ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی 10ی مانگی ته‌مموز، زانکۆی کوفه ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خولی نۆزده‌هه‌می خۆی بۆ قوتابیانی هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی به‌کالۆریۆس له پسپۆرییه زانستی و مرۆڤایه‌تییه جیاوازه‌کاندا، گێڕا. ئاهه‌نگه‌که له‌سه‌ر باخچه‌کانی پێگه نوێیه‌که‌ی زانکۆکه، که ده‌که‌وێته نێوان نه‌جه‌ف و کوفه، به‌ڕیوه‌چوو.
ئاهه‌نگه‌که به ئاماده‌بوونی دکتۆر عه‌بد عه‌لی تائی جێگری یه‌که‌می وه‌زاره‌تی خو‌ێندنی باڵا و ژماره‌یه‌کی زۆر له خێزانی قوتابییه ده‌رچووه‌کان و مامۆستاکانیان، ده‌ستی پێ‌کرد. له‌پاش ئاماژه‌کردن به ناوی به‌شه ده‌رچووه‌کان، بڕیاری ئه‌نجومه‌نی زانکۆ بۆ به‌خشینی پله زانستییه‌کان (هه‌رکه‌س به پێی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی) خوێندرانه‌وه له‌گه‌ڵ دابه‌شکردنی دیارییه‌کان به‌سه‌ر قوتابییه یه‌که‌مه‌کاندا.
د.عه‌بدولڕه‌زاق عیسا، سه‌رۆکی زانکۆی کوفه گووتی، "ئه‌م خولی ده‌رچوونه نزیکه‌ی 2214 قوتابی کوڕ و کچی له خۆ گرتووه که نماینده‌ی ده کۆلیژی جیاوازن، له‌وانه: پزیشكی، ئه‌ندازیاری، ده‌رمانسازی، زانست، په‌روه‌رده‌ی کچان، ئاداب، کشتوکاڵ، یاسا، کارگێڕی و ئابووری و فقهی ئیسلامی، ئه‌مه جگه له کۆلیژی په‌رستیاری که به‌ر له دوو ساڵ دامه‌زرا.
عه‌بدولڕه‌زاق عیسا هه‌روه‌ها ئاشکرایکرد که زانکۆکه له سالێ خو‌ێندنی نوێیدا سێ کۆلیژی تریش ده‌کاته‌وه که بریتین له زانستی ئاژه‌ڵداری (ڤیتێرنه‌ری)، په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشی و کۆمپیوته‌ر.
هه‌ستکردن به خۆشی ده‌رچوونی قوتابیه‌کان و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه زانکۆییه‌کان، ئاوێزان بوو له‌گه‌ڵ دڵه‌ڕاوکێی ئاسته‌نگه‌کانی به‌ده‌ستهێنانی ده‌رفه‌تی کارکردن له سایه‌ی زۆری ده‌رچووه‌کان و که‌می کاره میرییه‌کاندا.
فارس نه‌جم عه‌بدولحائز که پله‌ی یه‌که‌می له کۆلیژی ئاداب و پله‌ی سێیه‌میشی له‌سه‌ر ئاستی زانکۆکه به‌ده‌ستهێنا گووتی، "دڵشادم به ده‌رچوونم به‌ڵام دوودڵم له به‌ده‌ستهێنانی ده‌رفه‌تی کارکردنی تایبه‌ت به خوێندنه‌که‌م که به‌شی فه‌لسه‌فه‌یه، به‌هۆی نه‌بوونی ده‌رفه‌تی به‌هێزی دامه‌زراندن بۆ ده‌رچووه‌کانی ئه‌م به‌شه".
وه‌سه‌ن عه‌لی، ڕای خۆی کورتکرده‌وه و گووتی، "هیوای سه‌رفرازی و به‌ده‌ستهێنانی کار بۆ هه‌مووان ده‌خوازم". له کاتێکدا ئه‌حمه‌د عامری، ده‌رچوو به پله‌ی یه‌که‌م به‌سه‌ر قوتابییه‌کانی کۆلیژی زانست‌دا، ڕایه‌کی تری هه‌بوو و گووتی، "من بیر له کارکردن ناکه‌مه‌وه به‌ڵکو له به‌ده‌ستهێنانی پله‌کانی خو‌ێندنی باڵا له ماسته‌ر (ماجستێر) و دکتۆرا".
شایه‌نی باسه که زانکۆی کوفه له ساڵی 1987 به چوار کۆلیژی پزیشکی و ئیسلامی له نه‌جه‌ف و یاسا و ئه‌ندازیاریش له حله دامه‌زرا، ئێستاش له پاش 19 ساڵ له دامه‌زراندنی، ده کۆلێژی پزیشكی، ئه‌ندازیاری، ده‌رمانسازی، زانست، په‌روه‌رده‌ی کچان، ئاداب، کشتوکاڵ، یاسا، کارگێڕی و ئابووری، ئیسلامی و په‌رستیاری له‌خۆده‌گرێت.
-
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه




