ئامێدی، که به عه‌ره‌بی پێی ده‌ڵێن 'عه‌مادیه'، ئه‌و شارۆچکه خنجیلانه‌یه که له دامێنی چیادا ڕاکشاوه و به هۆی که‌شوهه‌وا و باخ و ڕه‌ز و ئاسه‌وار و شوێنه‌واره مێژووییه‌کانیه‌وه بووه‌ته هه‌وارگه‌یه‌کی گه‌شتیاران، که له وه‌رزی هاوینی داغبوودا له سه‌رتاسه‌ری عێراقه‌وه دانیشتووان ڕووی تێده‌که‌ن.
ئامێدی، که ده‌که‌وێته دووریی نزیکه‌ی 460کم له باکووری به‌غدا و له‌سه‌ر سنووری تورکیا و عێراقه، به به‌رزاییه‌کی به‌ردینه‌وه‌یه که نزیکه‌ی هه‌زار پێ له ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری بڵندتره. پێنج ناحیه سه‌ر به شارۆچکه‌ی ئامێدین، که بریتین له ناحیه‌کانی کانی ماسی، بامه‌ڕنی، سه‌رسه‌نگ، دێره‌لۆك و جه‌مانکی، ژماره‌ی دانیشتووانی نزیکه‌ی 100 هه‌زار که‌سه.
به درێژایی مێژوو، چه‌ندین ناوی جۆراوجۆر له ئامێدی نراوه، له‌وانه ئامات، ئاماتی، ئافاهی میدیا، ئاشه‌ب و دواتر ئامێدی. به‌ڵام به بۆچوونی توێژه‌ر محه‌مه‌د عه‌بدوڵا ئامێدی و له‌سه‌ر بنچینه‌ی سه‌رچاوه مێژووییه‌کان ناوه‌کانی وه‌کو ئامات و ئاماتی کۆنترین ناون، چونکه ئه‌و ناوانه له‌سه‌ر پارچه نووسراوێکی ئاشوری دۆزراونه‌ته‌وه که مێژووی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماوه‌ی 823-810ی پێش زایینی و ئێستا ئه‌و پارچه نووسراوه له ژێر ژماره‌ی 110 له مۆزه‌خانه‌ی به‌ریتانی پارێزراوه.
توێژه‌ر محه‌مه‌د عه‌بدوڵا ئامێدی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت که "له ساڵی 330ی پێش زایینی‌دا و له سه‌رده‌می شا کیبداخ، ئامێدی ناوی ئافاهی میدیا بووه، واته پایته‌ختی میدییه‌کان، هه‌روه‌ها هه‌ندێك له سه‌رچاوه مێژووییه‌کان ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که له سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی ئیسلامی‌دا ناونراوه عه‌مادیه به ناوی عه‌ماده‌دین زه‌نکی، که به گوێره‌ی یاقوتی حه‌مه‌وی، عه‌ماده‌دین زه‌نکی له ساڵی 537ی کۆچییدا دووباره شاره‌که‌ی دروست کردۆته‌وه".
به‌ڵام له ساڵی 740ی کۆچییدا، شاره‌که که‌وتۆته ژێر فه‌رمانڕه‌وایی میره کورده‌کان و هه‌تا ساڵی 1842 کراوه به پایته‌ختی میرنشینی کوردیی بادینان تا ئه‌وکاته‌ی که‌وتۆته ژێر ڕکێفی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی و دواتر له‌گه‌ڵ دامه‌رزاندنی ده‌وڵه‌تی عیراقدا له ساڵی 1924 ئامێدی کراوه به قه‌زا و خراوه‌ته سه‌ر ویلایه‌تی موسڵ.
ئه‌ڵبه‌ته شوێنه‌واره مێژووییه‌کانی ئامێدی، که به گوێره‌ی تۆماره‌کانی دهۆك ژماره‌یان 34 شوێنه‌واره، ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن که ئاشورییه‌کان و میدییه‌کان و میره کورده‌کان له سه‌رده‌مه مێژووییه جیاوازه‌کاندا حوکمڕانیی ئامێدییان کردووه و سه‌رباری هه‌موو ئه‌و گۆڕانکاریی و کێشانه‌ی که دوچاری بوون به‌ڵام ئامێدی هێشتا سه‌ر بڵنده و ده‌ڕوانێت به‌سه‌ر مێژوو و باخ و ڕه‌زه‌کاندا و ڕۆژانه چاوه‌ڕوانی له ئامێزگرتنی میوانه‌کانه که له سه‌رجه‌م پارێزگاکانی عێراقه‌وه ڕووی تێده‌که‌ن.
توێژه‌ر محه‌مه‌د عه‌بدوڵا ئامێدی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت "مێژووی ئاسه‌واره‌کانی ئامێدی ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رده‌مه جیاوازه‌کان، به‌ڵام گرنگترینیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می فه‌رتییه‌کان له ساڵی 148ی پێش زایینی"، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه کرد که "چه‌ندین شوێنه‌واری مێژوویی تریش هه‌ن، له‌وانه بینای میرنیشینی بادینان و قوتابخانه‌ی قوبهان و مناره‌ی مزگه‌وتی ئامێدی، که هه‌ندێك له‌و شوێنه‌وارانه ئه‌مڕۆ پێویستیان به سه‌رپه‌رشتی و بایه‌خدان هه‌یه".
جێگه‌ی ئاماژه‌یه که له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا، ئامێدی جموجووڵێکی گه‌شتیاریی به‌رچاوی به خۆیه‌وه بینیوه و تیایدا ده‌یان گازینۆی هاوینه و کابینه‌ی ئاماده بۆ گه‌شتیاران بنیات نراون.
له‌وباره‌یه‌وه به‌ڕێوبه‌ری فه‌رمانگه‌ی گه‌شتوگوزار له ئامێدی، ئه‌یاز عه‌بدوڵا ڕایگه‌یاند که ئێستاکه چه‌ندین هه‌وڵ و پرۆژه بۆ گه‌شه‌پێدانی بواری گه‌شتوگوزاریی له ناوچه‌که‌دا له ئارادن و گووتی "له چه‌ند مانگی داهاتوودا پرۆژه‌یه‌کی گه‌شتیاریی هاوچه‌رخ له‌لایه‌ن که‌رتی تایبه‌ته‌وه جێبه‌جێ ده‌کرێت، هه‌روه‌ها دوو پرۆژه‌ی کۆنی تری گه‌شتیاریی فراوان ده‌کرێن و گه‌شه‌یان پێده‌دریت، که پێشتر خێزانه ئاواره‌کان تیایدا ده‌ژیان و داوایان لێ‌کرا که چۆڵی بکه‌ن و له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ش قه‌ره‌بوو کرانه‌وه".
به‌ڵام قایمقامی قه‌زای ئامێدی، ئیسماعیل محه‌مه‌د گووتی "حکومه‌تی هه‌رێمی کوردی خه‌ریکی داڕشتنی نه‌خشه‌یه بۆ گه‌شه‌پێدانی ناوچه‌که، گرنگترینیان بریتیه له فراوانکردنی سنووری شاره‌وانیی ئامێدی". ئاماژه‌ی به‌وه کرد که "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نزیکه‌ی هه‌زار دۆنم زه‌وی له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی شاره‌که‌دا ته‌رخان کراوه".
قایمقامی قه‌زای ئامێدی هه‌روه‌ها گووتی "زانکۆی دهۆك به نیازه که پرۆژه‌یه‌ك بۆ پلانداڕشتنی شاره‌که به سه‌رپه‌رشتیی زانکۆی دۆرتمۆندی ئه‌ڵه‌مانی ده‌ست پێ‌بکات، بۆ ئه‌وه‌ی ئامێدی بکرێت به شارێکی شوینه‌واری مێژوویی"، و ئاماژه‌ی به‌وه کرد که "هه‌ندێك له لایه‌نه به‌رپرسه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان که بینا مێژوویی و دێرینه‌کانی ناوجه‌رگه‌ی شار بکه‌ن به موڵکی ده‌وڵه‌ت و بیکه‌ن به مۆزه‌خانه و شوێنی گه‌شتیاریی".
-
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه




