ربگیرێت. ئه‌ڵبه‌ته جاران وه‌زاره‌تی بازرگانیی ئاردی بۆ نانه‌واخانه‌کان دابین ده‌کرد به‌ڵام ئێستا باره‌که گۆڕاوه و ده‌بێت ئه‌وان خۆیان ئارد له بازاڕ بکڕن، به‌ڵام هێشتا هه‌ر نه‌وتیان له لایه‌ن فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌کان و به گوێره‌ی ڕێنماییه‌کانی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیی ناوچه‌که بۆ دابین ده‌کرێت.
حاجیژن وه‌رده ئاماژه‌ی به‌وه کرد که له ناو عێراقییه‌کاندا چه‌ندین په‌ند و قسه‌ی نه‌سته‌قی وابه‌سته به نان و ته‌نوره‌وه هه‌ن، له‌وانه 'نانی ناو ته‌نور سکی برسی تێر ناکات'، 'ڕوناکی له ته‌نوره‌که‌وه هه‌ڵهات'، 'وه‌جاخت کوێر نه‌بێته‌وه و میوانت مژده‌هێنه‌ر بێت'، 'نانی چه‌ور هه‌رس نابێت'، 'نان بۆ نانه‌وا و گۆشت بۆ قه‌ساب' و 'نان بده به نانکه‌ره‌که‌ی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نیوه‌شی بخوات'.
سه‌رنجی خوێنه‌ران
-
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه





سڵاو
ماندوو نه‌بن
به ڕاستی وتارێکی جوان و به پێزه
به تایبه‌تی ناونیشانه‌که‌ی سه‌رنجی منی ڕاکێشا
سه‌رکه‌وتوو و سه‌رفرازبن
دووباره بابه‌تی وه‌ها له ماڵپه‌ڕه‌که‌تاندا بڵاو بکه‌نه‌وه.