یه‌کێك له ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی که ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگای عێراقی به خۆیه‌وه ده‌یبینێت بریتیه له فراوانبوونی داخوازیی و داواکارییه‌کانی ژنان سه‌باره‌ت به مافه‌کانیان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ر هه‌وڵێك که ده‌یه‌وێت ببێته کۆسپ و ڕێگر له به‌رده‌م توانای هزریی تایبه‌ت به ئه‌وان. هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، ڕێکخراوی ئافره‌ت و دواڕۆژ، که یه‌کێکه له ڕێکخراوه عێراقییه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، کۆڕێکی تاووتوێکردنی ڕێکخست که ژماره‌یه‌ك له نوێنه‌رانی ڕێکخراوه ناحکومییه‌کان و که‌سایه‌تییه سیاسییه‌کان ئاماده‌ی بوون بۆ هه‌موارکردنی هه‌موو ئه‌و شێوازانه‌ی تووندوتیژیی که ڕووبه‌ڕووی ئافره‌تان ده‌بنه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریی بۆیان له چوارچێوه‌ی دابونه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێسا پیشه‌یی و یاساییه‌کاندا.
ئه‌ندامی په‌رله‌مان خاتوو نه‌دا محه‌مه‌د ئیبراهیم، که سه‌رۆکی ڕێکخراوی ئافره‌ت و دواڕۆژه، به 'مه‌وتنی' ڕاگه‌یاند که "ئه‌مڕۆکه ئافره‌ت به ده‌ست چه‌ندین شێوازی جۆراوجۆر‌ی تووندوتیژییه‌وه ده‌ناڵێنێت، که به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بریتین له تووندوتیژیی خێزانی و کۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌یی و یاسایی، هه‌روه‌ها ئه‌و تووندوتیژییانه‌ی که ئافره‌ت به‌هۆی کرده‌وه چه‌کدارییه‌کان و ڕاگوێزانی زۆره‌ملییه‌وه دوچاریان بووه، هه‌ر بۆیه پێویسته که له لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگاوه بپارێزرێن"، جه‌ختی کرد له‌سه‌ر "گرنگیی کارکردنی ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان بۆ هۆشیارکردنه‌وه‌ی ئافره‌تان سه‌باره‌ت به مافه‌کانیان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له بواری ده‌روونیی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا هاوشانی کۆمه‌ڵگا هه‌نگاو هه‌ڵبنێن و به‌ره‌وپێش بچن".
به‌ڵام وته‌بێژی فه‌رمیی پلانی سه‌پاندنی یاسا ته‌حسین شێخلی ئاماژه‌ی به‌وه کرد که ئافره‌تان ڕێژه‌ی 60%ی کۆمه‌ڵگای عێراقی پێکدێنن و جه‌ختی کرد له‌سه‌ر "گرنگیی هه‌ستانی لایه‌نه فه‌رمییه‌کان به ڕۆڵ و ئه‌رکی سه‌رشانیان سه‌باره‌ت به پشتگیرکردن له ئافره‌تان و یارمه‌تیدانیان و دابینکردنی ده‌رفه‌ت بۆیان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن کاریگه‌ربن له پاراستنی خێزانه‌کانیان و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ژیان. ئامانجی ئه‌م جۆره کۆڕانه بریتیه له هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ها له پیاو بکات له ڕۆڵی ئافره‌ت تێبگات چونکه پیاو هۆکاری تووندوتیژیی و قوربانییه‌که‌یه".
ته‌حسین شێخلی هه‌روه‌ها گووتی "پێویسته ئێمه دووباره چاو بگێڕینه‌وه به یاساکان و بۆچوونه‌کاندا و چاکسازیی له ڕێسا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانماندا بکه‌ین، و ده‌بێت له ڕوانگه‌یه‌کی مرۆڤایه‌تییه‌وه هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ئافره‌ت بکه‌ین نه‌ك له‌سه‌ر بنچینه‌ی تووندوتیژیی و چه‌وسانه‌وه"، هه‌روه‌ها ڕوونی کرده‌وه که "مه‌به‌ست له تووندوتیژیی هه‌ر تووندوتیژیی جه‌سته‌یی نیه، به‌ڵکو هه‌ر شێوازێکی جیاوازیکردن که ده‌شێت له دژی ئافره‌تان بکرێت به مه‌به‌ستی په‌راوێزخستنی ڕۆڵی ئه‌وان و کردنیان به هاوڵاتیی پله دوو له ناو کۆمه‌ڵدا".
ته‌حسین شێخلی به‌رده‌وام بوو و گووتی "تێبینیمان کردووه که له چه‌ند ساڵی ڕابردوو جیاوازییه‌کی زۆر له‌سه‌ر ئاستی داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت ده‌رهه‌ق به ئافره‌تان کراوه، بۆ نموونه ناچارکردنیان که ده‌بێت جۆرێکی دیاریکراو جلوبه‌رگ بپۆشن که ته‌نانه‌ت خۆشیان حه‌زیان لێی نیه، ئه‌مه کارێکی ڕاست و گونجاو نیه له کۆمه‌ڵگا دیموکراتییه‌کاندا، هه‌ر بۆیه ئێمه هه‌موو جۆره شێوازێکی تووندوتیژیی ڕه‌ت ده‌که‌ینه‌وه".
خاتوو سه‌نا جه‌میل، که یه‌کێکه له قوربانییه‌کانی کرده‌وه تووندوتیژییه‌کانی چه‌کداره‌کان، که مێرده‌که‌ی له پێش دوکانه‌که‌ی خۆی له بازاڕی شۆریجه تێرۆر کراوه، ڕایگه‌یاند که باری بژێویی زۆر خراپه چونکه پێشتر پشتی به مێرده‌که‌ی به‌ستووه و کوژرانی ئه‌و به ده‌ستی تاقمه چه‌کدار و میلیشیاکان کاریگه‌رییه‌کی سه‌ختی کردۆته سه‌ر ژیانی ئه‌م و ژیانی هه‌ر سێ منداڵه‌که‌ی له هه‌موو لایه‌نێکه‌وه، ئه‌وه‌تا ئێستاکه ئه‌و له ڕێگه‌ی ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه هه‌وڵ ده‌دات بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌کی بژێویی بۆ به‌خێوکردنی منداڵه‌کانی.
به‌ڵام خاتوو جینی ڕه‌بعی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی خۆماڵیی ناوچه‌ی کازمیه داوای له حکومه‌ت و ده‌وڵه‌ت کرد که میکانیزمی پێویست دابڕێژن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئافر‌ه‌تانه‌ی به ده‌ستی تاقمه چه‌کداره‌کان دوچاری تووندوتیژیی بوون و بێوه‌ژن بوون سه‌ردانی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان بکه‌ن بۆ دابینکردنی کۆمه‌ك و یارمه‌تی بۆیان و بۆ ئه‌وه‌ی بیانپرێزێت له‌وه‌ی که بکه‌ونه هه‌ڵه‌وه و ڕووبکه‌نه کاری به‌دڕه‌وشتی، و جه‌ختی کرد له‌سه‌ر "ڕۆڵی ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان له به‌رپاکردنی گۆڕانکاریی له کۆمه‌ڵگادا و گواستنه‌وه‌ی له قۆناغی به‌کاربه‌ره‌وه بۆ قۆناغی به‌رهه‌مهێنان".
دواتر دکتۆره فائیزه باباخان، پسپۆڕی یاساکانی بواری گه‌شه‌پێدان به توانای ئافره‌تان، گووتی "ئافره‌تان به‌ده‌ست نه‌بوونی ئه‌و یاسایانه‌وه ده‌ناڵێنن که له ده‌ست هه‌موو شێوازێکی تووندوتیژیی بیانپارێزێت و ژماره‌یه‌کی زۆر یاسا و ڕێسا هه‌ن که به ئاشکرا جیاوازیکردنی نێوان ژن و پیاو په‌یڕه‌و ده‌که‌ن و ئه‌وه یه‌کێکه له دیارده‌کانی تووندوتیژیی له دژی ئافره‌تان"، داوای کرد که "دووباره‌ی پێداچوونه‌وه و چاوپیاخشاندنه‌وه به ئه‌و یاسا و ڕێسایانه‌دا بکرێته‌وه و یاسای نوێ دابڕێژرێت که داکۆکی له ئافره‌ت بکات و بیپارێزێت و له‌گه‌ڵ یاسا نیوده‌وڵه‌تییه‌کانی مافی مرۆڤ گونجاو و ته‌بابن".
دکتۆره فائیزه باباخان پێشنیاری کرد که "یاسایه‌ك دابڕێژرێت که نه‌فره‌ت له هه‌موو جۆره تووندوتیژییه‌ك بکات و هه‌روه‌ها پیاده‌کردنی به‌رنامه‌ی هۆشیارکردنه‌وه بۆ هاندانی هاوڵاتیان سه‌باره‌ت به خه‌به‌ردان له تاوانکارییه‌کانی که له دژی ئافره‌تان ده‌کرێت و ئاشکراکردنی تاوانه‌کانی ده‌ستدرێژکردنی سێکسی له دژی ئافره‌تان".
دکتۆره فائیزه ئاماژه‌ی کرد به گرنگیی کارکردن له پێناوی گۆڕینی یاسا و ڕێساکانی که له سه‌رده‌می ڕژێمی پێشوودا داڕێژراون و داڕشتنی یاسا و ڕێسای تر که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی عێراقی نوێی دیموکراتی بێت.
شایه‌نی باسه ئه‌م کۆڕانه به‌شێکن له ئه‌و کۆڕانه‌ی تاووتوێکردن که ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بۆ هۆشیارکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ به گشتی و ئافره‌تان به تایبه‌تی ڕێکیان ده‌خه‌ن سه‌باره‌ت به گرنگیی تێڕوانین له مافه‌کانی ئه‌وان به چاوێکی یه‌کسانی و ڕێگرتن له ئه‌و کرده‌وه تووندوتیژییانه‌ی که له دژی ئه‌وان ده‌کرێن.
-
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه




