هه‌ڵبژارده‌ی دووه‌می عێراق كه یانه‌ی هه‌ولێر نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات بردنه‌وه‌یه‌كی شایسته‌ی به‌سه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی ئۆزبه‌كستاندا به سێ گۆڵ به‌رامبه‌ر به یه‌ك گۆڵ به‌ده‌ستهێنا له پاڵه‌وانێتی پادشای تایله‌نددا كه ئێستا ئه‌نجامده‌درێت، به‌مه‌ش هه‌ڵبژارده‌كه‌مان پاڵێورا بۆ ئه‌نجـامدانی یاری كۆتایی به‌رامبه‌ر به هه‌ڵبژارده‌ی تایله‌ند.
نیوه‌ی یه‌كه‌می یارییه‌که به بێ گۆڵ كۆتایی پێهات سه‌ره‌ڕای زاڵبوونی ئاشكرای هه‌ڵبژارده‌كه‌مان به‌وه‌ی كه یاریزانانمان هه‌لی مسۆگه‌ری گۆڵكردنیان له‌ده‌ستدا، ئه‌حمه‌د سه‌ڵاح پاڵه‌وانه‌كه‌ی بوو چونكه سێ هه‌لی مسۆگه‌ی له‌ده‌ستدا پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه و زنجیره‌ی هه‌له له‌ده‌ستچووه‌كان ته‌واو بكات له خوله‌كی دووه‌می كاتی زیاده‌دا.
هه‌ڵبژارده‌ی دووهه‌ممان به سووربوون له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ده‌رگای گۆڵكردن و گواستنه‌وه‌یان بۆ یاری كۆتایی پاڵه‌وانێتی پادشا هاته نیوه‌ی دووه‌مه‌وه و هه‌ر خێرا ئه‌حمه‌د سه‌ڵاح به تۆماركردنی گۆڵی یه‌كه‌م له خوله‌كی په‌نجا و حه‌وتدا تۆبه‌ی له هه‌ڵه‌كانی نیوه‌ی یه‌كه‌م كرد و ویسام زه‌كیش به گۆڵێك جه‌ختی له‌سه‌ر شایسته‌یی عێراق كرده‌وه كه جوانترین گۆڵی پاڵه‌وانێتیه‌كه بوو له رێگه‌ی لێدانێكی وه‌ستاوی راسته‌وخۆوه كه دای به تۆڕی گۆڵه‌كه‌دا له دوورترین گۆشه‌وه بۆ گۆڵچی ئۆزبه‌كی كه هه‌وڵه‌كان و فڕینه‌كه‌ی بێسوود بوون بۆ رزگاركردنی حا‌ڵه‌ته‌كه.
هه‌ڵبژارده‌ی ئۆزبه‌كستان كاتی زۆری نه‌دا به هه‌ڵبژارده‌كه‌مان كاتێك كه ته‌نیا 4 خوله‌ك تێپه‌ڕیبوو كه یاریزانی ئۆزبه‌كی ژماره 7 جیاوازی ئه‌نجامه‌كه‌ی كه‌مكرده‌وه له‌ڕێگه‌ی لێدانی په‌نا‌ڵتیه‌وه كه ناوبژیوان به‌خشی پاش ئه‌وه‌ی كه تۆپه‌كه به‌ر ده‌ستی یاریزانی به‌رگری یاسر ره‌عد كه‌وت.
'خه‌لدوون ئیبراهیم'یش رێگه‌ی نه‌دا ئۆزبه‌كییه‌كان هه‌ناسه‌یان بێته‌وه به‌به‌را و گۆڵی سێیه‌می له خوله‌كی حه‌فتا و حه‌وتدا له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ڵبژارده‌كه‌مان تۆماركرد و به‌مه‌ش سه‌ركه‌وتنی مسۆگه‌ركرد، له‌دوای ئه‌مه‌شه‌وه جارێكی تر زنجیره‌كانی هه‌و‌ڵی به‌فیڕۆچوو گه‌ڕایه‌وه له لایه‌ن عه‌لاء فه‌یروزه‌وه كه وه‌ك جێگره‌وه‌ی موسلم موباره‌ك هه‌ستا بوو و رافید به‌در ئه‌لدین و خه‌لدوون ئیبراهیم، خوله‌كی كۆتایی یاریه‌كه‌ش هه‌لێكی له‌ده‌ستچوی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئۆزبه‌كستان به‌خۆوه بینی.
هه‌ڵبژارده‌ی دووه‌م له‌م یاریه‌دا ئه‌م یاریزانانه‌ی تیادابوو: دیدار حامید وه‌ك گۆڵچی، سه‌لام شاكر و ساماڵ سه‌عید و یاسر ره‌عد و ویسام زه‌كی (دارا موحه‌مه‌د ئه‌مین) و خه‌لدوون ئیبراهیم و ئه‌حمه‌د عه‌بد عه‌لی و رافید به‌در ئه‌لدین (شێرزاد موحه‌مه‌د) وئه‌حمه‌د سه‌ڵاح (كه‌مه‌ران موحه‌مه‌د) و مو‌سیلم موباره‌ك (عه‌لاء فه‌یروز) و لوئه‌ی سه‌ڵاح (حه‌یده‌ر قا‌ره‌مان).
هه‌ڵبژارده‌ی دووه‌ممان كه یانه‌ی هه‌ولێری عێراقی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات سه‌ركه‌وت به‌سه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای باكوردا به گۆڵێكی ویسام زه‌كی و یاری دووه‌می دۆڕاند به هه‌ڵبژارده‌ی تایله‌ندی خاوه‌ن زه‌وی و جه‌ماوه‌ر به دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر به یه‌ك گۆڵ.
-
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه




