رۆژی پێنج شه‌ممه حه‌ڤده‌ی مانگی ته‌مموزی ئێستا، شاندێكی حکومی باڵا سه‌ردانی که‌رکوكی كرد و كۆڕێكی کشتوکاڵی فراوانی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی که‌رکوك و فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كاندا به‌ست، له ماوه‌ی كۆڕه‌كه‌دا ئاماده‌بووان سه‌رجه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کانی بواری گه‌شه‌سه‌ندنی کشتوکاڵ و ئه‌و کێشه‌کانه‌ی که ئه‌م که‌رته به‌ده‌ستیه‌وه ده‌نا‌ڵینێت تاووتوێکرد، به‌تایبه‌تی ئه‌و زه‌ره‌روزیانانه‌ی که ئه‌م ساڵ به هۆی وشکه ساڵیه‌وه له جوتیاران که‌وتووه و دانانی باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و کێشانه‌ی رووبه‌ڕووی جوتیاران ده‌بنه‌وه.
شانده‌كه بریکاری وه‌زیری کشتوکاڵ و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی راوێژکاری وه‌به‌رهێنه‌ران له سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ژماره‌یه‌كی تر له به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی له وه‌زاره‌تی له خۆگرتبوو، سه‌ره‌ڕای ژماره‌یه‌ك له شاره‌زایانی ئه‌مه‌ریکی له بواری کشتوکاڵدا.
بریکاری وه‌زیری کشتوکاڵ مه‌هدی قه‌یسی جه‌ختی له‌وه کرده‌وه که "وه‌زاره‌ت له کاره‌کانیدا له‌پێناو قه‌ره‌بودانه‌وه‌ی جوتیاراندا له عێراق جدییه،" ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا که "وه‌رزی وشکه‌ساڵی ته‌نها کاریگه‌ری نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر عێراق نه‌بووه به‌ڵکو له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی دراوسێشدا".
قه‌یسی گووتی "لیژنه‌یه‌کی باڵا به فه‌رمانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی نوری مالیکی و به سه‌رۆکایه‌تی وه‌زیری کشتوکاڵ بۆ قه‌ره‌بوودانه‌وه‌ی جوتیاره زیانلێکه‌وتووه‌كان پێکهێنراوه، پرۆسه‌ی قه‌ره‌بوودانه‌وه‌که به شێوازێکی ورد به‌ڕێوه‌ده‌چێت و پشت به‌و راپۆرتانه ده‌به‌ستین که به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانمان له سه‌رجه‌م پارێزگاکاندا پێشکه‌شمان ده‌که‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌و خاوه‌ن زه‌ویانه‌ی که پشت به باراناو ده‌به‌ستن قه‌ره‌بوی زیاتریان ده‌درێته‌وه له‌و خاوه‌ن زه‌ویانه‌ی که له کشتوکاڵه‌که‌یاندا پشت به ئاوی رووبار و جۆگه‌ڵه‌كاندا ده‌به‌ستن".
بریكاری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه "پشتگیری جوتیاران ده‌كه‌ین بۆ دابینکردنی تۆ‌و و په‌ینی كیمیاوی، هه‌روه‌ها سندوقی تایبه‌ت به وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ كراوه‌ته‌وه كه هه‌ڵده‌ستێت به پێدانی قه‌رز به جوتیاران بۆ راپه‌ڕاندنی پرۆژه‌ی تایبه‌تی بواری كشتوكاڵی".
له لای خۆیه‌وه ئه‌ندامی ده‌سته‌ی راوێژکاری له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران موزه‌فه‌ر عه‌بود حه‌مودی گووتی که "که‌رکوك به یه‌کێك له پارێزگا کشتوکاڵیه گرنگه‌کان داده‌نرێت که عێراق پشتی پێده‌به‌ستێت، بۆیه ده‌بێت پلانی ستراتیجی تایبه‌تی بۆ دابندرێت بۆ رێگه‌گرتن له وشکه‌ساڵی که زیانی گه‌وره‌ی به جوتیاران گه‌یاندوه".
حه‌مودی داوای "له سه‌رجه‌م لایه‌نه بایه‌خداره‌کان كرد بۆ هاوکاریکردنی وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کاندا،" جه‌ختی له‌وه‌ش کرده‌وه که "له‌سه‌ر که‌رکوك و سه‌رجه‌م پارێزگا کشتوکاڵیه‌کانی تر پێویسته که لیژنه‌ی هاوبه‌ش پێکبهێنن بۆ دابینكردنی ئه‌و که‌ره‌ستانه که له بواری کشتوکاڵ و سه‌رمایه‌ی ئاژه‌ڵیدا پێویستیان پێیه‌تی،" ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا که "ئێستا ئاڕاسته‌یه‌ك له‌ئارادایه بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی شێوازی ئاودێری هاوچه‌رخ به دڵۆپه و پرژاندن".
حه‌مودی ئه‌وه‌شی ئاشکرا کرد که گفتوگۆ ئه‌نجامدراوه له‌گه‌ڵ "سه‌رۆك وه‌زیرانی تورکیا ئه‌ردۆغان له ماوه‌ی سه‌ردانه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌یدا بۆ عێراق، بۆ رێگه‌دان به رێژه‌ی یاسایی ئاوی هاتوو بۆ عێراق له‌به‌رئه‌وه‌ی که عێراق به ته‌واوه‌تی پشت به تورکیا ده‌به‌ستێت بۆ مه‌سه‌له‌ی ئاو".
سه‌رۆکی لیژنه‌ی کشتوکاڵ له پارێزگای که‌رکوك شێخ بورهان مه‌زهه‌ر ئه‌لعاسی وتی که "سه‌ردانه‌که گرنگه به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه که چاره‌سه‌ر بۆ جوتیاره‌کان بدۆزرێته‌وه. ئه‌ڵبه‌ته دوو سه‌ره‌کیترین کێشه که جوتیارانی که‌رکوك به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنن ئاو و سوته‌مه‌نیه." ئه‌وه‌شی زیادکرد که "مه‌سه‌له‌ی ئامێر و پێداویستیه کشتوکاڵیه‌کانیش هه‌روه‌ها شتی گرنگن که به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنین،" باسی ئه‌وه‌شی کرد که "له عێراق دوو ڕووباری گه‌وره هه‌یه که دیجله و فوراتن و که‌چی به‌ده‌ست که‌می ئاوه‌وه ده‌ناڵێنین".
پارێزگاری که‌رکوك عه‌بدولڕه‌حمان موسته‌فا وای ده‌بینێت که "له‌سه‌ر حکومه‌تی عێراقی و وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ پێویسته که بایه‌خ به که‌رکوك بده‌ن له بواره‌کانی کشتوکاڵ و سامانی ئاژه‌ڵیدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی که پارێزگاکه سه‌رجه‌م فاکته‌ره‌کانی سه‌رکه‌وتنی که‌رتی کشتوکاڵی تێداین".
له کۆتایی کۆبونه‌وه‌که‌دا کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانی سازدرا که تیایدا ئه‌ندامانی شانده‌كه هۆکاره‌کانی سه‌ردانه‌که‌یان بۆ که‌رکوك و گرنگی به‌ستنی کۆنگره‌یه‌كی کوشتوکاڵی تیایدا ڕوونکرده‌وه.
شایه‌نی باسه که پارێزگای که‌رکوك، 260 کم باکووری به‌غدا، به یه‌کێك له ناوچه کشتوکاڵیه گرنگه‌کان داده‌نرێت له عێراقدا و ئه‌م سه‌ردانه‌ی شانده‌که پاش ئه‌وه ده‌ێت که زیانێکی زۆر له به‌روبومی کشتوکاڵی جوتیاران که‌وت به هۆی وشکه‌ساڵی و که‌می بارانه‌وه له زستانی رابردوودا.
سه‌رنجی خوێنه‌ران
-
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه





به‌داخه‌وه من متمانه به‌و ڕاگه‌یاندنه ناكه‌م كه ئه‌وه‌ی ناوی له‌خۆی ناوه شێخ بورهان موزهیر، خواش گه‌وره‌ش له‌قورئان ده‌فه‌رموێت (پرسیار له خه‌ڵكی زانا بكه‌ن ئه‌گه‌ر بۆخۆتان نه‌زانن) له‌یه‌كچواندن نه‌بێت بۆ وته‌كانی خوار گه‌وره و ده‌ڵێم: له‌خه‌ڵكی حه‌وێجه بپرسن بۆ به‌ڵگه ئه‌گه‌ر ئێوه نه‌یناسن.