له‌م دوییانه‌دا ڕێکخراوی قاعیده له عێراق دوچاری گورزی کاریگه‌ر بووه، سه‌ختترینیان ئه‌وانه بوون که له شاری موسڵ به‌ریانکه‌وت، کاتێك که له ئاکامی ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازییدا هێزه‌کانی عێراق تێرۆریستێکی سعودییان کوشت که سه‌رکرده‌ی شانه‌کانی ئه‌و ڕێکخراوه تێرۆریستییه بوو له ناوچه‌کانی ڕۆژئاوای موسڵ، هه‌روه‌ها ڕاپۆرته ئه‌منییه‌کانی ئه‌م دواییانه ڕایانگه‌یاندووه که ده‌ست به‌سه‌ر خانووبه‌ره‌یه‌کدا گیراوه که تێرۆریسته‌کانی موسڵ وه‌کو نه‌خۆشخانه‌یه‌ك بۆ تیمارکردنی برینداره‌کانیان به‌کاریانهێناوه، و ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که تێرۆریسته سعودییه‌که ڕاونراوه به‌ر له ئه‌وه‌ی که خۆی له ناو ماڵێکدا بته‌قێنێته‌وه، که له ئاکامدا بووه‌ته هۆی کوشتنی خۆی و چوار تێرۆریستی تر و سێ ئافره‌ت و سێ منداڵ که له ناو ماڵه‌که‌دا بوون.
له‌وباره‌یه‌وه وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق لیوا محه‌مه‌د عه‌سکه‌ری به 'مه‌وتنی' ڕاگه‌یاند که له ئاکامی ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازیی له شاری موسڵ، که گه‌وره‌ترین شاری پارێزگای نه‌ینه‌وایه له باکووری عێراق، هێزه‌کانی عێراق سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌وره‌ی ڕێکخراوی قاعیده‌ی تێرۆریستییان کوشتووه که به ڕه‌گه‌ز سعودیه.
لیوا محه‌مه‌د عه‌سکه‌ری ڕوونی کرده‌وه که له ئاکامی ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازیی له شاری موسڵ له باکووری عێراق، هێزه‌کانی عێراق 'مه‌دلول ئه‌بو حاریس'یان کوشتووه که به ڕه‌گه‌ز سعودیه، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه کرد که ئه‌بو حاریس سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌وره‌ی ڕێکخراوی قاعیده‌یه و ئه‌و لێپرسراوی شانه‌کانی قاعیده‌یه له به‌شی ڕۆژئاوای شاری موسڵ و گووتی که له ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌دا هاوسه‌ری ئه‌بو حاریس ده‌ستگیر کراوه، به‌ڵام ناسنامه‌ی ئه‌وی نه‌درکاند.
به‌ڵام وته‌بێژ به‌ناوی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی موسڵ عه‌مید خالید عه‌بدولستار، له لایه‌ن خۆیه‌وه به 'مه‌وتنی' ڕاگه‌یاند که چه‌کدارێك که‌وتۆته ته‌قه‌کردن له‌گه‌ڵ هێزه هاوبه‌شه‌کانی ئاسایش و پاش ئه‌وه‌ی ڕاونراوه ئه‌و به مه‌به‌ستی خۆشاردنه‌وه خۆی کردووه به خانووبه‌ره‌ی ناوبراودا، به‌ڵام کاتێك که سه‌ربازه‌کان ویستوویانه به شوێنی‌دا بچنه ناو ماڵه‌که هه‌ر به‌رده‌وامبووه له‌سه‌ر ته‌قه‌کردن و ئه‌مجا خۆی ته‌قاندۆته‌وه و جگه له خۆی بووه‌ته هۆی کوشتنی چوار چه‌کداری تریش که له ناوماڵه‌که‌دا بوون و ته‌مه‌نیان له نێوان 25 بۆ 40 ساڵ بووه، و سێ ئافره‌تیش که ته‌مه‌نیان له نێوان 20 بۆ 30 ساڵ بووه و هه‌روه‌ها سێ منداڵیش، به‌ڵام دوو منداڵی تر له ڕووداوه‌که ڕزگاریان بووه و نه‌کوژراون.
ئه‌ڵبه‌ته بازنه‌ی ڕێکخراوی قاعیده له عێراق ڕۆژ دوای ڕۆژ بچووکتر ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌ش له ئاکامی ئه‌و گورزانه‌ی لێیان ده‌وه‌شێنرێت، جا له ناوچه‌ی دیاله بێت یان له موسڵ، که ئه‌وه بووه‌ته ڕوودانی کۆچێکی پێچه‌وانه و هه‌ڵاتنی تێرۆریسته غه‌یره عیراقییه‌کان و که‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ئه‌وان له ناو چه‌کداره‌کانی قاعیده له عێراق بۆ پێنج له سه‌د له کۆی هه‌موو تێرۆریسته‌کان، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك، له‌وانه جیاوازیی سروشتی عێراق له ئافغانستان چونکه ئه‌وان ناتوانن له کێوه‌کانی هه‌رێمی باکوور خۆیان بشارنه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه ئاسایش به چاکی تێیاندا پارێزراوه، و عه‌شایه‌ره عه‌ره‌به‌کانی ناوچه‌ی ئه‌نبار به‌ره‌نگاریان بوونه‌ته‌وه و له لایه‌کی تریشه‌وه ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌کان له ناوچه‌ی دیاله له دژیان به‌رده‌وامه بۆ بنبڕکردنی چالاکییه‌کانیان.
شایه‌نی باسه، ده‌ستپێکردنی شکستی قاعیده و لووت شکاندنیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی هێزه‌کانی ئه‌نجومه‌نه‌کانی ڕابوون (سه‌حوه) و پیاده‌کردنی سیاسه‌تی ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانیی که مالیکی ده‌ستیپێکرد، هه‌روه‌ها زۆر له ئه‌و عێراقیانه‌ی که پێشتر به چه‌واشه‌کارییه‌کانی ئه‌وان هه‌ڵخه‌ڵه‌تابوون لێیان ته‌کینه‌وه و وازیانلێهێنان و هاتنه ڕیزه‌کانی سه‌حوه و ئاماده‌بوون بۆ دامه‌رزاندن له کاره حکومییه‌کاندا، که هه‌موو ئه‌وانه بوونه‌ته هۆکارێك بۆ که‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی کرده‌وه تێرۆریستییه‌کان.
سه‌رنجی خوێنه‌ران
نه‌فره‌تی خوا له قاعیده و لایه‌نگرانی و خوا عێراق و گه‌له‌که‌ی له به‌ڵای ئه‌وان بپارێزێت.
-
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه





مه‌سه‌له‌که ته‌نها قاعیده نیه به‌ڵکو ئه‌وانه‌شه که داڵده‌یان ده‌ده‌ن و رێگه‌یان بۆ خۆشده‌که‌ن یاری به ئاسایشی عێراقیه‌کان بکه‌ن، زۆربه‌مان خه‌به‌رمان بۆته‌وه به‌ڵام وادیاره هێشتا زۆریان ماوه، له حکومه‌ت و هه‌موو عێراقیه به‌شه‌ره‌فه‌کان داوایه که ده‌ستی ئاسنین لێیان بدرێت و به‌بێ به‌زه‌یی تاوه‌کو عێراقی نوێ جێگیر ده‌بێت ئینشائه‌ڵا، ئه‌مه نیشتمان و ماڵمانه و کێ له پێشه بۆ پاراستنی هه‌مومان، له‌عنه‌تی به‌رده‌وام له قاعیده و هاوشێوه‌کانی و هه‌موو ئه‌وانه‌شی که ناسه‌قامگیریان ده‌وێت بۆ عێراق به پشت و په‌نای خوا و سڵاوتان لێبێت.