سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی واسیت ده‌سپێكی پڕۆژه‌ی به‌شه‌ناوخۆییه‌كانی خوێندكارانی كچان و كوڕانی زانكۆی ڕاگه‌یاند، به گوژمه‌ی ده ملیار و 600 ملیۆن دیناری عێراقی.
سه‌رۆكی زانكۆ، دكتۆر جه‌وا‌د مه‌ته‌ر موسه‌وی، ڕۆژی چوارشه‌م ڕێكه‌وتی شانزه‌ی ئه‌و مانگه‌ی "ته‌مموز" گوتی، "سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی واسیت، له‌چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی شوێنی شایسته و ئارام بۆ خوێندكاران، ده‌ستی به دامه‌زراندنی پڕۆژه‌ی به‌شه ناوخۆییه‌كانی كچان و كوڕان كردووه، به كۆی بڕه‌پاره‌یه‌ك كه گه‌یشتۆته 10 ملیار و 800 ملیۆن دیناری عێراقی".
موسه‌وی دووپاتی كرده‌وه كه "پڕۆژه‌ی به‌شه ناوخۆییه‌كانی كچان و كوڕان له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ی پلانی وه‌به‌رهێنانی 2008 دایه كه تایبه‌تن به خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی. ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش له لایه‌ن كۆپانیایه‌كی ناوخۆیی تایبه‌تمه‌ند به جێبه‌جێکردنی پڕۆژه‌ی بیناكردن و دامه‌زراندن جێبه‌جێ ده‌كرێت." موسه‌وی ئاماژه‌شی به‌وه كرد كه ئه‌و پڕۆژه‌یه ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی فه‌لاحیه "ئوم حه‌لانه" له‌پشت نه‌خوشخانه‌ی سه‌ربازی كۆن، به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگای شووقه‌كانی نیشته‌جێبوون كه وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه له پارێزگادا له باشووری كوت جێبه‌جێیان ده‌كات.
سه‌رۆكی زانكۆی واسیت ڕوونی كرده‌وه كه بڕه‌پاره‌ی گشتی پڕۆژه‌ی به‌شه ناوخۆییه‌كانی كوڕان شه‌ش ملیار و 213 ملیۆن و 196 هه‌زار دیناره. به‌ر له دوو مانگ ده‌ست به دروستكردنیان كراوه و 450 ڕۆژ دانراوه بۆ ماوه‌ی دروستكردنیان.
موسه‌وی جه‌ختی كرده‌وه كه "كاركردن به‌رده‌وامه له پڕۆژه‌ی به‌شه‌ناوخۆییه‌كانی كچان كه دروستكردنی سێ بینایه له‌خۆ ده‌گرێت به گوژمه‌ی چوار ملیار و 607 ملیۆن دیناری عێراقی. كۆمپانیای ڕاپه‌ڕێنه‌ر حه‌وت مانگه ده‌ستی به دروستكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه كردووه كه ماوه‌ی 600 ڕۆژی بۆ دانراوه".
سه‌رۆكی زانكۆی واسیت گوتی، "ئه‌و پاره ته‌رخانكراونه‌ی كه زانكۆ ده‌ستی كه‌وتوون له‌چوارچێوه‌ی گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمه‌كان دان، كه وه‌زاره‌تی پلان دانان و یارمه‌تی گه‌شه‌پێدان پشتیوانی لێ ده‌كات، بۆ جێبه‌جێكردنی كاره ته‌واوكه‌ره‌كانی بینایه‌ی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ و كۆلێژی پزیشكی، پڕۆژه‌ی دروستكردنی بینایه‌ی كۆلێژی ئه‌ندازیاری و ئاماده‌كردنی ژماره‌یه‌ك كۆلێژی زانكۆ به ئامێره تایبه‌تمه‌ندیه‌كان".
شایه‌نی گوتنه كه زانكۆی واسیت له‌ساڵی 2000 وه‌كو زانكۆیه‌كی سه‌ربه‌خۆ دامه‌زرێنرا. ئێستا 9 كۆلێژ له‌خۆ ده‌گرێت. له‌كاتێكدا خوێندكارانی به‌شه‌ناوخۆییه‌كان كه ژماره‌یان دوو هه‌زار خوێندكاری كچ و كوڕ ده‌بێت له بینایه‌ی به‌گرێگیراوی كه‌رتی تایبه‌ت دانیشتوون، به‌هۆی نه‌بوونی بینایه‌ی تایبه‌ت به زانكۆ كه بتوانێت ئه‌و خوێندكارانه بگرێته خۆ.
-
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه




