به‌غدا ڕایگه‌یاند كه به‌رده‌وامی به دانوستانی ده‌دات له‌گه‌ڵ واشنتۆن سه‌باره‌ت به گه‌یشتن به ده‌ره‌نجامی باشتر بۆ ڕێكه‌وتنی ستراتیژی درێژخایه‌ن له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا. ئه‌مه‌ش له‌دوای ئه‌و دانیشتنه هات كه ئه‌نجومه‌نی سیاسی ئاسایشی نیشتمانی عێراق به‌ستی. ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی كه ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، وێڕای سه‌ركرده‌ی كوتله سیاسیه‌كان و نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌خۆ ده‌گرێت. كۆبوونه‌وه‌كه له نوسینگه‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی به‌سترا به‌مه‌به‌ستی دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ڕاڕه‌وی ئه‌و دانوستانه‌ی كه ئێستا به‌ڕێوه‌یه له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نی عێراقی و ئه‌مریكی بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنێكی ستراتیژی درێژخایه‌ن له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا.
كۆبوونه‌وه‌كه تاڵه‌بانی سه‌رۆكایه‌تی كرد و دوو كاتژمێری خایاند، له‌ماوه‌ی كوبوونه‌وه‌كه‌دا ڕاوبۆچوون له‌نێوان نوێنه‌ری كوتله په‌رله‌مانی و سیاسیه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌ندا گۆڕدرانه‌وه.
دوای ته‌واوبوون له كۆبوونه‌وه‌كه، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار نه‌سیر عانی له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا كه مه‌وتنیشی تیایدا ئاماده‌بوو گووتی، "ئه‌نجومه‌نی سیاسی ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مڕۆ سه‌باره‌ت به كارێكی زۆر گرنگ كۆبووه‌وه كه تایبه‌ته به چاره‌نوسی گه‌لی عێراق و چاره‌نوسی وڵاتیش".
عانی گووتیشی "ئه‌نجومه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ورد و جیددی بابه‌تی 'ڕێككه‌وتنامه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا' له‌گه‌ڵ ئه‌و شانده‌ی كه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌ن خۆیه‌وه هه‌ڵبژێردراوه و دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مریكی ده‌كات، تاوتوێ كرد".
عانی شاندی عێراقی كه دانوستان ده‌كات به پته‌وی ناوزه‌د كرد و گووتی، "شانده‌كه هه‌موو لایه‌نه‌كانی دانوستان و هه‌موو ئه‌و بڕگانه‌ش كه له‌سه‌ری ڕێككه‌وتوون له دانوستانیاندا له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مریكی، به ڕێگایه‌كی دروست خستیانه ڕوو و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نیش گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا".
هه‌روه‌ها عانی ڕوونی كرده‌وه كه "ئه‌نجومه‌نی سیاسی ئاسایشی نیشتمانی ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌و تیمه به‌رده‌وام بێت، له دانوستانیدا بۆ گه‌یشتن به باشترین ده‌ره‌نجامی گونجاو، له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی عێراق و به‌ده‌ستهێنانی شكۆمه‌ندی عێراق".
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه وته‌بێژ به‌ناوی حكومه‌ت عه‌لی ده‌باغ ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كه ئه‌نجومه‌ن گوێی له پوخته‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گرت له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مریكی له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه ئه‌نجومه‌نی سیاسی ئاسایشی نیشتمانی دیاری كردوون له‌پێناو شكۆمه‌ندی عێراق و به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاكانی گه‌له‌كه‌ی. حكومه‌تی عێراق داوای كرد كه سۆزی دیاریكراو و ئاسۆ و خشته‌ی كاته‌كانی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكی له عێراق دیاری بكرێن".
به‌پێی قسه‌كانی ده‌باغ، "ئه‌نجومه‌ن یارمه‌تی و پشتیوانی خۆی بۆ تیمی عێراقی دانوسان دووپات كردۆته‌وه له هه‌وڵه‌كانی بۆ پاراستنی بنه‌ما جێگیره‌كانی نیشتمان".
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق، ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی سیاسی نیشتمانی دوای چه‌ند كاتژمێرێك له كۆبوونه‌وه‌یه‌ك كه به‌گرنگ ناوه‌زه‌د كرا، له‌نێوان سه‌رۆكی عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ باڵوێز ڕایان كرۆكه‌ر و ڕێكخه‌ری كاروباری عێراق له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌دا هات. هه‌ردوو لایه‌ن په‌ره‌سه‌ندنه گرنگه‌كان و پێشهاته‌كانی كه ئێستا له‌سه‌ر ئاستی ئه‌و دانوستانه‌ی له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نی عێراقی و ئه‌مریكیدا دێنه پێش تاوتوێ كرد، له‌پێناو دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی و یارمه‌تی درێژخایه‌ن له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا.
به‌یاننامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه تاڵه‌بانی تیشكی خسته سه‌ر ئه‌و مشتومڕه‌ی ئێستا له‌نێوان كوتله سیاسیه‌كاندا هه‌یه له‌پێناو په‌ره‌پێدانی حكومه‌ت و فراوانكردنی به‌شداری تێداكردن و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان.
هه‌روه‌ها به‌یاننامه‌كه پێداگری كرد له‌سه‌ر چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵ و كۆششه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایانه‌ی كه سه‌باره‌ت به گه‌لی عێراقه‌وه گرنگن وه‌كو یاسای نه‌وت. به‌خته‌وه‌ری خۆشی به میوانه‌كه ڕاگه‌یاند سه‌باره‌ت به‌و كرانه‌وه خێرایه هه‌رێمی و عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تییه‌ی له‌گه‌ڵ عێراقدا هه‌یه و كاریگه‌ری ئه‌و هه‌نگاوه‌ش له‌سه‌ر ڕه‌وڕه‌وه‌ی سه‌قامگیری و پێشكه‌وتن له عێراقدا.
ڕێككه‌وتنی هاوكاری ستراتیژی له‌نێوان عێراق و وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا جێگای گرنگی پێدانی ناوه‌نده سیاسیه فه‌رمیه‌كانه چ له پێگه‌ی بڕیارداندا بن یاخود له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و هه‌روه‌ها میللیشدا.
-
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه




